فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

وانەگەلێک لە ڕابردوو، بە بۆنەی رۆژی ۸ی مارس!
شەممە ۱۸-۱۲-۱۴۰۳   |  08-03-2025

ژنان و پیاوانی پێشەنگ و کومونیست لە شاری مەریوان

یەکەم ئاخێزی بەرین و جەماوەری ژنان دژ بە دەسەڵاتی کۆنەپەرەستانە و پیاوسالارانەی رژیمی جومهوری ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ ۱۷ی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۵۷ لە تەبرێز و ئابادان و شیراز، بە تایبەت لە شاری تاران. ژنان لەو ڕۆژەدا هاوکات لە گەل ۸ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن ڕژانە ناو خیابانەکان و دژ بە بڕیاری حیجابی زۆرەملی کە لە لایەن خومەینی جینایەتکارەوە دەربڕابوو، خۆپیشاندانیان وەڕێخست. ژنان بە درووشمی «نە روسری نە توسری، مرگ بر این دیکتاتوری» و «ما انقلاب نکردیم تا بە عقب برگردیم» هاتنە مەیدان، بەڵام بەداخەوە لە لایەن هێزە سیاسیەکانی ئەو سەردەمەوە پشتیوانیان لێ نەکرا. کەش و هەوای سیاسی ئەوکات لە ناو هێزە چەپەکان کە لێیان چاوەڕوان دەکرا پشتیوانی ژنان بن، وەها بوو کە خەبات لە دژی ئەمپریالیسم سەرەکیترە و خەباتی ژنان جارێ لاوەکیە. دواتر دەرکەوت کە خومەینی و دارودەستەکەی بە درووشمی درۆیینەی دژ بە ئامریکا و ئستکباری جیهانی، بەشێکی بەرچاو لە هێزە چەپەکانیان دەستەمۆ کرد و بەرە بەرە هەموو دژبەرەکانی خۆیانیان سەرکوت کرد. ئەگەر جومهوری ئیسلامی نیشاندانی زەبروزەنگی بە سەرکوت کردنی ژنانەوە دەس پێکرد، یەکەم موقاومتەکانی خەڵکی ئێرانیش لە لایەن ژنانەوە چەخماخەی لێدرا. یەکێک لە وانەکانی ڕابردوو، ئەوەیە کە نابێ هیچ جۆرە مافخوازیەکی دیموکراتیک و چینایەتی لاوەکی لە قەڵەم بدرێت و پێویستە بە ئەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە پشتیوانی لە هەموو چین و توێژە مافخوراو و ژێر دەستەکانەوە بکرێت.

ژنان لە شارەکانی کوردستانیش هەر لەو ڕۆژانەدا و بە چەند ڕۆژ دواخرانەوە هاتنە مەیدان. ژنانی مەریوان کە پێشتر ڕێکخراوەی خۆیانیان بە ناوی «یەکیەتی ژنانی مەریوان» سازکردبوو، بە پێشنیاری کاک فوئاد موستەفا سوڵتانی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان لە ڕۆژی ۲۰ ڕەشەمەی ۱۳۵۷ سازمان دا. بەڵام ئەم کۆبوونەوە لە لایەن دار و دەستەی کۆنەپەرەستی مەکتەب قورئانەوە تەحەمول نەکرا و ئەوان هەوڵیان دا بە هێرش کردنە سەر ژنان ئەو ناڕەزایەتیە پرژ و بڵاو و سەرکوت کەن. هەوادارانی ئەحمەدی موفتی زادە کە بە درووشمگەلی «صلی علی محمد، خمینی و کاک احمد» و «شێعە و سوننی فەرقی نیە، ڕێبەر ئێمە خومەینیە» ببونە داردەست و کۆپاڵی خومەینی لە کوردستان، لەو ڕۆژەدا چوونە سەر ژنانی ناڕازی و بە تەقەی هەوایی هەوڵیان دا بیانترسێنن و کۆتایی بە ناڕەزایەتیەکە بێنن. بەڵام دەمەودەست ژنانی تێکوشەری مەریوانیش کە چەکدار بوون دەستیان دایە تەقەی هەوایی و وەڵامی هێزی کۆنەپەرەست و پیاوسالاری موفتیزادە یان دایەوە. مەکتەب قورئانیەکان کە چاوەڕوانی ئەم وەڵامەیان نەدەکرد شوێنەکەیان بەجێ هێشت و ژنان لە جێگە و پێگەیەکی بەهێزەوە حەرەکەتەکەیان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بە ئەنجام گەیاند. جەماعەتی موفتیزادە هەر ئەو ڕۆژە لە شاری سنەیش دەستیان دایە بڵاوەپێکردنی ژنانی موعتەرز. هەمان شەوەیش هەڵیان کوتایە سەر کارخانەی پووشاکی سنە کە زۆربەی کرێکارەکانی ژن بوون و چوونە سەر شوێنی حەوانەوەی ژنانی پەرەستار واتە خابگای بهیاران لە شەقامی شاپور کە بەشێکی زۆریان بەشداری ناڕەزایەتی ئەو ڕۆژەیان کردبوو، وە دەستیان کرد بە تەقە کردن و تۆقاندنی ژنان. یەکێکیتر لە وانە مێژوویەکانی ڕابردوو ئەوەیە کە هێزی پێشکەوتووخواز و بەرابەری تەڵەب دەبێ پێشتر خۆی بۆ بەرامبەرکێ لە گەل هێزە کۆنەپەرەستەکان ئامادە کردبێ. ئەمڕۆکەیش ژنان هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی ستەمکارانەی سەرمایەداری و نیزامی باوکسالاریدان. ئەگەر چی جەماوەرێکی بەرینی ژنان لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بە شداریان کرد، بەڵام خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی ژنان ئێستاکەش بوونی هەیە. ژنان هێشتا نەیانتوانیوە ڕێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان پێک بێنن. بیری پیاوسالارانەی دژە ژن و هێزە کۆنەپەرەستانەکان ئێستاکەش دەمارگرژی دەنوێنن و بە شێوازی جۆراوجۆر ژنان دەکەنە قوربانی. بەڵام لە بەرەی شۆڕشگێڕان و یەکسانیخوازاندا هێشتا هێزێکی وەها پێک نەهاتووە کە پشتیوانیەکی کاریگەر لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لە ژنان بکات. پرسیار ئەوەیە، ئەگەر ژنان و پیاوانی کومونیست لە بەرەبەری شۆڕشی ۵۷دا توانیان ڕێکخراوەی سەربەخۆی ژنان درووست بکەن و هێزێکی وەها بن کە بتوانن لە بەرامبەر کۆنەپەرەستەکاندا ڕابوەستن، ئایا کومونیستەکانی ئەم سەردەمەیش دەتوانن «ڕۆڵەی زەمانەی خۆیان» بن و بەر لەوەی کە قەیران یەخەیان پێ بگرێت، ببنە هێزێکی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەی جەماوەری و سەربەخۆی جۆراجۆر پێک بێنن؟

۱۷ی ڕەشەمەی ۱۴۰۳، ڕۆژی جیهانی ژن