فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

وتاری دەستپێکی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە
چوارشەممە ۱۱-۰۳-۱۴۰۱   |  01-06-2022
وتاری دەستپێکی کۆنگرەی ٨١ی کۆمەڵە

خوێنەرانی بەڕێز، ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە دەقی وتاری هاوڕێ ڕەئووف پەرستارە لە دەستپێکی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە:

میوانە بەڕێزەکان، ئامادەبووانی ئازیزی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە، هاورێیانی خۆشەویست!
سڵاوێکی گەرمتان پێشکەش، بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە ( رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران). زۆر سپاستان دەکەین کە بە حزووری خۆتان لە ساڵۆنەکانی کۆنگرە یا بە شێوەی ئان لاین لەگەڵمانن. بە دڵنیایەوە حوزووری ئێوە ناوەرۆکی سیاسی کۆنگرەکەمان دەوڵەمەندترئەکا.

بەڕێزان کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە لە هەلومەرجێک دا بەرپا دەکەین کە بە داخەوە میلیاردها ئینسان لە سەر گۆی ئەم زەویە بە هۆی بە کردەوە دەرهێنانی سیاسەتی نیئولیبرالی نیزامی سەرمایەداری لە ژێر باری برسێتی و هەژاری ژیانیان لە مەترسی دایە. جیاوازی چینایەتی، سیاسی و کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی بێکاری و نەبوونی ئەمنییەتی شوغڵ و کار بۆ کرێکارن و بەشمەینەتان ئاسۆیەکی روونی بۆ رزگاری نەهێشتۆتەوە. ئەمانە نیشانەیە بۆ بەردەوامی قەیرانی سەرمایەداریە. لە ٢٠ ساڵی رابردوودا، دابەزینی هیژمۆنی تەک جەمسەری دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی ئامریکا چۆتە ژێر پرسیار و دەسەڵاتی سەرمایەداری جیهان بۆتە چەند جەمسەری.

کێشەی دەسەڵات لە سەر دابەش کردنەوەی دووبارەی دنیا لە نێوان زلهێزەکانی سەرمایەداری وەک رووسیە، چین، یەکیەتی ئوروپا و ئامریکا بۆتە هۆی هەڵایساندنی شەڕی ماڵوێران کەر و جنایتکارانە لە زۆر وڵاتی جهان. شەڕی رووسیە لە گەڵ ئامریکا و ئوروپا و ناتۆ لە ئوکراین نموونەی تازەی ئەم کێشمەکێشەیە کە وێرانی و کۆشتاری خەڵکی ئەم وڵاتەو و هەڵخراندی هەستی گروپە فاشیستی و مورتەجعەکانی ناوچەکەی لێکەوتۆتەوە. ئەم شەڕەش ریشەی لە قووڵ بوونەوەی قەیرانی نیزامی سەرمایە داری دایە و شەڕی دوو جەمسەری سەرمایەداریە، ئیرتجاعییە و دەبی هەموو لایەنەکانی مەحکوومی کرێن.
ئەگەر لەم شەڕانەدا سەدان میلیارد دولار خەرج دەکرێ و نوێترین چەکی مەرگباری هەدوو لا بە گیان و ماڵی خەڵک تاقی دەکرێتەوە و پارە و تێچووی بە سەر سفرە و گیرفانی خەلکی فەقیر و هەژاری دونیادادەسەپێ، حاکمانی سەرمایەداری بۆیان گرینگ نییە. بەڵام ئەم نیزامە دژی ئینسانییە لە ئاست پەتای کرۆنا بێتوانایی و بێ مەسئولییەتی خۆی نیشان دەدا. سەرمایە داران و دەوڵەتەکانیان ویستیان لەم پاندمیەش بۆ مەسلەحەتی سیاسی و کەڵەکە کردنی سەرمایەکانیان کەڵک وەردەگرن و لەم بوارەش دا بایەخێک بۆ گیانی ئینسانەکان دانانێن.

