ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کرماشان هەڵیانکوتایە سەر بنەماڵەی ”سوحبەتوالله ئۆمێدی” و وێڕای پشکنینی ماڵەکەیان، ئازار و ئەزیەتێکی زۆریان داوان. ”سوحبەتوالله ئۆمێدی” یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەربوو، کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨دا، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە بە تۆمەتی تەبانی و هەوڵدان دژی حکوومەت و هەروەها هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی ڕژیم دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ٢٠٠میلیون تمەنی و بە شیوەی کاتی ئازاد کرابوو. لە کاتی ئازاد کردنیدا ناچار بوو زێدی خۆی بەجێ بێڵێت و ڕوو لە وڵاتێکی تر بکات.
جێی ئاماژەیە ئیدارەی ئیتلاعات بە هۆی ئامادەبوونی ”سوحبەتوالله ئۆمێدی” لە دادگای خەڵکی کۆشتاری خەزەڵوەر کە لە شاری ”لەندەن” بەڕێوەچوو، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ناوبراو.