
ڕۆژنامەی “زە سەن”ی بریتانیا بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندان لە ناوەندی شاری فیلاخ، لە باشووری ئۆتڕیش، پەناخوازێکی سووریی تەمەن ٢٣ ساڵ، لە ناکاو بە چەقۆ پەلاماری خەڵکی ناو مەیدانی سەرەکیی شارەکەی داوە و لە ئەنجامدا تازەلاوێکی تەمەن ١٤ ساڵیی کوشتووە و پێنج کەسی دیکەشی بریندار کردوە.
وتەبێژی پۆلیسی شاری فیلاخ، بە کەناڵی گشتیی تەلەڤزیۆنی ئۆتڕیش ORFی ڕاگەیاند، ئەمە ڕووداوێکی یەکجار ترسناکە، تا ئێستە نازانین تاوانبارەکە بۆچی ئەو کارەی کردووە و ئایا بە تەنیا بووە یان کەسی دیکەشی لەگەڵ بووە؟ هەروا ئێمە لەوە دەکۆڵینەوە کە ئایا هێرشەکە کارێکی تیرۆریستی بووە یان نا؟” حەفتەی ڕابردووش، کەسێک لە شاری مۆنیخی ئاڵمان، بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی بە کۆمەڵێک خۆپێشاندەردا کێشا و لە ئەنجامدا کەسێک مرد و ٢٨ کەسیش بریندار بوون کە باری تەندروستی دوو کەس لە بریندارەکان ناجێگیرە ڕاگەیەندراوە. شایانی باسە، هێرشبەرەکە لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە.