فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵی بابولمەندەب لە ڕێگەی حووسییەکانەوە
چوارشەممە ۱۸-۰۶-۱۴۰۵   |  09-09-2026

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەی کەنداو لە نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا، حووسییەکانی یەمەنیش هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر هێزەکانی دەوڵەتی یەمەن کە لە لایەن عەرەبستانی سعوودییەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، چڕتر کردووەتەوە. ئەم تێکهەڵچوونانە ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، بە هێرشی هاوکاتی زەمینی، مووشەکی و درۆنیی حووسییەکان بۆ سەر سێ ناوچە لە ڕۆژاوای “تەعز” و باشووری بەندەری “حودەیدە” دەستی پێکرد. ئامانج لەم هێرشانە، کۆنترۆڵکردنی بەرزاییە ستراتیژییەکانی زاڵ بەسەر ڕێڕەوی باشووری پارێزگای “تەعز” و هەروەها کۆنترۆڵکردنی شاری بەندەریی “ئەلمەخا” لە باکووری گەرووی “بابولمەندەب” لە دەریای سووردا بوو. گەرووی ستراتیژیی “بابولمەندەب” کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی عەرەبستانی سعوودی و هێزە ناوخۆییەکانی یەمەندایە، بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەیەوە بە توندی چاودێری دەکرێت و دەپارێزرێت. ئەم گەرووە، ئوقیانووسی هیند لە ڕێگەی دەریای سوور و کەنداوی عەدەنەوە بە کاناڵی سوێس و دەریای ناوەڕاست و ئەورووپاوە دەبەستێتەوە. پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لەم گەرووەدا، بەتایبەت پاش ئەوەی هاتوچۆی نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز بەهۆی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئەمریکاوە تووشی ئاستەنگ بووە، بۆ بازرگانیی جیهانی و بەتایبەتیش بۆ عەرەبستانی سعوودی لە هەناردەکردنی نەوتدا گرنگییەکی یەکجار زۆری پەیدا کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی “ئەلعەرەبیە”، لە ڕەوتی تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، ١٢ و ١٣ی خەرمانان، لانیکەم ١٢٩ کەس لە هێزەکانی هەردوو لا لەم شەڕانەدا کوژراون و ژمارەیەکی زۆرتریش بریندار بوون. بەداخەوە لە درێژەی ئەم شەڕ و پێکدادانەدا، نزیکەی ٧٩٠ بنەماڵەی دانیشتووی دەوروبەری ناوچەکانی شەڕ، ناچار بە جێهێشتنی ماڵ و حاڵی خۆیان بوون و ئاوارە بوون و ژمارەیەک لە خەڵکی سڤیلیش گیانیان لەدەست داوە. بۆ نموونە لە نزیک شاری “تەعز”، بەهۆی بەرکەوتنی مووشەکی حووسییەکان بە پاسێکدا، ٦ کەس لە سەرنشینەکانی گیانیان لەدەست دا. ڕۆژی شەممە ١٤ی خەرمانانیش، لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکانی هێزەکانی دەوڵەتی یەمەن بۆ سەر ناوەندێکی فەرماندەییی حووسییەکان لە پارێزگاکانی “جەوف” و “مەئریب” لە ڕۆژهەڵاتی سەنعا، ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی حووسییەکان و چەندین فەرماندەی سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنانیش کە لە داڕشتن و ڕێبەریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی حووسییەکاندا بەشدار بوون، کوژران. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خەرمانانیش تێکهەڵچوونەکان لە باشووری یەمەن بەردەوام بوون و هێزەکانی حووسی لە چەند بەرەیەکدا ناچار بە پاشەکشە کراون و ئێستا هیچ ناوچەیەکی زاڵ بەسەر گەرووی بابولمەندەبیان لەژێر کۆنترۆڵدا نەماوە.

