
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییەکانی وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٤ی گوڵان ڕایگەیاند: دوو شیرکەت و چوار کەسی سەر بە ناوەندی سایبێری سپای پاسداران کە دەستیان لە چالاکی تێکدەرانەی سایبێری دژی ئەمریکا هەبووە، تەحریم کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا، عەلیڕەزا شەفیعی نەسەب، ڕەزا کازمیفەر، حسێن محەممەد هاروونی و کەمیل بەرادەران سەلمانی، هەروەها دوو شیرکەتی مێهرسام ئەندێشەساز نیک و شیرکەتی دادە ئەفزاری ئارمان سەر بە سپای پاسدارانی خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
وەزارەتی خەزنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “ئەم کەسانە لە ڕێگەی عەمەلیاتی سایبێرییەوە زیاتر لە دەیان شیرکەت و دەزگای حکوومەتی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژە بەو سزا نوێیانە وتی: دەستوپێوەندییە سایبێرییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشە لە ژیرخانە گرینگەکان، زیان گەیاندن بە شارۆمەندان و ئەمنییەتی ئەمریکا و شەریکەکانی دەکەن.
هاوکات وەزارەتی دادگوستەریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دادگای فیدراڵی مەنهەتەن بەڵگەنامەی لەسەر تاوانی ئەو چوار کەسە دەر کردووە.
بە وتەی سەرۆکی دادستانی باڵای ناوچەی باشووری نیویۆرک، تۆمەتباران هەڵاتوون و خەڵاتی ١٠ میلیۆن دۆلاری بۆ ناساندن و دۆزینەوەی ئەو کەسانە تەرخان کراوە.