کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢ی گەلاوێژ، هێزە چەکدارەکانی ڕژیم هێرشیان کردووەتە سەر گوندی “نێ”ی سەر بە شاری مەریوان و بەهۆی تەقەی ئەو هێزانەوە، ژمارەیەک لە خەڵکی ئەو گوندە و بەتایبەت ژنێک بە ناوی “ئەسرین کانیسانانی” بریندار بوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژمارەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم کە ئەم هێرشەیان کردووەتە سەر ئەو گوندە، زیاتر لە چل کەس بوون و بە چەند ئۆتۆمبێلێکەوە چوونەتە ناو گوندەکە، هەروەها لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی کاسبکاران، هاوکاتیش تەقەیان لە ماڵ و دووکانی خەڵکی گوندەکە کردووە و دۆخێکی بەتەواوەتی ئەمنییەتی و میلیتاریزەیان هێناوەتەوە ئاراوە. شایانی باسە، هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە کاتی ئەو هێرشەدا، زیانی زۆریان بە دووکان و ماڵی هاووڵاتییانی گوندی نێ گەیاندووە و لە کاتی بەرەنگاریی دانیشتووانی ئەو گوندە، هێزە حکوومەتییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە و ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە.