لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیدا کێشەی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری و هاتنەخواری توانای کڕینی کرێکاران بووەتە یەکێک لە پرسە بنەڕەتییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری. چوونەسەری بەرینی ڕێژەی تەوەرۆم، دابەزینی بەهای پارەی ئێران و چوونەسەری بەردەوامی خەرجییەکانی ژیان بووەتە هۆی ئەوەیکە حەقدەستی کرێکاران چیدی وڵامدەرەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان نەبێت. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کێشەیە، ناتەبایی زیادکردنی حەقدەست لەگەڵ ڕێژەی تەوەرۆمی ڕاستەقینەیە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی تەورۆمی ساڵانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٥% بووە بەڵام ژێرەی زیادکردنی ساڵانەی حەقدەست بەشێوەی مامناوەند لە دەوروبەری ٢٠ بۆ ٣٠ لەسەددا بووە. ئەم بۆشاییەی نێوان ڕێژەی هەڵاوسان و حەقدەست، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کڕینی کرێکاران و هەموو ساڵێ مەودای نێوان حەقدەستی دیاریکراوی لەگەڵ هێڵی هەژاری زیاتر کردووە. لەژێر ئەم هەلومەرجە و چوونەسەری بەردەوامی بەهای دۆلاردا، نرخی پێداویستیی ڕۆژانەی بنەماڵە کرێکارییەکان، وەک خۆراک، خانووبەرە، خزمەتگوزاری تەندروستی و تێچووی خوێندنی منداڵان، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و حەقدەستی دیاریکراو تەنانەت خەرجی دە ڕۆژی مانگێکی بنەماڵە کرێکارییەکان دابین ناکات.
لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابوورییەدا کە بەسەر زۆرینەی چینی کرێکاری ئێراندا سەپێنراوە، دەوڵەتی پزیشکیان لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٤دا ڕێژەی زیادکردنی حەقدەستی بۆ کرێکارێکی سەڵت ٢٠% و بۆ کرێکارێکی خێزاندار بەشێوەی مامناوەند ٢٨% لەبەرچاوگرتووە. هەر لەسەر ئەو بنەمایە، شۆرای باڵای کاری ڕژیم لە ناوەڕاستی مانگی بەفرانبارەوە لەگەڵ نوێنەرانی سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و گشتی و نوێنەرانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەر بە حکوومەتی ئیسلامی بۆ دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٤ دەستی کردووە بە چەنەلێدان و موزایەدە.
دیاریکردنی ٢٨%ی حەقدەست بەپێی گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٤ لە کاتکێدایە کە لەم دواییەدا حەمیدڕەزا ئیمام قۆلی تەبار، بەرپرسی “ناوەندی باڵای نوێنەرانی کرێکاران” کە هاوشێوەی شۆرا ئیسلامییەکان و خانەی کاریگەر یەکێک لە ناوەندە دژەکرێکارییەکانی سەربە ڕژیمە، لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی تەسنیم دانی بەوەدانا کە خەرجی سەبەدی بژێوی بنەماڵەیەکی کرێکاری نزیکەی ٤٠ ملیۆن تمەن لە مانگدایە. هەروەها وتیشی: “ئەم ڕێژەیە بۆ بنەماڵەیەکی ٣.٣ کەسییە کە بە ئاستێکی لانیکەمەوە بژین. بۆ ژیانێکی ئیدئال خەرجی سەبەدی بژێو زیاتر لە ٥٠ ملیۆن تمەنە. ئەگەر مامناوەندی حەقدەستی کۆمەڵگەی کرێکاری لە حاڵەتی خۆشبینانەدا نزیک بە ١٥ ملیۆن تمەن لە نەزەر بگرین، تەقریبەن نزیکەی ٣٠%ی خەرجییەکانی بنەماڵە بە حەقدەستی ١٥ ملیۆن تمەن دابین دەکرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە هێندێک لە پارێزگاکان نزیک بە ٩%ی کرێکاران لەژێر یاسای کاردا حەقدەستیان پێدەدرێت، واتە حەقدەستێکی نزیک بە ٧ بۆ ٨ ملیۆن تمەن وەردەگرن”.
