فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هەژاریی پێکهاتەیی و لێکەوتەکانی لەسەر چینی کرێکار
دوشەممە ۲۴-۰۹-۱۴۰۴   |  15-12-2025

ڕەوتی هەژاری لە ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی وەها هەڵکشاو و بێ‌وەچان چووەتە پێشەوە کە ئیتر ناکرێت وەک “بەرزی و نزمییەکی ئابووری” یان “لێکەوتەی بەڕێوەبردن” ناوی لێ ببرێت. ئەوەی ڕوویداوە، جێگیربوونی هەژارییە وەک واقیعێکی پێکهاتەیی و بەردەوام. بەپێی ڕاپۆرتە ڕەسمییەکان لە ئێران، ڕێژەی هەژاری لە ساڵی ١٤٠٣دا لە نێوان ٣٦ بۆ ٤٤ لەسەد مەزەندە کراوە و بانکی جیهانیش بۆ ساڵی ٢٠٢٦ پێشبینیی ڕێژەی نزیکەی ٣٨.٨ لەسەد دەکات. ئەم ژمارانە، نەک تەنیا نیشانەی قەیرانێکی کاتی نین، بەڵکوو نیشانەیەکی ئاشکران لە هەرەسهێنانی تواناییەکانی “دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتیی هێزی کار” لە پێکهاتەی سەرمایەداریی ئێراندا. کاتێک ڕێژەی هەژاریی موتڵەق لە مەودای ساڵانی ١٣٩٧ تا ١٤٠٤ لە نزیکەی ٢٠ لەسەدەوە بۆ سەرووی ٤٠ لەسەد بەرز دەبێتەوە و جەماوەری ژێر هێڵی هەژاری لە ١٦ ملیۆن کەسەوە بۆ زیاتر لە ٣٤ ملیۆن کەس زیاد دەکات، مانای ئەمە هیچ نییە جگە لە وێرانکردنی هێزی کار و نا‌سەقامگیرکردنی بەئەنقەستی ژیانی کۆمەڵانی کرێکار و زەحمەتکێش.

دوو تەکانی گرنگ، یەکەم لە ساڵانی ٩٧-٩٨ و دواتر لە ١٤٠٣-١٤٠٤، هەرکامەیان لانیکەم ١٠ لەسەدیان خستووەتە سەر ڕێژەی هەژاری. تەکانی یەکەم دوای قۆناغێکی نزیکەی ٨ بۆ ٩ ساڵە هاتە ئاراوە؛ بەڵام تەکانی دووهەم تەنیا لە ماوەی ٤ بۆ ٥ ساڵدا ڕوویدا. ئەم خێراییە لە پەرەسەندنی هەژاریدا، دەربڕی چڕبوونەوەی قەیران و توندتربوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی سیستەمی ئابوورییە. دۆخێک کە تێیدا هەڵاوسانی ساڵانە نزیکەی ٦٠ لەسەد مەزەندە دەکرێت و دەهەکەکانی خوارەوە تەنانەت هەڵاوسانێکی زیاتریش ئەزموون دەکەن، نیشاندەری شێواوییەکی بەتەواومانایە لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا. کاتێک دەوڵەت ڕادەگەیەنێت کە هێڵی هەژاریی موتڵەق لە ساڵی ١٤٠٣ بۆ هەر تاکێک ٦ ملیۆن و ١٢٨ هەزار تمەنە، دەبێ بڵێین بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگا کەوتووەتە بەر مەترسیی هەژاری. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر ٤٠ لەسەدی دانیشتووان لەژێر هێڵی هەژاریدا بن، توێژێکی گەورە لە دەهەکەکانی پێنجەم و شەشەمیش لە “لێواری هەڵدێر”ـدان. هەر ئەوەندە بەسە داهاتەکەیان بە ئەندازەی هەڵاوسان زیاد نەکات تا بە یەکجار پەیوەست بن بە ڕیزی هەژارانەوە. ئەم ژمارانە، واقیعییەتی سەرمایەدارین. لە سیستەمێکی وادا، بەهای کۆمەڵایەتیی کار دادەشکێنرێت و چینی کرێکار لەجیاتی ئەوەی هێزی بزوێنەری بەرهەمهێنان بێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ مانەوە و هەڵمژینی بەهای زیادە بە شێوازێکی توندوتیژ و سەرەتایی. هەڵاوسانی بەرز، سیاسەتەکانی ڕیازەتی ئابووری، کرێی کەم و داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ئامراگەلێکن بۆ گواستنەوەی سەروەت و سامان لە چینی کرێکارەوە بۆ چینە دارا و دەسەڵاتدارەکان.

کاتێک تێچووی ژیانی دەهەکەکانی ناوەڕاست تەنیا ١٥ تا ٣٠ لەسەد لە هێڵی هەژاری زیاترە، واتە بە کردەوە تەواوی چینە حەقدەست‌وەرگرەکان لە ڕووی مێژووییەوە لە مەترسیی داڕماندان. ئەم دۆخە مەودای نێوان دەهەکەکان کەم دەکاتەوە و کۆمەڵگا بەرەو گەورەبوونی جەمسەری ژێردەستان و هەژاران دەبات. ئەم جەماوەرە، بە لابردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، تەحەمولی گوشاری دەروونی، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە، دەرمان، فێرکاری و تەنانەت خۆراک، خۆیان لە ئاستی مانەوەدا ڕادەگرن. ئەم دۆخە هەرچەندە بەربەستێکی گەورەی لە بەردەم ڕێکخستن و سازمانیابیی کرێکاراندا دروست کردووە، بەڵام نە لە ڕوانگەی ئابووری و نە لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە بەردەوام نابێت.

هاوتەریب لەگەڵ داڕمانی بنەمای ئابووریی ژیان، دامەزراوە پاڵپشتییە نافەرمییەکانیش، لە خێزانەوە تا تۆڕە خۆجێییەکان، لە لێواری پرتووکاندان. کۆمەڵگای ئێران لە ڕابردوودا خاوەنی کۆمەڵێک توانایی بووە بۆ پاڵپشتیی ناوخۆیی، بەڵام گوشاری بەردەوامی “داتەپین و هەڵاوسان” (رکود تورمی) ئەم تواناییانەی پووکاندووەتەوە و هەرچەشنە توانایەکی بەرگەگرتنی کۆمەڵایەتیی کەم کردووەتەوە. لە کەشێکی وادا، نایەکسانی، توندوتیژی، بێ‌متمانەیی و لێکترازان گەشە دەکات. بەرهەمهێنانی “کەسایەتییەک کە تەنیا لە بیری مانەوەدایە”؛ مرۆڤگەلێک کە بۆ درێژەدان بە ژیان ناچارن لەگەڵ هەژاری سازش بکەن و ئارەزووەکانی خۆیان بکوژن، نیشانەیەکە لە داڕمانی کولتووری و ئەخلاقی لە جەستەی کۆمەڵگادا.

بەڵام مێژوو فێری کردووین کە ئەم ساتەوەختانە، تەنیا ساتەوەختی داڕمان نین؛ بەڵکوو ساتی “ئەگەرەکان”ـن. ساتگەلێک کە تێیدا ناکۆکییە چینایەتییەکان هێندە ئاشکرا دەبن کە ئیتر نە ئایدۆلۆژیای ڕەسمی دەتوانێت پەردەپۆشیان بکات و نە سەرکوت دەتوانێت بێدەنگیان بکات. گۆڕانکارییە پێکهاتەیی و بنەڕەتییەکان، لە دڵی ئەم کەلێنە قووڵانە و ئەم هەژارییە بەربڵاوەدا لەدایک دەبن.

ئەرکی سەرەکیی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، گۆڕینی ئەزموونی ژیانی ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێشە بۆ “وشیاریی چینایەتی”. دەبێ ڕوون بکرێتەوە کە هەژاری دەرەنجامی “بێ‌کفایەتی” و “گەمارۆکان” نییە، بەڵکوو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، قۆرخکاری، ڕانت و بێبەشکردنی هێزی کارە لە پشکی بەهای کۆمەڵایەتی. مانگرتنی کرێکاری، ناڕەزایەتیی مامۆستایان، داخوازیی پەرستاران و هاواری خانەنشینان، ئەگەر لە ئاستی داخوازیی پیشەییدا بمێنێتەوە، پەرتەوازە و بێ‌هێز دەبێت. بزووتنەوەی کۆمۆنیستی دەبێت ئەم خەباتانە بە تێگەیشتنێکی ڕیشەیی لە ناکۆکیی نێوان کار و سەرمایە گرێ بدات و نیشانی بدات کە داخوازیی “نان” لە “سیاسەت” جیا نییە.

هیچ چاکسازییەک لە چوارچێوەی ئەم نیزامەدا توانای ڕاگرتنی هەژاریی ٤٠ لەسەدی، هەڵاوسانی ٦٠ لەسەدی و داڕمانی چینەکانی نییە. زەروورەتی خەباتی چینایەتی وا دەخوازێت کە کرێکاران لە ئاستێکی جەماوەریدا بگەنە ئەو پلەیە لە وشیاری کە بۆ کۆتاییهێنان بەم هەموو هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییە، نەک تەنیا دژی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو دژی سیستەمی سەرمایەداری ڕاپەڕن. نەزمی مەوجوود هەوڵ دەدات نیشانی بدات کە “ڕێگایەکی دیکە بوونی نییە” و گوایە ئەمە کۆتایی مێژووە. ئەرکی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی سەلماندنی پێچەوانەی ئەم ئیدیعایەیە. دەبێ نیشان بدرێت کە کۆمەڵگا دەتوانێت لەم بازنەی هەژارییە پێکهاتەییە بێتە دەرەوە، بەڵام نەک بە چاکسازی، بەڵکوو بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ئابووریی سەرمایەداریدا.

کاتێک ٣٤ ملیۆن مرۆڤ لە هەژاریدان، کاتێک هێڵی هەژاری لە مامناوەندی تێچوو بەرزترە، کاتێک دەهەکەکانی ناوەڕاست بەرەو پرتووکان دەچن و کاتێک هەر شۆکێکی ئابووری دەتوانێت ملیۆنان کەسی دیکە فڕێ بداتە نێو هەژارییەوە، بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا مەحاڵە. شۆڕشی کۆمەڵایەتی زەروورەتێکی مێژووییە. هێزی ئەم شۆڕشە لە دڵی هەر ئەو جەماوەرەوە هەڵدەقوڵێت کە ئەمڕۆ لەسەر لێواری مان و نەمان وەستاون. ئەمانە هێزی مادیی گۆڕانکارین، بە مەرجێک وشیار ببنەوە، ڕێکخراو بن و دەستیان بە ئاسۆی سۆسیالیستی بگات.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv