فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هێرشی مووشەکی و درۆنیی کۆماری ئیسلامی بۆسەر بنکە و بارەگای حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکەین
دوشەممە ۲۳-۰۸-۱۴۰۱   |  14-11-2022

هێرشی مووشەکی و درۆنیی کۆماری ئیسلامی بۆسەر بنکە و بارەگای حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکەین

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی مانگی خەزەڵوەر بەرابەر لەگەڵ ١٤ی نوامبری ٢٠٢٢ دەوروبەری کاتژمێر ٩ی بەیانیی بۆ جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی بە مووشەک و درۆن ئۆردووگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیکیی شاری “کۆیە” و سازمانی زەحمەتکێشانی کوردستان لە “زڕگوێزەڵە”ی هەڵکەوتوو لە باشووری شاری سلێمانیی کردە ئامانج. هەتا ئێستا پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیانی لەدەست داوە و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون و هەروەها بیناکانی ئەم دوو حیزبەش زەرەر و زیانیان بەر کەوتووە.

ئەم هێرشە جەنایەتکارانەیەی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە دوو مانگ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی جەماوەری وەگیانهاتوو لە هەژاری و بێکاری و زەبروزەنگی سیاسی تێپەڕیوە و کۆماری ئیسلامی سەرەڕای جەنایاتی بێ ئەژماری نیسبەت بە خەڵکی ناڕازی، لە بەرامبەر ئەم ئاخێزەدا زەبوون و داماوە. هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئەمڕۆش هەوڵێکی بێهوودەیە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵک لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەی کە گشت دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی کردووەتە نیشانە و بەرەو ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە هەنگاو هەڵدەگرێت. بێگومان ئەم ڕاپەڕینە لەگەڵ گەیشتن بەم ئامانجەی نەتەنیا خەڵکی ئێران بەڵکوو خەڵکی گشت ناوچەکەش لە چنگ کۆماری ئیسلامی ڕزگار دەکات.

کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای سەرکۆنە کردنی هێرشی داگیرکەرانە و تاوانکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ئۆردووگای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە کوردستانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت کە وەها هێرشێکی جەنایەتکارانە ناتوانێ پاشەکشە بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و دژەدەسەڵاتی خەڵکی خەباتکاری ئێران بکات و لە خەڵکی کوردستانی عێراق چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە وێڕای ئیدانەکردنی ئەم هێرشانە، هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ خەباتی خەڵکی کوردستانی ئێران دژبە تاوانەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەنن.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١

١٤ی نوامبری ٢٠٢٢