
ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی مانگی جۆزەردان، سێهەمین ڕۆژی کۆبوونەوەی بەرینی مامۆستایانی خانەنشین لە بەرامبەر بینای “سازمانی بەرنامە و بوودجە”ی ڕژیم لەناو گەمارۆی ژمارەیەکی زۆر لە لیباس شەخسییە ئەمنیەتییەکان و هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی درێژەی بوو. لەم ڕۆژەشدا هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم و لات و چەقۆکێشەکانی حکوومەتی ئیسلامی هەوڵیان دا وتار و دروشمی ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینان بشێوێنن.
ئەوە لە حاڵێکدابوو کە ڕۆژی پێشتری، ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هەزاران کەس لە ژنان و پیاوانی خانەنشین لەگەڵ هێرشی وەحشیانەی مەئموورانی لیباس شەخسی و گاردی ویژەی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بووەوە. ئەم هێزە بەکرێگیراوانەی ڕژیم بەوپەڕی بێشەرمییەوە دەستیان کرد بە توندوتیژی و لێدان و دەستبەسەرکردنی ژنان و پیاوانی بەساڵاچوو. ئەو ئینسانانەی کە ساڵانێکی زۆر کاریان کردووە و زەحمەتیان کێشاوە و خزمەتیان بە منداڵان و ئەم کۆمەڵگایە کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە هێرش بۆسەر کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی خانەنشینان لە تاران، لانیکەم حەوت کەسیان دەستگیر کرد کە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی توندی خانەنشینان بووەوە و مەجبوور بوون ئازادیان بکەن. ئەم ئینسانە شەریفانە زیاتر لە دوو ساڵە سەرەڕای لەسەرێ بوونی تەمەنیان مەجبوورن لە گەرما و سەرمای تاقەت پڕووکێندا بێنە سەر شەقامەکان. بە دەنگی ڕەسا دژبە بارودۆخی خراپی ژیانیان ناڕەزایەتی دەربڕن و خواست و داخوازییەکانیان گەڵاڵە بکەن.
هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بۆسەر ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی خانەنشینان بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی ڕێکخراوە سینفی و کرێکارییەکان بووەتەوە. لەم پەیوەندییەدا شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی مانگی جۆزەردان، وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆسەر کۆبوونەوەی خانەنشینان و تەئکید لەسەر مافی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی، ڕایگەیاند کە “خانەنشینان لە ناو گەمارۆی هێزی سەرکوتدا لەئاست کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەت، درێژە بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەدەن”. “شۆرای خانەنشینان”یش لە کەناڵی تێلێگرامیی خۆیدا، وێڕای پشتیوانی کردن لە خانەنشینان و بڵاوکردنەوەی چەندین وێنە لە حزووری بەرچاوی هێزەکانی یەگانی ویژە لە دەوروبەری کۆبوونەوەکەیان، هێرشی هێزەکانی ڕژیمی بۆسەر ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە گەورەیەی، گۆشەیەک لە بێ حورمەتیی حکوومەتی ئیسلامی بە خانەنشینان وەسف کرد. ڕێکخراوی “یەکیەتیی خانەنشینان”یش لە کەناڵی تێلێگڕامیی خۆیدا، لە پەیوەند لەگەڵ هێرشی ڕۆژی سێشەممەی پۆلیس بۆسەر کۆبوونەوەی خانەنشینان، نۆسیی: “کاتێک پۆلیس بە توندوتیژییەوە دێتە مەیدان، بەو مانایەیە کە داوای مافی خۆتان مەکەن و لێگەڕێن با بەرپرسان دزیی خۆیان بکەن”.
ناڕەزایەتیی شەقامی خانەنشیانی فەرهەنگی و غەیری فەرهەنگی لەماوەی هەفتەی ڕابردوو لە شارەکانی دیکەش درێژەی بوو. ڕۆژی دووشەممە ٢١ی مانگی جۆزەردان خانەنشینانی موخابرات لە شارە جۆراوجۆرەکانی وەک ڕەشت، خورەم ئاباد، ئیسفەهان، تاران، زەنجان، بەندەرعەباس، بیجاڕ، سنە، تەورێز و چەند شاری دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرتاسەرییان بەڕێوەبرد. ڕۆژی سێشەممە لە کرماشانیش خانەنشینانی موخابرات، تەئمینی ئیجتماعی، علوومی پزیشکی بەشێوەی هاوبەش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپاکرد.
