ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەکان کاتژمێر شەشی بەیانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی موختار ئەسەدی، لە کاتێکدا کە ناوبراو لە ماڵ نەبووە، بە گەڕان و پشکنین و بەکارهێنانی توندوتیژی، ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ ژن و منداڵ و هەروەها بۆ دراوسێکانی ناوبراو دروست کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان سەرەڕای ئەوەیکە موختار ئەسەدی لە ماڵەکەی خۆیدا نەبووە، چوونەتە ماڵەکەیان و تەنیا مەبەستیان لە چوونه ژوورەوە، دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بووە. جێگای ئاماژەیە، موختار ئەسەدی یەکێک لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری سنەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن ئیدارە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە و لە لایەن دەزگای دادوەری بە حوکمی بەندکران مەحکووم کراوە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا بە بڕینی مووچەی خانەنشینی لە کار دەرکراوە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕووی لە کشتوکاڵی کردووە.