
لە نێو باڵەکانی حکوومەتدا، باڵی ئیسلاحتەڵەبان و میانەڕەوەکان و دەوڵەتی پزیشکیان، هەڵگرتنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری دەزانن. ئەوان بە زەقکردنەوە و گەورەکردنی ڕۆڵی گەمارۆکان لە قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووریدا، دەیانەوێت هەڵگرتنی گەمارۆکان وەک هۆکاری کرانەوە و باشتربوونی باری بژێویی جەماوەر نیشان بدەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە وێڕای هۆکارە پێکهاتەییەکانی قەیرانی ئابووریی سیستەمی سەرمایەداریی ئێران، پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: لە ئەگەری هەڵگرتنی گەمارۆکان و ئازادبوونی دراوە بلۆککراوەکاندا، ئەم سەرچاوانە دەخرێنە خزمەت چ پڕۆژەیەکەوە و چ هێز و لایەنێک قازانجیان لێ دەبینێت؟ لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ڕژێمی سەرمایەدارانی ئیسلامیدا، هەڵگرتنی گەمارۆکان پێش ئەوەی ببێتە هۆی باشتربوونی جێگیر و پایداری ژیانی زۆرینەی کۆمەڵگا، خزمەت بە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی هەمان مۆدێلە نایەکسانەکەی پێشوو دەکات.
ئەزموونی “بەرجام” لە ساڵی ١٣٩٤دا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە. دوای جێبەجێکردنی بەرجام، بەشێک لە پێوەرە گەورەکانی ئابووری بەرەو باشبوون چوون. هەناردەی نەوتی ئێران لە کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیلەوە لە ڕۆژێکدا گەیشتە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل، و بەرهەمی پوختی ناوخۆیی لە ساڵی ١٣٩٥دا گەشەی بەخۆیەوە بینی. ڕێژەی هەڵاوسانیش کە لە ساڵانی پێشتردا سنووری ٤٠٪ی تێپەڕاندبوو، ڕووی لە کەمبوونەوە کرد. ئەم پێوەرانە لە ڕواڵەتدا دەرخەری دەربازبوونی ئابووری بوون لە قەیران و داتەپین، بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە لێرەدایە کە بەرهەمی ئەم گەشەسەندنە بە قازانجی کێ بوو؟ ئامارە پەیوەندیدارەکان بە خەرج و داهاتی بنەماڵە کرێکارییەکان دەریدەخەن کە لەو قۆناغەشدا، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ و بەرچاو لە ئاستی بژێوی و ژیانی چین و توێژە بندەستەکاندا نەهاتە ئاراوە. مەسرەفی سەرانەی ڕاستەقینە لە زۆرێک لە کەرتەکاندا بە چەقبەستوویی مایەوە و ڕێژەی بێکاری لە ساڵانی ١٣٩٥ و ١٣٩٦دا نەک هەر کەمی نەکرد، بەڵکوو ڕووی لە زیادبوونیش کرد. ڕێژەی بێکاری لە نێو لاواندا سنووری ٢٥٪ی تێپەڕاند. بە واتایەکی تر، گەشەی ئابووری بە شێوەیەکی سەرەکی ئاکامی زیادبوونی هەناردەی نەوت و ئەو چالاکییانە بوو کە پێویستیان بە سەرمایەیەکی زۆر هەیە؛ واتە ئەو بوارانەی کە دەرفەتێکی سنوورداریان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار هەیە و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر حەقدەستی ڕاستەقینەی کرێکاران دانەنا. ئەو کەلێنە قووڵەی کە لە نێوان گەشەی بەرهەمهێنان و باشتربوونی دۆخی ژیانی هێزی کاردا هەیە، هەمان ئەو دیاردەیەیە کە لێکدابڕانی نێوان “بەرهەمهێنانی بەها” و “پشکی کرێکاران” لەو بەرهەمە ڕوون دەکاتەوە.
بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی قەیرانی سەرمایەداری لە ئێراندا، دەبێت سەرنج بدەینە پێکهاتەی کەڵەکەبوونی سەرمایە لەم وڵاتەدا. پاش ڕاپەڕینی ١٣٥٧، مۆدێلێک لە سەرمایەداریی ئیسلامی فۆرمی گرت کە تێیدا بە تێپەڕبوونی کات دامەزراوە نیمچە-دەوڵەتییەکان، بونیادەکان و سوپای پاسداران پێگەیەکی هەژمۆنیخوازانە و باڵادەستیان پەیدا کرد. ئەم کۆمەڵەیە، بەپێی خەمڵاندنە جیاوازەکان، لە دەیەی ١٣٩٠دا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستیان بەسەر زیاتر لە ٥٠ بۆ ٦٠ لەسەدی بەرهەمی پوختی ناوخۆییدا گرتبوو. چڕبوونەوەی قەبارەیەکی وەها بەرین لە دەسەڵاتی ئابووری، ئاراستەی دابەشکردنی سەرچاوەکانیش دەخاتە ژێر چنگی تاقمێکی کەمینە و سنووردارەوە. لە پێکهاتەیەکی لەم چەشنەدا، هەر جۆرە کرانەوەیەکی ئابووری سەرەتا لەو کەناڵانەوە تێدەپەڕێت کە ئەم بلۆکە دەسەڵاتدارە کۆنترۆڵی کردوون. داهاتە نەوتییەکان، دەستڕاگەیشتن بە دراوی بیانی و گرێبەستە زەبەلاحەکان، پێش ئەوەی بگەنە کەرتە بەرهەمهێنەرەکان یان خزمەتگوزارییە گشتییەکان، دەکەونە دەست ئەو دامەزراوانەی کە لە هەر جۆرە چاودێرییەکی جەماوەری و لێپرسینەوەیەک پارێزراون. بۆ نموونە، لە بودجەی ساڵی ١٤٠٤دا پشکێکی بەرچاو لە داهاتە نەوتییەکان تەرخان کراوە بۆ دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەکان، لە کاتێکدا کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی هێشتا بەدەست کەميی سەرچاوەی داراییەوە دەناڵێنن. ئەم لەپێشینەدانانە، ڕەنگدانەوەی سیاسەت و ستراتیژیی سەرانی ڕژێمە بۆ پاراستنی مانەوەی نیزامی ئیسلامی.
لەم نێوەندەدا، سوپای پاسداران وەک یەکێک لە گرنگترین ئەکتەرە ئابوورییەکانی وڵات ئەژمار دەکرێت. “قەرارگای خاتەمولئەنبیا” لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستی گرتووە بەسەر پڕۆژە گەورەکانی نەوت، گاز، پترۆکیمیایی، ڕێگاوبان و ژێرخانەکاندا، کە بەهای ئەو گرێبەستانەی پێی دراون دەگاتە دەیان ملیار دۆلار. دەرئەنجام ئەوەیە کە هەڵگرتنی گەمارۆکان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان بە پلەی یەکەم دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی ئەم تۆڕە مافیاییەی دەسەڵات، و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کرانەوە لە کار و بژێویی ژیانی کرێکاران و توێژە بندەستەکانی کۆمەڵگادا بەدی ناکرێت. پێکهاتەی سیستەمی بانکییش ئەم ڕەوتەی زیاتر قووڵ کردووەتەوە. قەبارەی زۆری قەرزە نەگەڕاوەکان، نەبوونی شەفافیەت و هەژموونی دامەزراوە بەهێزەکان لە دیاریکردنی پشکی قەرزەکاندا، بووەتە هۆی ئەوەی کە سەرچاوە داراییەکان بەرەو پڕۆژە ڕانتییەکان و چالاکییە نابەرهەمهێنەرەکان ئاراستە بکرێن.
