بە دوای هێرشی نیزامی رووسیە بە ئوکراین لە زۆریەک لە وڵاتانی دنیا ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە دژی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە دژی ئینسانیە وەدەنگ هاتن و رژانە سەر شەقامەکان.
لە تاران سەرەڕای هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی لە لاینگری لە شەڕ و پشتیوانی لە شەڕاژۆیی دەوڵەتی زل هێزی سەرمایەداری رووسیە، ئێوارەی شەممە ٧ی رەشەمە ژماریکی بەرچاو لە خەڵکی ئازادی خواز و ناڕازی و تووڕە لە شەڕ وێرانی، کۆبوونەوەی ئیعترازیان وەڕێ خست. ئەوان لە بەرابەر باڵوێزخانەو رووسیە لە تاران کۆبوونەوە و بە دانی درووشمی دژی پوتین دژایەتی خۆیان لە دژی شەڕ و هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیش دەربڕی و هاو پشتی و هاوغەمی خۆیان لە گەڵ خەڵکی لێقەوماوی ئوکراین نیشان دا. جێی ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەتیەکانی رژیم هێرشیان بردە سەر خۆپیشاندەران و بڵاوەیان پێ کردن.