هاورێیانی ئازیز! کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە لە هەلومەرجێک دا دەگیرێ، کە لە ئێرانیشکۆماری ئیسلامی لە ئاکامی قەیرانی هەمەلایەنەی سەرمایەداری و ئاسەوارەکانی رووخێنەری بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئابووری نئولیبرالی، گەیشتۆتە بونبەست. فەساد و گەندەڵی و رانت خۆری سەران و کاربەدەستانی رژیمکە سەراپایحکوومەتی ئیسلامی داگرتوە، لە لایەک و سیاسەتی چەوت و مایە پووچی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی لە لایەکی دیکەوە،بۆتە هۆی چوونە سەریبێکاری لە رادەبە دەر و فەقیری و هەژاری زۆرتر. تا ئەوجێ کە جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش توانای کرێنی پێداویستیەکانی ژیانیان لێ بڕاوە و رۆژ لەگەڵ رۆژ سفرەی ماڵیان بەتاڵتر و چکۆلە تر دەبێتەوە.
داڕمانی ئابووری کۆماریئیسلامیو بێ توانایی لە دابین کردنی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی وەک دەرمان و بیهداشت و خوێندنی خۆرایی و پاک و خاوێنی ژینگەش نیشانەی نەبوونی سەڵاحییەتی ئەم رژیمەیە لە دەسەڵاتدارێتی وڵات.ئەم داڕمانە ئابووریتا ئەو رادە چۆتە پێش کە بردنە سەری ۵۷ لە سەدی لانی کەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ئەم ساڵیش، قەرەبووی چوونە سەری گرانی و تەوەروم و هەڵاوسانی ئابووری رژیم ناکاتەوە. قەیرانی سەرپەنا و مەسکەن دایمە پەرە دەگرێ و رۆژ بە رۆژ خەڵکانێکی زیاتر بەجەمعییەتی حاشیە نشینی شارەکان زیاد دەبێ. ئەمە خەسڵەت و ماهییەتی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداریە کە کەمایەتێکی بچووکزیاتر لە ٩٠ لەسەدی سەروەت و سامانکی کۆمەڵگاداگیر دەکەن و زۆربەی هەرە زۆری خەڵکیش لە ئیمکانات و سەروەت و سامانی سرووشتی خۆیان بێ بەش دەکا.

لە لایەکی دیکەوە کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە لە هەلومەرجێک دا دەگیرێ، کە کۆمەڵگای ئێران لە جۆش و خرۆش دایە و خەبات و تێکۆشانی کرێکاران و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان وەک بزووتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینان، ژنان و خوێندکاران و لاوانی بێکار بە هێنانە گۆڕی ویست و داخوازەکانیان رژیمیان خستۆتە ژێر گوشارەوە. هێنانە سەر کاری مەجلیس و دەوڵەتی نیزامی و تووندکردنەوەی سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجەش نەیتوانیوە پاشەکشە بە کرێکاران و خەڵکانی تۆڕە و وەگیان هاتوو لە دەست ئەم رژیمە دژی ئینسانیە بکا. رۆژانە شاهیدی دەیان مانگرتن و کۆبوونەوەی ئیعترازی کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی کەم داهات و فەقیری کۆمەڵگاین.لە دڵی ئەم خەبات و کێشمەکێشە دا، کۆمەڵێک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە باری وشیاری و زانستی سیاسی و چینایەتی، پەروەردە بوون و رێبەران و هەڵسووڕاوانی لێهاتوو و کارزانیان لێ پەیدا بووە.بە دڵنیایەوە دەکرێ بڵێین کە لە ئێران هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خەباتی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و بە زەرەری کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە.

ئەم گۆڕانکارییانە بە هەمان هۆکار لە کۆمەڵگەی کوردستانیش هاتۆنە ئاراوە. لە کوردستانیش قوتببەندی سیاسی و چینایەتی ڕوونتر بووەتەوە. هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری لە کوردستان هەوڵ دەدەن لە تۆڕێکی بەرین دا لەگەڵ هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری لەئاستی سەرتاسەری لە پێوەند و هاوئاهەنگی دابن. بێگومان ئەم بارو دۆخە کۆمەڵایەتییە، بۆ ئێمەش وەک کۆمەڵە ئەرک و ئەولووییەتەکانی کارمان دیاری دەکا.