لە هەمان کاتیشدا نابێت لەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بێئاگا بین؛ تەنانەت لە ئەگەری پێشکەوتنی دانوستانەکان لەسەر بنەمای بڕگە چواردە خاڵییەکەی لێکتێگەیشتنی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیشدا، دیسانەوە گەمارۆکان بە تەواوی هەڵناگیرێن. چونکە بەشێک لەو گەمارۆیانەی کە پەیوەندییان بە بەرنامەی مووشەکی، تیرۆریزمی سوپای پاسداران، سیاسەتی ناوچەیی و پرسەکانی مافی مرۆڤەوە هەیە، وەک خۆیان دەمێننەوە. لە ئەنجامدا، دەستڕاگەیشتنی ڕژێمی ئیسلامی بە تۆڕی دارایی جیهانی هەر بە سنوورداری دەمێنێتەوە و تێچووی ئاڵوگۆڕە بازرگانییە دەرەکییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم نابنەوە. کەواتە، تەنانەت هەڵگرتنی گەمارۆ ئەتۆمییەکانیش ناتوانێت سەرجەم کۆتوبەندەکانی سەر ئابووریی ئێران لەناوبەرێت.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا دەرئەنجام و شوێنەواری وێرانکەریان لەسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و هەژاری کۆمەڵگای ئێران داناوە. ئەم گەمارۆ دژە-مرۆییانە تا ئێستا نەک هەر نەبوونەتە هۆی ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، بەڵکوو نەیانتوانیوە شێواز و ڕەفتاریشیان بگۆڕن. لە بەرامبەردا، گەمارۆکان بیانوویەک بوون بۆ خۆدزینەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە بەرپرسیارێتی و وەڵامنەدانەوە بە پێداویستییەکانی خەڵک، هەروەها بوونەتە ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی گەندەڵی و تاڵانچێتی لەلایەن سەران و دارودەستەی ڕژێمەوە و ئەمنییەتیکردنی زیاتری کەشی کۆمەڵگا. ئەگەرچی گەمارۆکان ئیمکاناتی ڕژێمیان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە ئەمنی و سەربازی و پاوانخوازەکانی کەمتر کردووەتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا یەکێک لە فاکتەرەکانی قەیرانی ئابووریی کۆماری ئیسلامییە. گەمارۆ ئابوورییەکان لە گۆڕەپانی کێشمەکێش و هاوسەنگیی هێزی نێوان کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتووی ئێران لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، بە زیانی خەڵک تەواو بوون. بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی پێکهاتەیی سیستەمی سەرمایەداریی ئێران، گەندەڵی و دزییە بەدامەزراوەییکراوەکان لە سەرجەم جومگەکانی حاکمییەتی ئیسلامیدا، و تێچووە زەبەلاحەکانی جێبەجێکردنی سیاسەتگەلی دەستوەردەرانە لە ناوچەکەدا و خەرجییە خەیاڵییەکانی هێزە سەرکوتگەرە سەربازی و ئەمنییەکان؛ دەبینین کە تەنانەت پێش سەپاندنی گەمارۆکانیش دۆخی بژێویی کرێکاران و خەڵکی هەژاری ئێران کارەساتبار و تاقەتپڕووکێن بوو.
کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چل ساڵە بە گرتنەبەری ئەم جۆرە سیاسەتانە لە ناوخۆ و لە ئاستی ناوچەکەدا، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئیمکانی ژیانێکی مرۆیی لە زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران زەوت کردووە و هیچ ڕێگاچارەیەکیشی بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە پێ نییە. کرێکاران و چین و توێژە زەحمەتکێش و هەژارەکانی دیکەی ئێران، تەنیا بە پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، بە یەکگرتووکردنی ڕیزەکانیان و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی بەرەی خەبات، و لە کۆتاییدا بە ڕاماڵینی بارگە و بنەی ئەم ڕژێمە گەندەڵ و تاوانکارە لە ڕێگەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە، دەتوانن کار و ژیانی خۆیان لە چنگی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی سەرمایە ڕزگار بکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە