
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە ئیرلەندی باکوور، هێزەکانی پۆلیس بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی پلاستیکی هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شەوی سێشەممە لە دووهەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکان، بەهۆی گڕژی و ئاڵۆزییەکان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیس، لانیکەم ١٧ پۆلیس برینداربوون. شایانی باسە، هەتا ئێستا بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ئیرلەندی باکوور، بەسەدان خۆپیشاندەر برینداربوون و پێنج کەس دەستبەسەر کراون و ٢٢ کەس لە هێزەکانی پۆلیسیش لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی ناڕازییان، بریندار کراون. جێگای ئاماژەیە، ئەم خۆپیشاندانانە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، تەنیا چەند کاتژمێر دوای ئامادەبوونی دوو کوڕی تازەلاو لە دادگا کە بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێک دەستبەسەر کرابوون، سەری هەڵدا و هەروا بەردەوامە.