ڕۆژی هەینی ٣ی خاکەلێوە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئارمان ساعیدپەناە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئارمان ساعیدپەناە، ژمارەی ئەو هێزە ئەمنییانەی بەمەبەستی دەستبەسەرکرانی ئەو هونەرمەندە نێردرابوون نزیک بە سەد کەس بوون.
ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە هەوڵی ئەو هێزانە بۆ دەستبەسەرکردنی ناوبراو بێئاکام بووە و ئارمان ساعیدپەناە پێش گەمارۆدانی ماڵەکەی، ماڵێی بەمەبەستی ڕۆیشتن بۆ شوێنێکی نەزانراو جێ هێشتووە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر تەواوی کەرەستە تایبەتییەکانی ناوبراو بریتی لە هاردی کامپیوتێرەکەی و باقی کەرەستەکانی داگرتووە.
هەوڵی ئەو هێزانە بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو هونەرمەندە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەممە لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە نەورۆز لە ئاوایی ئەوێهەنگی سەر بە شاری سنە، بە خوێندنەوەی سروودێک ڕوو لە ئامادەبووان وتبووی کە “ئیزن نادەن بخوێنم، لەحاڵێکدا کە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز مۆڵەتنامەی ناوێت.”