فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر گرووپەکانی سەر بە ڕژیم لە سووریە
پێنجشەممە ۰۳-۱۲-۱۴۰۲   |  22-02-2024

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەشەمە، بە چەند مووشەک هێرش کرایە سەر باڵاخانەیەک لە ناوچەی “کەفەرسووسە”ی دەمیشق پێتەختی سووریە و لە ئاکامدا ٣ کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی چەند سەڕچاوەی سووریە، ئیسرائیل بە چەند مووشەک باڵاخانەیەکی ٩ نهۆمیی لە ناوچەی ئەمنییەتی کەفەر سووسەی دەمیشق کردە ئامانج کە نووسینگەی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لێ بووە.
هەواڵدەرییەکی فەڕانسە ڕایگەیاندووە کە خانووی چەند بەرپرسی باڵای ئەمنییەتی و چەند نووسینگە و بنکەی سەرەکیی دامەزراوە هەواڵگرییەکان و هەروەها ناوەندێکی کولتووری ڕژیم لەو ناوچەدان و هێزەکانی حیزبوڵلای لوبنان و سپای پاسداران هاتووچووی تێدا دەکەن.
میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی کوژرانی هێزەکانی سپای پاسدارانیان لەو هێرشەدا ڕەت کردووەتەوە.
ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی لە سووریە بنکەی بەرینی سەربازی بۆ هەڕەشە لە سەر وڵاتی ئیسرائیل دابمەرزێنێت.