ڕۆژی شەممە ٩ی مانگی گوڵان، دوو ڕۆژ بەر لە ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار عەلی خامنەیی لە دیدار لەگەڵ جەمعێک کە لەژێرناوی “کرێکار” بