فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی لە چوار بەرەدا دژی ئیسرائیل چالاکی دەکات
سێشەممە ۰۷-۰۱-۱۴۰۳   |  26-03-2024

ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوە وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی بە “دوژمنی سەرەکی ئیسرائیل” ناو برد و وتی: ئەو ڕژیمە لە چوار بەرەی جیاوازدا دژی ئیسرائیل چالاکی دەکات.
دانیێل هاگاری لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وڵامی پرسیارێکی گۆڤاری نیوزویک ڕایگەیاند، ڕژیمی ئیسلامی بەشێوەیەکی سەردەمیانە لوبنان، یەمەن، عێراق و سووریەی داگیر کردووە و ئەو وڵاتانەی بۆ شەڕکردن بەکار هێناوە.
ناوبراو گرووپە فەلەستینیەکان و میلیشیا ئیسلامییەکانی لوبنان، عێراق، سووریە و یەمەنی بە ئەندامی کەمپەینی تێکدەرانەی ڕژیمی ئیسلامی ناو برد و ڕایگەیاند: دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چەندین جار ڕەتیان کردووەتەوە کە فەرماندەیی یان کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکانی ناسراو بە میحوەری موقاومەت دەکەن، بەڵام هەمیشە بەتایبەت لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا ئەو ڕژیمە جەختی لەسەر پشتیوانیی سەرتاسەری لەو گرووپانە کردووە.
وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل زیادی کرد: ڕژیمی ئیسلامی زانیاری و چەک بە حیزبوڵڵا و حوسییەکان و میلیشیاکانی لە عێراق و سووریە دەدات تا ئەو گرووپانە ئاڵۆزی لە ناوچەکە دا دروست بکەن، و لە بەرانبەردا ئەوانیش پارەی باش لە ڕژیم وەردەگرن بۆ دروستکردنی نائەمنی.
عەلی خامنەیی ماوەیەک پێش ئێستا وتی: ئێمە تا دەتوانین پشتیوانی و یارمەتی گرووپەکانی موقاومەت دەکەین و ستایشی کارەکانیان دەکەین، بەڵام ئەوانن کە بڕیار دەدەن کە چی بکەن و چۆن هەنگاو هەڵبگرن و ئەوەش مافی خۆیانە.
هەر لەو پێوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا ڕۆژی سێشەممە ۷ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسی گرووپی فەلەستینی حەماس، سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕژیم لەوانە حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان دیدار و ڕاوێژ دەکات.