هێزە ئەمنییەکانی سەقز، بە فێڵی “سکاڵای ڕوووداوی هاتوچۆ”، وێڕای بانگهێشتی فایەق یووسفی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی “هەڵۆ” و زیندانیی سیاسیی پێشوو بۆ یەکێک لە کەڵانتەرییەکانی شاری سەقز، هێرشیان کردە سەر ماڵی ناوبراو و دەستیان بە پشکنینی ماڵ و ماشینەکەی کرد.
فایەق یووسفی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا، ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز، لە لایەن کەڵانتەری ١١ی سەقزەوە پێوەندییان لەگەڵ گرتووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە سەبارەت بە ڕووداوێکی هاتوچۆ سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و خۆی بەو شوێنە بناسێنێ. لە درێژەدا، کاتژمێر ١١ی شەو، کاتێک کە فایەق یووسفی لە ماڵ نەبووە، ١٥ کەس لە هێزە لیباس شەخسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و دەستیان بە پشکنینی ماڵ و ماشینەکەی کردووە. شایانی باسە فایەق یووسفی لە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٨، لە لایەن ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە ١٠ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو کە ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٦ مانگ کەم کرایەوە. فایەق یووسفی لە ١ی خەزەڵوەری ١٣٩٩، بە مەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی بەندکرانەکەی بۆ زیندانی ناوەندی سەقز گوازرایەوە و لە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠، دوای تێپەڕکردنی ماوەی سزاکەی لە زیندان ئازاد بوو.