
لە وێستگەیەکی سەرەکی شاری هامبۆرگ لە باکووری وڵاتی ئاڵمان، ژنێکی ئاڵمانی بە چەقۆ هێرشی کردە سەر خەڵک و بەهۆیەوە ١٨ کەس بریندار بوون.
میدیاکانی ئاڵمان بڵاویان کردەوە، ژنێکی ئاڵمانی تەمەن ٣٩ ساڵ، بەچەقۆ هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتییان و لە ئەنجامدا ١٨ کەس برینداربوون، لەوانە چوار کەسیان ژیانیان لە مەترسیدایە، هەروەها دوای هێرشەکە هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هێرشکارەکەیان دەستگیر کردووە.
رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاوی کردۆتەوە کە ئەو ژنەی هێرشی کردۆتە سەر خەڵک، لای پۆلیس ناسراو بووە و نەخۆشی دەروونی هەیە و لە نەخۆشخانەی دەروونی چارەسەری بەردەوام وەردەگرێت. جێگای ئاماژەیە، هێرشکردنە سەر خەڵک بە چەقۆ لە ئاڵمان، زیادی کردووە و هەفتەی ڕابردووش، کەسێک لە شاری بیلفێلد بە چەقۆو هێرشی کردبووە سەر گروپێکی گەنجان و پێنج کەسی بریندارکردبوو.