
کرێکارانی گرووپی میللی فوولادی ئەهواز، ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤، بۆ هەشتەمین ڕۆژی بەردەوام لە بەرامبەر تالاری کۆبوونەوەکانی شیرکەت، دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کرێکارانی ئەم دامەزراوەیە هێشتا حەقدەستی مانگی گەلاوێژیان پێ نەدراوە. بابەتێک کە لە سەروبەندی کۆتایی مانگی خەرمانان، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر خۆیان و بنەماڵەکانیان. هەروەها کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و نادیاربوونی داهاتووی شیرکەت، نیگەرانی زۆری بۆ کرێکارانی ئەم ناوەندە پێکهێناوە. کرێکارانی ناڕازی لە کۆبوونەوەکانیاندا، خوازیاری جێبەجێ کرانی خواستەکانیان لەوانە: پەرداختی خێرای حەقدەستە دواخراوەکانیان، دابین کردنی بیمەی تەکمیلی کارامە، پێشگرتن بە دواخستنی حەقی بیمەکان، باشترکردنی بارودۆخی گرێبەستەکان، خستنەگەڕی خێرای هێڵەکانی بەرهەمهێنان و ڕوونکردنەوە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی شیرکەت بوون.