ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، سەڕەرای جێگرکردنی هێزێکی زۆر لە چەکدارانی سپای پاسداران، خەڵکی شۆڕشگێڕی مەهاباد لە نارەزایەتی و خۆپیشاندان بەردەوامن و بڕیاریان داوە هەتا گەیشتن بە ئازادی دەست لە تێکۆشان هەڵنەگرن.
لەو پێوەندییەدا دەستەیەک لە هێزەکانی گاردی ویژەی رژیم لە هەوڵێکی فریودەرانەدا لە گەڕەکی “بەری شیلانان” چوونەتە نێو خەڵک و وتوویانە ئێمە بۆ سەرکوتی خەڵک نەهاتووین و کێشەیەکمان لەگەڵ خەڵک نییە و ئەوە بەکرێگیراوەکانن کە تەقە لە خەڵک دەکەن. ئەو هەوڵەی هێزەکانی ڕژیم لەحاڵێکدایە کە لە گەڕەکانی دیکەی مەهاباد تەقە لە خەڵک دەکەن و بە توندترین شێوە لە هەوڵی سەرکوتکردنی خەڵکدان. خەڵکی وشیاری مەهاباد ڕایانگەیاندووە کە ئێمە فریوی ئەو پیلانانەی ڕژیم ناخۆین.
شایانی باسە کە هەتا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباددا، دەیان لاوی ئەو شارە بە دەستی هێزەکانی ڕژیم گیانیان بەخت کردووە و بە سەدان کەسیش بریندار بوون.