بەڵام ئەم ئەرک و ئەولەوییتانە کامانەن؟

کۆمەڵە تەنیا بە هێزی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنانی ستەملێکراوی کوردستان و لاوانی مەحرووم و بێکار پشت ئەستوورە و دەبێ لە ئاست گیر و گرفتەکانی کۆمەڵگای کوردستان و تەنانەت لە بواری مەسەلەی نەتەوەییش لە ڕوانگەی بەرژەوەندی ئەوانەوە هەڵسوو کەوت بکا و ڕەوتی پێشڕەویی خۆی مسۆگەر بکات. کەوابوو ئەرک و ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵە دەبێ لەم واقعییەتە کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگای کوردستانەوە سەرچاوە بگرێت.
لە کوردستان یەک لەو ئەرکە گرینگانە کە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە دەبی لە دەستووری کاریان دابێ، هەوڵ دان بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران وەک شورا، سەندیکا، کۆمیتە، بنکە و هیتر لە کارخانە، کارگە و شوێنەکانی کار و ژیانی کرێکارانە. هەولدان بۆ پەرەدان و بەشداری لە جموجۆڵی نارەزایەتی جەماوەریرێگە خۆش کەری بەستێنی ئەم ئەرکە گرینگەن. هاوپشتی و هاو خەباتیدوو لایەنەی کرێکاران و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵایەتی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی سەراسەری ئێران، هێز و توانایەک پێک دێنی کە بۆی دەکرێ پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی بکا و داخوازەکانیانی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانیش بە سەر رژیم دا بسەپێنێ.

هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کۆردستان پێویستە وشیارانە لە بوارەکانی چالاکیی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، و کلتووری و بوارەکانی دیکە لەوانەش خەبات دژ بە لەناوبردنی ژینگە، دیفاع لە مافی منداڵان، دژایەتی کووشتن و توندنتیژی بەرابەر بە ژنان و هیتر بۆ هێنانە مەیدانی جەماوەر چالاکانە بەشداری بکەن.

ئەرکێکی بەردەوامی دیکەی ئێمە کۆشش وهەوڵدانە بۆ پەرەدان بەرێکخراوی کۆمەڵەو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.بەداخەوە رادە و پانتایی تەشکیلاتی مان لەگەڵ ئاستی نفووز و ئیعتباری کۆمەڵایەتی و مەعنەوەیی کۆمەڵە هاوسەنگیی نییە و پێویستە هاوڕێیانی حیزبی بە تەبلیغ و تەرویجی سۆسیالیستی، بە کاری بەحەوسەلە و بە شێنەیی، تۆڕی ڕێکخراوەیی و حیزبیی کۆمەڵە لەناو کرێکاراندا ڕێک بخەن. هەوڵی خۆیان بو راکێشانی سرنجی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئینسانی چەپ و کۆمۆنیست و خۆشنێوی کۆمەڵگا بۆ هاتنە ناو ریزی خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بخەنە گەڕ.نابێ لە هیچ باروودۆخێکدا لە ئەنجامی چالاکیی سۆسیالیستی کۆتایی بکرێت.
لە باروودۆخی گۆڕدراوی سیاسیی ئێستا و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی کرێکاری و جەماوەری، گەلێک ئاسانکاریی بۆ پەرەپێدانی ڕێکخراوی حیزبی لەئاستی بەریندا لەناو کرێکاران دا پێکهاتوە. هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە کە خۆیان لە درێژی سوننەتی ڕێکخستنی کۆچی مەریوان، پێکهێنانی بنکەی گەڕەکان لە سنە و ڕێکخستنی مانگرتنی گشتی لە کوردستان، لە درێژەی سوننەتی ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی و هەشتی مارس و بەرپاکردنی کۆمیتەی گەڕەکەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لافاو و بوومەلەرزە و ڕووداوە سرووشتییەکانی تر دەبیننەوە، لەباروودۆخی ئێستاشدا ڕێگای پێشڕەویی خۆیان بۆ پەرەپێدانی ڕێکخراوی حیزبی دەدۆزنەوە.

