ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوە لانیکەم ٢٠ هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان ئەنجامدراوە، لەم نێوەدا پێنج قوتابخانەی شاری بۆکان کراونەتە ئامانج. شارەکانی گیەڵان، کەرەج، تەورێز، خوڕەم ئاباد، دزفوول، ئیسفەهان، سەقز، ئورمیە، سنە، ڕەوانسەر و کرماشان ئەو شارانەی دیکەن کە ئەم هێرشانەیان تێدا ئەنجامدراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوە قوتابخانە کچانەکانی فەجر، عیسمەت، ستایش، شاهد و هونەرستانی شەرەف لە شاری بۆکان کرانە ئامانجی هێرشە کیمیاییەکان.
نیان کەریمی، قوتابی بەشی پەروەردەی جەستەی هونەرستانی فەجری بۆکان، بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە بە شێوەیەکی خێرا وئۆرژانسی بۆ نەخۆشخانەیەک لە ورمێ گوازرایەوە.
هاوکات لەگەڵ هێرشی کیمیایی لە بۆکان، هەلیکۆپتەری سەربازی بەسەر ئاسمانی ئەم شارە دەسووڕانەوە و هێزەکانی سەرکوت لە شوێنە گشتییەکان جێگیرکرابوون.
هەروەها لە شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان، هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابخانەی ناوەندی ١٧ی شەهریور، هونەرستانی ئەندێشە و دوو قوتابخانەی دواناوەندی عیسمەت و خەدیجەی کوبرا.
دوو قوتابخانە لە شاری کەرەج کرانە ئامانجی هێرشی کیمیایی سیستەماتیک، کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم گازە کیمیاییانەدا بەڕێوەبەری قوتابخانەی کچانەی محەممەد باقر ڕێگری لە چوونە دەرەوەی قوتابییەکان کردووە و لە قوتابخانەی “جەعفەر سادق”یش ڕێگری لە بردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ناو کلاسەکان کراوە.
قوتابخانەی ئاسمانی شار لە تەورێز یەکێکی دیکە لەو قوتابخانانە بوو کە هێرشی کیمیایی کرایە سەر و بۆ ماوەی کاتژمێرێک ئیزن بە قوتابییەکان نەدرابوو کلاسەکانی خوێندن بەجێبهێڵن.
هەروەها لە شاری خوڕەم ئاباد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گاز لە دواناوەندی کچانەی بنت الهدی سەد ژمارەیەکی زۆری قوتابی ژەهراوی بوون و نامەی هەڕەشەئامێز بە نێوەڕۆکی “پابەندبوون بە یاسای حیجاب” بۆدایک باوکی قوتابییان ڕەوانە کرابوو.هاوکات لە شاری سنە، هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابخانەی کچانەی نەسیبە. بەوتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، لانیکەم ٨ قوتابی ئەم قوتابخانەیە ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.
لە درێژەی ئەم هێرشانەدا، قوتابخانەی “ام السلمە” لە شاری دیزفوول، قوتابخانەی مەولانا لە شاری ورمێ، قوتابخانەی پارسا لە ئیسفەهان و دواناوەندی کچانەی موعەلم لە کرماشان کرانە ئامانجی هێرشی کیمیایی و ژمارەیەک قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە. هەروەها قوتابخانەی ناوەندی کچانەی فەرهەنگ لە ڕەوانسەر کرایە ئامانج و بەهۆی ژەهراوی بوونەوە لانیکەم دوو قوتابی بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.