هێرشی هێزەکانی پۆلیس بۆ سەر خۆپیشاندانی ژنان لە کێنییا
چوارشەممە ۲۱-۰۹-۱۴۰۳   |  11-12-2024
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ڕوویتێرز، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەز، پۆلیسی “نایرۆبی” پایتەختی کێنییا، بە مەبەستی بڵاوەپێکردن بە خۆپیشاندانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی لەدژی ژنان، بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بە سەدان خۆپیشاندەر لە نایرۆبی کە بە درووشمی “کوشتنی ژنان ڕابگرن” هاتبوونە سەر شەقامەکان، خوازیاری کۆتایی هێنان بە کوشتن و ئازاری ژنان لەم وڵاتە بوون. بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیسی کێنییا، لە مانگی ئاگوستەوە هەتا ئێستا ٩٧ ژن لەم وڵاتە کوژراون کە زۆربەیان لە لایەن هاوژین یاخود کەسانی نزیکیانەوە بووە. شایانی باسە، لە ئەنجامی دەخالەتی توندووتیژانەی پۆلیس، خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس تێکهەڵچوون و بەهۆیەوە، چەندین کەس لە خۆپیشاندەران برینداربوون.