سەر لەبەیانی ڕۆژی سێشەمە ۱۳ی پووشپەڕ، ژمارەیەک لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی “نازیلا مەعرووفیان” ڕۆژنامەوان و تەواوی کەرەستەی پێوەندییەکان لەوانە لاپتۆپ و موبایلەکەیان زەوت کردووە. هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە نازیلا مەعرووفیانیان ڕاگەیاندووە ئەم ڕۆژناموانە دەبێت ڕۆژی شەمە ١٧ی پووشپەڕ، بڕوات بۆ دادگای ئێڤین. هێرشی لانیکەم ١٥ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و زەوت کردنی کەرەستەکانی نازیلا مەعرووفیان لە حاڵێکدا ڕووی داوە کە ئەم ڕۆژنامەوانە ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕ لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی کۆمەڵێک بابەت لە تویتەرەکەیدا، لەسەر شێوەی دەسەڵاتداری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و توندوتیژی بە دژی ژنان لە لایەن حکوومەتەوە، ناڕەزایەتی دەربڕیبوو وداوای لە ژنان و هاووڵاتیانی دیکە کرد، لەبەر “ترس” لە ئاشکرا کردنی چیرۆکەکانیان نەترسن.