فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هەڵوێستی کۆنەپەرستانەی ڕێبەریی پژاک سەبارەت بە شەڕی ئیحتمالیی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی
هەینی ۲۰-۰۷-۱۴۰۳   |  11-10-2024

لەم دواییەدا ڕێوار ئاودانان، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە) و لە ئەندامانی کوردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک لە بابەتێکدا لەژێرناوی “ئاژیرەکانی مەترسی بەم زووانە لە ئێران و ئیسرائیل خامۆش نابن”، شەڕ و کێشمەکێشی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی داوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئاودانان لە چەند تێزی درەوشاوەدا خەونەکانی خۆی سەبارەت بە داهاتووی کۆماری ئیسلامی وێنا کردووە. ئەو دەنووسێت:

“ئەگەر ئێران (کە مەبەستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە)، لە ململانێی هێژمۆنی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا لە کۆتاییدا سەرکەوتن و سەقامگیریی درێژخایەن بەدەست بێنێت و بتوانێ ناوچەگەلێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خاوەنی کلتووری هاوبەشن لە چواچێوەی یەکیەتییەکی دیموکراتیکدا کۆبکاتەوە، هاوشێوەی ئەوەیکە لە یەکیەتیی ئورووپای دوای شەڕی جیهانیدا شایەدی بووین، نەتەنیا پرسە ناوخۆییەکانی ئێران چارەسەر دەبێت بەڵکوو ئێران دەبێتە جەمسەرێکی بەهێز لە گشت ناوچەکەدا. ئەگینا تەنانەت گەورەترین سەرکەوتنی رژێمی ئێران لە دژی جیهانی ڕۆژئاوا زەمانەتی سەقامگیریی ناوخۆی ئێران و مانەوەی کۆماری ئیسلامی ناکات و خەباتی دیموکراتیکی خەڵک لە ناوەوە حکوومەت لەگەڵ ئاستەنگ و کێشەی گەورە ڕووبەڕوو دەکاتەوە.”

ئاودانان لەم بابەتەدا هیچ گومانێک لەوەدا ناهێڵێتەوە کە هێزە نیابەتییەکان و هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”ی کۆماری ئیسلامی بە هێزی بزوێنەری کۆماری ئیسلامی دەزانێت بۆ “کۆکردنەوەی ناوچەگەلێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەکیەتیەکی دیموکراتیک”دا. ناوبراو دەنووسێت: “دوو جار هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەوخۆی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، پێگەی هێزە نیابەتییەکانی ئێران لە ناوچەکە بەهێز دەکات… وە هێزە نیابەتییەکان لە پشتیوانیی خۆی دڵنیا دەکاتەوە و لەمە بەدوا زیاتر لە ڕابردوو دەتوانێ ئەم هێزانە لەپێناوی ئامانجەمانی خۆی بەکار بێنێت”. کادری ڕێبەریی پژاک پاش گەڵاڵەکردنی ئەم تێزانە بەو ئاکامە دەگات کە: “شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل کاریگەرییەکی گەورە لەسەر مەسەلەی کوردیش دادەنێت. ئاشکرایە کە باڵی ناسیۆنالیستی سوننەتی و دەسەڵاتخوازی کوردی کە هۆگرایەتییەکی زەینی و ڕێکخراوەیی قووڵیان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوادا هەیە، بەتەواوی لەڕاستای ئامانجەکانی ئەواندا هەنگاو دەنێن و هەمیشە بەستێنی جینوساید و کۆمەڵکوژیی کوردەکان ئامادە دەکەن. بەڵام باڵی دێموکراسیخوازی کوردی وەک لە شەڕی دژی داعشدا بینیمان دەتوانێت ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ ببینێت لە پێشکەوتنە ناوچەیی و جیهانییەکاندا. دەتوانێ لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە مافی دیموکراتیکی کوردەکان قەبووڵ دەکەن هەڵسووکەوتی ئەرێنیی هەبێت. وە لەم ڕێگەوە لەسەر چارەنووسی شەڕ و ئاڵوگۆڕەکاندا کاریگەریی بەرچاوی هەبێت و ڕۆڵێکی بنیاتنەرانە لە پرۆسەی چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا بگێڕێت”.

بەکورتی قسەی ڕێوار ئاودانان کادری ڕێبەریی پژاک و لە ڕێبەرانی “باڵی دیموکراسیخوازی کوردی” ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان لە شەڕ و کێشمەکێشی نێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسرائیل دەبێ لە بەرەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بن. چونکە لە خەون و خەیاڵەکانی ئەودا، لە دواڕۆژی سەرکەتن، ئەم ڕژیمە خەڵک بە کلتووری هاوبەشەوە لە یەکیەتییەکی دیموکراتیکدا کۆدەکاتەوە. کاک ڕێوار لە کاتێکدا بە دەورونەخشی کۆماری ئیسلامی لە کۆکردنەوەی خەڵک لەژێر یەکیەتییەکی دیموکراتیک ئومێدی بەستووە کە دژەشۆڕشی کۆماری ئیسلامی، ڕەوتی سەقامگیرکردنی پایەکانی دەسەڵاتەکەی بە هێرش و سەرکوتی خوێناوی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە دیموکراتیکەکان لە ئێران و بە لەشکرکێشی بۆسەر تورکەمەن سەحرا و کوردستان و بە وەڕێخستنی شەپۆلی خوێن و ئێعدام دەستپێکرد. ئایا کاک ڕێوار ئێعدامی ڕیزەکانی لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان لە هاوینی ساڵی ٥٨ی هەتاوی، ئێعدامی ٥٩ کەس لە منداڵان و تازەلاوانی مەهاباد، ئێعدامی هەزاران زیندانیی سیاسی لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی، قەتڵە زنجیرەییەکانی نووسەران، خەڵتانی خوێن کردنی ئاخێزی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و کوێرکردنی چاوەکان و سەدان تاوانی دیکەی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارەی فەرامۆش کردووە؟ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و زۆرینەی خەڵکی ئێرانی لە سەرەتاییترین مافی ئینسانی خۆیان بێبەری کردووە و نیزامێکی هەڵاواردنی ڕەگەزیی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ کردووە. ئەم ڕژیمە بە ڕەشبگیری و زیندان، بە ئێعدام و سەرکوتی هەرجۆرە دەنگێکی ئازادیخوازی، بە دەخاڵەتکردن لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئینسانەکان و بە ژێر پێ خستنی مافی تاکەکەسی، بە داسەپاندنی هەژاری، گرانی، پەرەپێدانی چەوسانەوە، بێکاری، گەندەڵیی ماڵی و ئیداری، جەماوەری ئێرانی وەگیان هێناوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە دروشمی سەرەکیی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و ژن، ژیان ئازادی، ئاخێزێکی جەماوەری بوو بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو ئەم تاوان و هەڵاواردن و بێمافییانە. کاک ڕێوار، ئایا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەم کارنامە نگریس و پڕ لە تاوانەیەوە دەتوانێ لە دواڕۆژی سەرکەوتن بەسەر ئیسرائیل و ڕۆژئاوادا خەڵک بە فەرهەنگ و کلتووری هاوبەش لە یەکیەتییەکی دیموکراتیکدا کۆبکاتەوە؟ ئایا هێزە نیابەتییەکانی “میحوەری موقاومەت” حەشدی شەعبی و هێزە ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکان لە عێراق، لەشکری فاتمیون لە سووریە، حیزبوڵڵا لە لۆبنان، حەماس لە غەززە و حوسییەکانی یەمەن کارنامەیەکی ڕەنگینتریان لە کۆماری ئیسلامی هەیە؟ هەڵوێستی ڕێوار ئاودانان ئەندامی ڕێبەریی پژاک نیشانی دەدات کە “دیفاع”ی ئەم ڕەوتە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و خەباتی ئەوان دژبە کۆماری ئیسلامی هیچ ڕەسەنایەتییەکی نییە.

دەربڕینی ئەمجۆرە هەڵوێستانە لەلایەن ڕێبەریی پژاکەوە بابەتێکی تازە نییە و یەکەم جاریش نییە کە ڕێبەرانی پژاک بیر لە دیموکراتیزە کردنی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران دەکەنەوە. پێشتریش ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی بەڕێوەبەری پژاک قەیرانی بنەڕەتی ئێرانی بە ئاکامی لادانی کۆماری ئیسلامی لە بەهاکانی سەردەمی شۆڕشی ئیسلامی و پەیمانی مەدینە بە سەرکردایەتی محەمەدی پێغەمبەری موسڵمانان، وەسفکرد. وە بۆ بونیاتنانی سیستمێکی دیموکراتیک لە ئێران و بۆ پراکتیزە کردنی، لەسەر پێویستیی خوێندنەوەیەکی نوێ لە “پەیمانی مەدینە” تەئکیدی کرد. پژاک کە لە ڕابردووشدا گەلێک جار بە بانگهێشتی خەڵک بۆ بەشداری لە ئینتخاباتی شۆراکانی ئیسلامی لە کوردستان بەکردەوە بۆ گاڵتەجاڕی ئینتخاباتیی ڕژیم بازاڕگەرمیی کردووە و هاوئاراستە لەگەڵ ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و “ناسیۆنالیستە سوننەتییەکان” حەرەکەتی کردووە، ئەمجارە لە قامەتی ڕەوتێکی ناسیۆنالیستی “مۆدێرن”ی کوردی و بە سنووربەندی کردن لەگەڵ ناسیۆنالیزمی سوننەتی، ئامۆژگاری بە خەڵکی کوردستان دەدات کە لە ئەگەری شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسرائیل، لە بەرەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی میحوەری موقاومەت و چەپەکانی میحوەری موقاومەتدا ڕاوەستن.

بەڵام کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕێبەریی پژاک دڵنیا دەکاتەوە کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستان بە پشت بەستن بە هوشیاری و ئەزموونی پتر لە چوار دەیە خەباتی مافخوازانەیان، لە شەڕی ئیحتمالیی نێوانی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، نە دەچنە بەرەی ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی و نە وەک سەڵتەنەتخوازەکان و “چەپی خۆخۆشەویستی”ی لایەنگریان، بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە ئومێد بە مووشەکەکانی ئیسرائیل دەبەستن. شەڕی ئیحتمالی و گشتگیری نێوان دەوڵەتی فاشیست و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ڕژیمی فاشیستی کۆماری ئیسلامی درێژەی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و جەحەنەمێکە کە حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران بەرپای کردووە. ئەم شەڕە شەڕێکی کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانەیە و بۆ خەڵکی ئێران و ئیسرائیل و ناوچەکە هیچ قازانج و بەرژوەندێکی تێیدا نییە. هەروەک چۆن لەشکرکێشیی ئەمریکا بۆسەر ئەفغانستان و عێراق و ڕووخاندنی ڕژیمی تاڵەبان و سەدام و ڕووخاندنی دەسەڵاتی قەزافی لە لیبی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ناتۆ بێجگەلە وێرانی، ئاوارەیی، هەژاری و پەرەسەندنی ڕەوتە توندڕەوەکانی ئیسلامی سیاسی ئاکامێکی تری نەبوو، شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیلیش ئاکامێکی لەوە باشتری نابێت. مەترسیی سەرهەڵدانی ئەم شەڕە هەتا ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی زیاتری بەهای ڕیاڵ لە بەرامبەر دۆلار، چوونەسەری نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەی خەڵکی لێکەوتووەتەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە مەزلووم نەمایی بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەڕێگەی پەرەپێدانی شەپۆلی ڕەشبگیری و ئێعدامەوە، کەشوهەوای ئەمنیەتیی توندتر کردووەتەوە. لەگەڵ دەستپێکی شەڕێکی گشتگیر و پەرەسەندنی وێرانی و کوشتار، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بۆ بەدواداچوونی خەبات و داخوازییەکانیان دەکەونە بارودۆخێکی دژوارترەوە. بەڵام لە ئەگەری سەرهەڵدانی ئەم شەڕەدا، ئەوە نەک ستراتێژی ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن، بەڵکوو تەنیا بارودۆخی خەبات و بەدواداچوونی ئەم ستراتێژییە دەگۆڕدرێت. بێگومان، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە هەموو بارودۆخێکدا بە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی سەرتاسەری لەپێناوی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیدا خەباتیان درێژە دەدەن.