داخوازیی ئابووریی خانەنشینان لەم بارودۆخەدا کە دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران هەژاری و نەهامەتیی بەسەریاندا سەپاندووە بریتییە لە: بردنەسەری حقووق بەپێی ڕێژەی تەوەرۆم و هەزینەی سەبەدی مەعیشەی بنەماڵەیەکی ئاسایی، هاوسان کردنی حقووقی خۆیان لەگەڵ کارمەندانی شاغڵ و جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشە و دەرمان و خزمەتگوزاریی بێبەرامبەر. خانەنشینان بەشێوەی بەردەوام بە حزوور لە شەقام و کۆبوونەوە لە بەرامبەر ئیداراتی دەوڵەتی و بە وتنەوەی ئەم دروشمانە پەیگیری داخوازییەکانیان بوون: “هێزی ئێمە یەکگرتنامە، ڕیزبەندی مافی ڕەوامانە”، “بێکاری، تەوەرۆم بەڵای گیانی خەڵکە”، “ڕووسەری ڕەها کە، فکرێک بە حاڵمان بکە”، “کرێکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێ – زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ”، “کاندیدی درۆزن، کوا وادە و بەڵێنت؟”، “ئەوەی بەرەنگاری ئەهلی قەڵەم بووەوە، شکستی هێنا”.
قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و داماویی حکوومەتی ئیسلامی لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانە، بارودۆخی ژیانی خانەنشینانیشی خراپتر کردووە. سەرۆکی ناوەندی خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لە ساڵی ١٤٠٢ دانی بەوە دانا کە حقووقی مانگانەی ٧٠ لەسەدی خانەنشینان بە چەند منداڵ و خانەوادەوە، ٧ تا ٨ ملیۆن تمەنە. وە ئەوەش یانی حقووقی سێ بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری. حقووقێک کە تەنها بەشی هەزینەی ژیانی دە ڕۆژی مانگێکیان دەکات. لە کاتێکدا کە بەپێی ئامارەکانی ناوەندە ماڵییەکان ڕێژەی تەوەرۆمی ساڵی ڕابردوو ٤٧ لەسەد ڕاگەیەندرابوو، ڕژیم حقووقی خانەنشینانی تەنها ٢٠ لەسەد زیاد کرد. هەروەها سەرەڕای بەڵێنی درۆینەی ڕەئیسی بە خانەنشینان سەبارەت بە جێبەجێکردنی خواستەکانیان، بەپێی ڕاپۆرتی ئیلنا دەوڵەت مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو گەڵاڵەی “هاوسانسازیی حقووقی خانەنشینان و کارمەندان”یشی کە پێشتر دابووی بە مەجلیس، وەرگرتەوە. چونکە بە ئیعترافی سەرۆکی سازمانی بەرنامە و بوودجەی ڕژیم، “چارەسەرکردنی کێشەی خانەنشینان لە ئەولەویەتی دەوڵەتێکی پڕ لە ژانەسەری ئابووریدا نییە”. کەوابوو حکوومەتی داڕماوی ئیسلامی لەم ماوەیەدا نەیتوانیوە هیچکام لە خواستەکانی خانەشینان وەدی بێنێت و بایەخی بە ناڕەزایەتیی ئەم ئینسانە شەریف و زەحمەتکێشانە نەداوە. بەڵام لەئێستادا و لەگەڵ نزیک بوونەوە لە گاڵتەداڕی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆک کۆمار لە دوای مەرگی ڕەئیسیی قاتڵ، نیگەرانیی حکوومەتی ئیسلامی زیاتر بووە. ڕژیم بۆ ڕێگری لە کاریگەریی ناڕەزایەتییەکانی شەقام لەسەر بەشداری نەکردنی زیاتری خەڵک لەم شانۆ ئینتخاباتییە، هەوڵ دەدات لە بەڕێوەچوونیان ڕێگری بکات. تا لەوە زیاتر مۆری نامەشرعبوون لە ناوچاوانی ئەم دەسەڵاتە دژەئینسانییە نەدرێت.
ڕژیمی داماوی کۆماری ئیسلامی کە لە هەموو بوارێکدا گەیشتووەتە بنبەست، لەئاست درێژەدانی دەسەڵاتەکەی یەکجار نیگەرانە. هەربۆیە لە سەروبەندی شانۆی ئینتخاباتی سەرۆک کۆماردا، بۆ ڕێگری لە ئاشکرابوونی زیاتری ڕسوایی و گەندەڵی و دزییەکانی، فەرمان و بڕیاری سەرکوتگەرانەی بێوێنەی دەرکردووە. بۆ نموونە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک کە لە ڕوانگەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە ببێتە هۆی “سەرلێشێوانی خەڵک”، سیانەمایی و هاندان بۆ بایکۆتکردن و کەمکردنەوەی بەشداری لە ئینتخابات و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن، تاوان پێناسە دەکرێت و هەڕەشەی کردووە کە پەروەندەی قەزایی پێکدەهێنێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم گوشار و بەربەستانە خانەنشینان بڕیاریان داوە کە لە هەموو بارودۆخێکدا درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن و بە دروشمی “وا مەزانن هەر ئەمڕۆیە، قەرارمان هەموو ڕۆژێیە” وڵامیان بە هەڕەشەکانی حکوومەتی ئیسلامی داوەتەوە. واقعیەت ئەوەیە کە ڕزگاریی خانەنشینانیش لەو ژیانە فەلاکەتبارەی کە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران بەسەریانیدا سەپاندووە تەنها لەڕێگەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵ و تاوانکارەوە دێتە دی.