خاڵێکی دیکەی جێی ئاماژە بوونی ستەمی نەتەوایەتی و خەباتی جەماوەری لەدژی ئەم ستەمە لە کوردستان، و دەور و نەخشێکە کە کۆمەڵە وەک پشتیوانی بەرژەوەندی کرێکاران لەو بوارەدا بوویەتی. مێژووی ئەم هەڵوێست و پشتیوانیەپێگەیەکی گونجاوتری بە چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی کوردستان بۆ بەرەوپێش بردنی ئەرکەکانیانبەخشیوە. بەسەرنجدان بەوەکە کۆمەڵە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە خاڵە وەرچەخانەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیکوردستان لە ڕوانگەیدیفاع لە قازانج و بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان بە پێداویستییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان وڵامی داوەتەوە، لەناو کرێکاراندا خاوەن ئیعتیارێکی تایبەتە. رێگاچارەی کۆمەڵە بۆ حەلی ستەمی نەتەوایەتی واتە ”دیاری کردنی مافی چارەنووس”یش هەر لەم واقعییەتە سەرچاوە دەگرێ. کۆمەڵە لە زۆر شوێن بە وردی خاڵە لاوازە کانی”فدرالیزم”ی وەک رێگا چارەی حیزب و لایەنە ناسیونالیستەکان و مەبەستیانی خستۆتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و ڕایگەیاندوە کە ئەم بە ناو رێگا حەلە تەنیا بۆ دابەش کردنی دەسەڵات لە ناو ئەو حیزبانەیە نە چارە سەری ستەمی نەتەوەیی.

بەرێزان لە کۆتایی دا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە جیابوونەوە و ئینشعابێک کە لە چەند مانگی رابردوو دا لە کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیست دا رووی دا بکەم.
ئەم کۆنگرە لە هەلومەرجێک دا بەرپا دەبێ کە لە چەند ساڵی رابردوو دا بە هۆی کێشە و ناکۆکی ناوخۆی تاشکیلاتی، بەشێکی زۆر لە کات و توانا و ئینیرژی ئێمەی بە خۆیەوە مەشغوڵ کردبوو. لایەنی راستی ناو کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیست دوای چەند ساڵ هەوڵدانی بەخشکە، بۆ سازماندانی ئینشعابێک بە مەبەستی وەلانانی باڵی چەپ، بە بەڕێوە بردنی بەناو کۆنگرەی ١٨، بە پێی ئائین نامەی نا مەشەرووعی ئەم کۆنگرە، هەموو ئەندامانی باڵی چەپی ناو تەشکیلاتی لە بەشداری لە کۆنگرە مەنع کرد. بەم جۆرە جیابوونەوەی خۆی لە کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران یەک لا کردەوە. باڵی راست بەم کارە ئینحلال تەڵەبانە دژی تەشکیلاتیە، هەموو ئەو کادر و ئەندامانەی کە ئێستا لەم کۆنگرە فەرمیە دا هەین و ئەندامانێکی زۆری دیکەش کە نەیان توانیوە حازر بن، بە ٧٥ لە سەدی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیشەوە کە باڵاترین دەسەڵاتی حیزب و کۆمەلەن، لە بەشداری لە بەناو کۆنگرەکەیان بێبەش کرد.

ناوەرۆکی ئەم ئینشعابە لە باری سیاسێوە راست رەوانە و لادان لە بەرنامە و ستراتێژی سۆسیالیستی و سیاسەتەکانی فەرمی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیست بوو و تێکدەرانە بوو. بەم جۆرە تاوانی لەت کردنی تەشکیلاتیان لە مێژوودا بۆ خۆیان تۆمار کرد. رێبەری باڵی راست زیاتر لە پێنج ساڵ بوو لە ژێر ناوی ئەوەدا کە ناکۆکی سیاسی لە ئارا دا نییە، بە مەبەستی وەلانانی هاوڕێیانی باڵی چەپ و بەرگری لە هەڵسووڕانی سیاسی مان، ژێر بەژێر دەستی دایە تەسفییەی سیاسی و بەدەستەوە گرتن و قەبزە کردنی دارایی و ئیمکاناتی تەشکیلات بە ئۆرگانەکان و بە ”ئوردوگاشە”وە. تا بێ موشکل سیاسەتەکانی راسترەوانەی خۆی بەرێتە پێش. ئیمکاتانێک کە بە رەنجی کار و تێکۆشانی تا ئێستای هەموومان بۆ بەڕێوە بردنی ئەرک و چالاکی سیاسی مان بەدەست هاتوە تا ئێستاش دەستی بەسەر داگرتوە.
لایەنی ئینشعاب ئەگەر پێی وایە بەم کردەوانەی دەتوانێ بەر بە چالاکی و هەڵسووڕانمان بگرێ بە هەڵە چووە. بە پێچەوانە، ئەم کردەوانەش بۆتە پێوانەیەک بۆ درووستی بۆچوون و لێکدانەوەی ئێمە لە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی کە بە سەریان دا هاتوە. بێگومان ئەم کردەوانەش بەڵگەیەکەن بۆ ناسینی زیاتری ماهییەتی جناحی راست لە لایەن کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و وشیاری کوردستان کە کۆمەڵە یان لە باوەشی خۆ دا پەروەردە کردوە و نایان بەخشن.

رەوتی ئینشعاب هەر لێکدانەوەیەکیان لە ناوەرۆکی کێشە ناوخۆییەکان بوو بێ، ناتوانێ ئەم راستیە بشارێتەوە کە ئومێدی بە سەرکەوتنی بزووتنەوەی سۆسیالیستی و چینی کرێکار و شۆڕشەکەی نەماوە. نیزیک بوونەوەیان لە حیزبە ناسیونالیستەکان و دوورکەوتنەوەیان لە حیزب و لایەن و کەسایەتیە سیاسیە چەپەکان، ئەم راستیە دەسەلمێنێ کە ئەو رێگایەی گرتوویانەتە پێش، هیچ پێوەندێکی بە دەسەلاتداری شوراییەوە نییە و لە فکری پلان و دارشتنی نەخشە بۆ دامەزرانی دەسەلاتدارێتی ئەحزاب بۆ دوارۆژی کۆمەڵگای کوردستانن، کە فڕی بەسەر ستڕاتێژی سۆسیالیستێ وە نییە.
بەڵام ئاشکرا کردنی ناوەرۆکی ناکۆکیە سیاسیەکان لە لایەن ئێمەوە و دەخاڵەتی هەڵسووراوانی کرێکاری و سیاسی لەم کێشە و ناکۆکییە دا، ئەم پرۆژە داڕێژراوەی باڵی راستی پووچەڵ کردەوە و شکستی پێ هێنا. سکانداڵ و هەڕەشە و توڕەیی لە دژی ئێمە و کۆسپ سازکردن لەسەر رێی ئەرکەکانمان لەم ماوەش دا، هەر نیشانەی ئەم شکستە بوو.

سەرەڕای هەموو ئەوانە دەبێ دان بەوە دابنێین کە لە چەند ساڵی رابردوودا بە هۆی قەیرانی ناوخۆی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، رادەی یەک گرتوویی و بەڕێوەبردنی کار و هەڵسووڕانمان لە گەڵ بەڕێوەبردنی ئەرک و وەزیفەمان هاوسەنگ نەبوە. حیزبی ئێمە نە بە قەد پێشرەوی و نیاز و پێداویستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە ئەرکەکانی بەڕێوەبردووە و نە بە قەد رەوتی لاواز بوونی پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و نزیک بوونەوەی کۆمەڵگا لە هەلومەرج و قۆناغی ئینقلابی و شۆڕشگێرانەی خۆمان ئامادە کردوە و لە بارەوە لە دواین. بەڵام سەرەڕای ئەوانە دەبێ دەورەی ئینشعاب تەواو بێ ولەوە بەو لا پێویستە لە هەمان کاتدا کە پێداگری لە سەر بەڕێوە بردنی کار و ئەرکمان لە سەر رێبازی ستراتیژی کۆمۆنیستی و سیاسەتەکانی پەسەندکراوی کۆنگرەکانمان لە هەموو بەشەکانی تەشکیلات دەکەین، بە پێی نیازی ئەم قۆناغە لە تێکۆشان، خۆمان نوێژن و رێک خەینەوە و هەموو هێزمان بۆ ئەنجامی ئەو ئەرکانە بخەینە گەڕ.

لە کۆتایی دا جارێکی دیکە سپاسی هەموو ئێوەی بەرێز و ئەو حیزب و لایەن و شەخسییەتە سیاسیانە دەکەین کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو لە کێشە و ئیختلافی ناوخۆدا بە هەڵوێستی رادیکاڵ و سۆسیالیستی شۆڕشگێڕانە پشتیوانیان لە ئێمە کردوە.

هەر شاد و سەرکەوتوو بن