ئایا کەس هەیە کە نەزانێت حەقدستی کرێکاران چەندە بێبایەخ و مەمرەومەژییە؟ هۆکاری چییە کە زۆرێک لە کرێکاران بێجگەلە کارکردن لە کارخانە ڕوو دەکەنە کاری دیکەی وەک دەستفرۆشی، سیگارفرۆشی، موسافیرکێشی و کاری هاوشێوە؟ لە باروودۆخێکدا کە نرخی پێداویستییە سەرەتایی و زەروورییەکانی ژیان ڕۆژانە دەڕواتە سەرێ، حەقدەستی واقعی و توانای کڕینی کرێکاران ڕۆژ بە ڕۆژ کەم دەبێتەوە. با سەرەنج بدەینە نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی بنەماڵە کرێکارییەکان لەماوەی حەوتووی ڕابردوودا.
چوونەسەرەوەی ١٣ بەرابەریی نرخی ئاردی سەنعەتی، بەرزبوونەوەی ٢٠٠ لەسەدیی نرخی ماکاڕۆنی، چوونەسەرەوەی ١٣٠ لەسەدیی برینج و بەرزبوونەوەی ١٣١ لەسەدیی نرخی بەرهەمە دەرمانییەکان، نیشانەی وەڕێکەوتنی شەپۆلێکی تازە و سەرسووڕهێنەرە لە گرانی. بەپێی ڕاپۆرتەکان بەدوای چوونەسەرەوەی نرخی ئاردی ئازاد، چوونەسەرەوەی نرخی نانی مەعموولی لە نانەواییەکان بووەتە نیگەرانیی جیددیی بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە. هێشتا دوو مانگ لە ساڵی ١٤٠١ تێنەپەڕیوە کە ئەم شەپۆلەی گرانییە، سەبەدی بژێوی بنەماڵە کرێکارییەکانی یەکجار بەتاڵ کردووە و حەقدەستی واقعیی کرێکارانی بەرکەوتووی یاسای کاری زیاتر لە سەد لە سەد هێناوەتەوە خوارێ. بەم حاڵەشەوە هەرکات کرێکاران باس لە پێویستیی بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەستەکان دەکەن، دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئەم کارە تەوەرۆم دەباتە سەرێ، بەڵام ئەمە درۆیەکی بێشەرمانەیە و هیچی تر. چونکە هەموومان دەبینین کە سەرەڕای هاتنەخوارەوەی حەقدەستی واقعیی کرێکاران، تەوەرۆم بەردەوام چووەتە سەرێ. لەڕاستیدا تەوەۆم و گرانی و ئاستی لەخوارێی حەقدەستی کرێکاران هەر دووکیان ڕیشەیان لە نیزامی سەرمایەداری دایە. لە ڕوانگەی سەرمایەدارانەوە حەقدەست دەبێت لە ئاستێکدا بێت کە کرێکار، هاوسەر و منداڵان و نەسلی دواتری کرێکاران تەنیا زیندوو ڕابگرێت. سەرمایەدار تەنیا خەرجی زیندوو مانەوەی کرێکار دەدات و لە بەرامبەردا بەرهەمی کارەکەی داگیر دەکات.
با بڕوانینە دوایین پەسندکراوی شۆرای باڵای کاری حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران سەبارەت بە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست. بەپێی پەسندکراوی “شۆرای باڵای کار”ی ڕژیم، لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی کرێکاران کە لە ساڵی ١٤٠٠دا ٢ ملیۆن و ٦٥٥ هەزار تمەن بووە، لە ساڵی ١٤٠١دا گەیشتووەتە چوار ملیۆن و ١٨٠ هەزار تمەن. بەمجۆرە کرێکارێکی بێ پێشینە و سەنەوات و منداڵ، بە مەزایای حەقی مەسکەن و “بۆنی کاریگەری”یەوە نزیکەی پێنج ملیۆن و ٦٨٠ هەزار تمەن وەردەگرێت. دیاریکردنی ئەم ئاستە لە لانیکەمی حەقدەست لەحاڵێکدایە کە دەوڵەت تێچووی دابینکردنی سەبەدی بژێوی کرێکارانی مانگانە ٩ ملیۆن تمەن ڕاگەیاندبوو. لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو بۆ ساڵی ١٤٠١ تەنانەت بەپێی تێچوویەک کە دەوڵەت بۆ دابینکردنی سەبەدی بژێوی بنەماڵەیەکی کرێکاری ڕایگەیاندووە، ٤٠ لەسەد لە هێڵی هەژاری لەخوارترە. لە کاتی دیاریکرانی لانیکەمی حەقدەست و بڕیاری دەوڵەت بۆ لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی و پێشبینیی گرانی و تەوەرۆمی سەرسووڕهێنەر، جێگای پرسیار بوو کە بنەماڵەیەکی کرێکاری چۆن دەتوانێ هەزینەی قورسی ژیانی دابین بکات؟
ئێمە دەڵێین کرێکار مافی خۆیەتی و دەبێت لە ئاسایش و ڕەفاه بەهرەمەند بێت. کرێکار و بنەماڵەکەی دەبێت لە مەسکەنێکی گونجاودا بژین. دەبێت خۆراک و کالۆری و وزەی پێویست، پەروەردە و دەرمانی بەخۆڕاییان بخرێتە ئیختیارەوە و لە یەک کەلامدا پێویستە بتوانن بەپێی ستانداردەکانی ژیانی مرۆڤی سەدەی ٢١ بژین. تازە ئەوکات کە لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بەپێی دابینکردنی هەزینەی ژیانێکی ئینسانی و ئاسوودە دیاری کرا، حەقدەستی دیاریکراو پێویستە بەردەوام و بەپێی چوونەسەرەوەی تەوەۆم و ئاستی پێداویستییەکانی ژیان زیاد بکرێت. لانیکەمی حەەقدەست پێویستە لەلایەن نوێنەرانی سەرتاسەریی هەڵبژێردراوی کرێکارانەوە دیاری و پەسند بکرێت. کرێکاران و نوێنەرانی هەڵبژێردراویان بۆ دیاریکردنی بەهای حەقدەست و نرخی فرۆشی هێزی کرێکاران، سەلاحییەتدارترینن.
لە ئێران مەودای لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو لەلایەن “شۆرای باڵای کار” لەگەڵ هەزینەی دابینکردنی سەبەدی بژێوی کرێکاران کە لەلایەن خودی دەوڵەتەوە مانگانە ٩ ملیۆن تمەن دیاری کراوە، نیشانی دەدات کە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران تەنانەت حازر نییە هەزینەی بەرهەمهێناوەوەی هێزی کار کە شتێک نییە بێجگەلە هەزینەی پێداویستیی ڕۆژانەی کرێکار و بنەماڵەکەی واتە هەزینەی خواردن و پۆشین و تەندرووستی بدات.
دیاردەی “دیاریکردن و یاساییکردنی لانیکەمی حەقدەستی ژێر هێڵی هەژاری” ئەگەرچی بووەتە یەکێک لە دەرکەوتەکانی بێ مافیی کرێکاران لە ئێران، بەڵام بەتەنیا ماهییەتی زاڵمانەی نیزامی حەقدەستەکان نیشان نادات. لە ئێران ملیۆنان کەس لە کرێکاران و بەتایبەت ژنان کە لە کارگە چکۆلەکاندا کار دەکەن و یاسای کار بەریان ناکەوێت، تەنانەت لە وەرگرتنی ئەم لانیکەمە حەقدەستەش بێبەرین و حەقدەستی یەکجار کەمتر وەردەگرن.
بەلەبەرچاوگرتنی سەرسەختیی سەرمایەداران بۆ لەخوارێ ڕاگرتنی لانیکەمی حەقدەستەکان، دیاریکرنی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ تێچووی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی، و دیاریکردنی هێڵی سوور بۆ سەرمایەداران تا حەقدەستەکان لەئاستێک نەتوانن کەمتر بکەنەوە، یەکێک لە داخوازییەکانی کرێکاران و لە خاڵە هەستیارەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانە. بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران وەک بەشێک لە بزووتنەوەی چینی کرێکاری جیهانی بەو ئامانجەوە کە کەم داهاتترین بەشی چینی کرێکاریش بتوانێت بەسەرەنجدان بە ئاستی تەوەرۆمی واقعی، پێداویستییە ئەساسییەکانی ژیانی خۆی دابین بکات، لەسەر بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەستەکان تەئکید دەکات.
لەم باروودۆخە قەیراناوی و پڕ لە بێسەرەوبەرەیی و گەندەڵیی نیزامی سەرمایەداریی ئێراندا، کە هەموو کارێک بە یاسامەندیی خەباتی چینایەتییەوە گرێی خواردووە، کرێکاران بۆ ئەوەیکە بتوانن هەزینەی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاریان بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتدا بسەپێنن و هەزینەی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی خۆیان دابین بکەن، ڕێگایەکیان بێجگەلە ڕێکخستنی ئیرادەی خۆیان نییە. لەم نەبەردە چینایەتییەدا، کرێکاران بەهەر ڕادەیەک کە هێزی چینایەتیی خۆیان یەکگرتوو و ڕێکخراو بێننە مەیدان هەر بەو ڕادەیەش دەتوانن بەرەنگاری چینی سەرمایەدار و دەوڵەتی پشتیوانی ببنەوە و حەقدەستی گونجاو بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی بەسەر سەرمایەرداراندا بسەپێنن.