دەوڵەتی مەسعوودی پزیشکیان لە درێژەی سیاسەتی سەرمایەدارانە و هەرزان کردنی هێزی کاردا بە دیاریکردنی بردنەسەری ٢٨%یی حەقدەستەکان لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٤ بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە دەیهەوێ هەزینەی قورسی قەیرانی سەرمایەداریی ئێران و ئیفلاسی ئابووری، هەزینەی بەرینی بەرنامەی ئەتۆمی و شکستی سیاسەتی ناوچەیی ڕژیم بە داسەپاندنی هەژاری و نەهامەتیی زیاتر بەسەر ملیۆنان بنەماڵەی کرێکاری دابین بکات. دەوڵەتی پزیشکیان لە کاتێکدا هێرش بۆسەر ئاستی بژێوی کرێکاران درێژە دەدات کە بەپێی گەڵاڵەی بوودجەی دەوڵەت لەمساڵدا ٢٠٠% بوودجەی زیاتر بۆ “بەهێزکردنی بواری دیفاعی” دەخرێتە ئیختیار ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. هەر لەم مانگانەی دواییدا سەدان ملیارد تمەنیان بە گەڵاڵەی کۆنەپەرستانە و دژەژنی پێکهێنانی کلینیکەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێحیجابی تەرخان کردووە. بەڵام ئەم کارگێڕانەی سەرمایە سەرەڕای ئەو هەمووە گەندەڵی و دزییە گەورەیەی کە لە کارنامەیان دایە، کاتێک باسی بردنەسەری ئاستی حەقدەست دێتە گۆڕێ، چوونەسەری تەوەرۆم و “دەخڵ و خەرجی” دەوڵەت دەکەنە بیانوو.
لەئێستادا بەلەبەرچاوگرتنی ڕاگەیاندنی ٢٨%ی حەقدەستەکان لە گەڵاڵەی بوودجەی ١٤٠٤ و درێژەی گفتوگۆی ناوەندە حکوومەتییەکان لە شۆرای باڵای کار لەسەر دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست، هێندێک لە ناوەندە سەربەخۆ کرێکارییەکان، خەرجی مانگانەی ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکارییان بۆ ساڵی ١٤٠٤، ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن تمەن حیساب کردووە. هەروەها پێشبینیی ئەوەشیان کردووە کە بەسەرەنجدان بە ڕەوتی چوونەسەری ڕێژەی تەوەرۆم ئەم ڕەقەمە دەگاتە ٥٥ بۆ ٦٠ ملیۆن تمەن لە مانگدا. بەڵام ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران تەنانەت حازر نییە هەزینەی بەرهەمهێناوەوەی هێزی کار کە شتێک نییە بێجگەلە هەزینەی پێداویستیی ڕۆژانەی کرێکار و بنەماڵەکەی، واتە هەزینەی خواردن و پۆشین و تەندرووستی بدات. بەلەبەرچاوگرتنی کینە و سەرسەختیی سەرمایەداران بۆ لەخوارێ ڕاگرتنی لانیکەمی حەقدەستەکان، دیاریکرنی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ تێچووی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی، و دیاریکردنی هێڵی سوور بۆ سەرمایەداران تا نەتوانن حەقدەستەکان لەئاستێک کەمتر بکەنەوە، بووەتە یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی کرێکارانی ئێران. بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران وەک بەشێک لە بزووتنەوەی چینی کرێکاری جیهان، بەو ئامانجەوە کە کەم داهاتترین بەشی چینی کرێکاریش بتوانێت بەسەرەنجدان بە ئاستی تەوەرۆمی واقعی، لە دەیەی سێهەمی سەدەی بیست و یەکدا پێداویستییە ئەساسییەکانی ژیانی خۆی دابین بکات، لەسەر بردنەسەری ئاستی حەقدەست تەئکید دەکات.
لە بارودۆخێکدا کە سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران یەکێک لە چالاکترین بزووتنەوەکانە، لە قۆناغێکدایە کە زۆرترین مانگرتن و ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبات، خواستی بردنەسەری حەقدەست بەپێی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی خواستی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانە و ئەم خواستەش خاوەنی هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتییە، لەم ڕووەوە بەستێنی بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو و سەرتاسەری بۆ زیادکردنی حەقدەستەکان بوونی هەیە. لەم بارودۆخەدا ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری کە لەگەڵ ناوەندەکانی خەباتی کرێکاران لە پەیوەندی نزیک دان، پێویستە دەست بخەنە ناو دەستی یەک و بە جێخستنی پەیوەندی و هاوکارییەکانیان، بۆ ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی کرێکاران لە دەوری بردنەسەری ئاستی حەقدەست زەمینەسازی بکەن. لەگەڵ وەحەرەکەت کەوتنی یەکگرتووانەی کرێکاران لە کارخانە و ناوەندە سەنعەتییە گەورەکان، کرێکارانی کارگە سەنعەتییە چکۆلەکانیش لەئاستێکی بەریندا پێیان پەیوەست دەبن. ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرین و یەکپارچە لە کارخانە و ناوەندە سەنعەتییە گەورە و سەرەکییەکان تەنیا ڕێگای مسۆگەرکردنی درێژە و پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاری و تەنیا ڕێگای تێکشکاندنی هێرشی بێسنووری حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداران بۆسەر ژیان و سفرەی بەتاڵی کرێکارانە.