فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هەڕەشەی هێزەکانی ڕژیم لە باوکی کۆمار دەرئۆفتادە
یەکشەممە ۲۲-۰۵-۱۴۰۲   |  13-08-2023

ڕۆژی شەممە ٢١ی گەلاوێژ، “حەسەن  دەرئۆفتادە” باوکی کۆمار دەرئۆفتادە و دادخواز، خەڵکی پیرانشار، دوای بانگ کرانی لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران و سەردانکردنی ناوبراو بۆ ئەو ناوەندە، بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر دەستبەسەر بووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە.
بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی دەرئۆفتادە، ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەکاتێکدا کە چوار ڕۆژی ماوە بۆ ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی لە دایک بوونی کۆمار دەرئۆفتادە، باوکیان ئاگادار کردۆتەوە و هەڕەشەیان لێکردووە کە بەڕێوەچوونی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێک بەو بۆنەیەوە قەدەغەیە. شایانی باسە، حەسەن دەرئۆفتادە دوای پێنج کاتژمێر لێکۆڵینەوە، گوشار و هەڕەشەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی پیرانشار ئازاد بووە. جێگای ئاماژەیە، کۆمار دەرئۆفتادە، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار شەوی یەکشەممە ٨ خەزەڵوەری پارەکە، لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی پیرانشار لە مەودای ٣ مەترییەوە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی رژیمەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لەدەستدا.