حووسییەکان کە ساڵانێکە لە پشتیوانیی بێ‌مەرج و بەرفراوانی دارایی، چەک و تەقەمەنی، لۆجستیکی و ڕاهێنانی کۆماری ئیسلامی بەهرەمەندن و کۆماری ئیسلامیش وەک بەشێک لە هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاوەمەت”ی خۆی هەژماریان دەکات، لە هەوڵدا بوون تا یارمەتیی کۆماری ئیسلامی بدەن لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتە شەڕخوازییەکانی لە ناوچەکەدا. لەم ڕوانگەیەوە، حووسییەکان پاش بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی لە تاران لە مانگی پووشپەڕی ڕابردوودا و گەڕانەوەیان بۆ سەنعا، ڕایانگەیاند کە گەمارۆی دەریایی دەخەنە سەر عەرەبستانی سعوودی. بەم شێوەیە ئەو ئاگربەستەیان پێشێل کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٢ و پاش ٧ ساڵ شەڕ لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی واژۆیان کردبوو. لەو کاتەوە تا ئێستا حووسییەکان بەرپرسیارێتیی چەندین هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی عەرەبستانیان لە ئەستۆ گرتووە. جێی ئاماژەیە، دەوڵەتی عەرەبستان کە ئاسمانی یەمەنی لەژێر کۆنترۆڵدایە، بە بیانووی ئەوەی کۆماری ئیسلامی بێ هەماهەنگی لەگەڵ عەرەبستان فڕۆکەی هەڵگری شاندی حووسییەکانی ڕەوانەی سەنعا کردبوو، فڕۆکەخانەی سەنعای بۆردومان کرد. ئەمەش دەبێت وەک پێشێلکردنی ئاگربەست لە لایەن عەرەبستانەوە هەژمار بکرێت.

سەرەڕای ئەمانە، حووسییەکان هەوڵیان داوە بە دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی یەمەنی سەر بە عەرەبستانی سعوودی، گۆڕەپانی شەڕی ڕژێمی ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، بەو جۆرەی کە دڵخوازی حکوومەتی ئیسلامییە، بەرفراوانتر بکەن. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەی حووسییەکان کە بە هاوکاریی سپای پاسداران و بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە گەرووی بابولمەندەب و کۆنترۆڵکردنی ئەنجام دراون، بەشێکی دیکەیە لە بەرنامەی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بۆ گوشارهێنان بۆ سەر ئەمریکا بە ئامانجی سەودا و مامەڵە و سازشکردن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

بەڵام “ڕەشاد ئەلعەلیمی”، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆککۆماریی یەمەن ڕایگەیاند کە هێزەکانی دەوڵەتی یەمەن ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی نادەن لە ڕێگەی حووسییەکانەوە بەسەر بابولمەندەبدا زاڵ بێت. ئەلعەلیمی لە وتارێکیشیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامیی وەک هۆکاری شەڕ و نائارامی لە یەمەن و ناوچەکەدا ناساندبوو. ناوبراو هەروەها دەستتێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە یەمەن و ناردنی هێزەکانی سپای پاسداران و چەک و تەقەمەنی بۆ حووسییەکان بە مەبەستی درێژەدان بە شەڕ، وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی یەمەن ناوبرد و وتی ڕژێمی ئێران دەیەوێت یەمەن بکاتە ئامرازێکی سیاسی و کارتی یاریی خۆی لە ململانێ ناوچەیییەکاندا.

دووکەڵی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی لە یەمەنی هەژار و برسی، ڕاستەوخۆ دەچێتە چاوی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و چەوساوەی ئەو وڵاتەوە. ئەم شەڕانە لە یەمەن تا ئێستا بوونەتە هۆی کوشتار، نائەمنی، ئاوارەیی و پەرەسەندنی زیاتری هەژاری و برسێتیی خەڵک، و ئێستا گۆڕاون بۆ قەیرانێکی مرۆیی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدان بۆ هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لە یەمەن، بەرزکردنەوەی هێزی مامەڵەیە لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ سازش و باج‌گرتن لەم شەڕەی ئێستای گەرووی هورمزدا.

بەڵام درێژەکێشانی شەڕ لە یەمەن لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا لە لایەن حووسییەکانەوە وەک بەشێک لە هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاوەمەت”، لە خزمەت ستراتیژیی شەڕی بەرپەرچدەرەوە بۆ مانەوەی حکوومەتی ئیسلامیدا بووە، کە ئێستا تووشی شکست هاتووە. سیاسەتێک کە نەک هەر بووەتە هۆی شەڕ و کوشتار لە سووریا، لوبنان، عێراق، یەمەن و خودی ئێرانیش، بەڵکوو ژیان و بژێویی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و بێبەشی ئێرانیشی بەرەو هەڵدێری هەژاری و نەهامەتییەکی بێ‌وێنە پاڵ ناوە. هەر بۆیە پەرەپێدان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و گرێدان و فراوانکردنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی کرێکاران و توێژە بندەستەکانی دیکەی کۆمەڵگە و پێشخستنی خەباتێکی ڕێکخراو و خۆبەدوورگرتن لە جووڵەی خۆبەخۆیی و کوێر و بێ‌ڕێکخراو، بووەتە زەروورەتێکی سیاسی و چینایەتی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی.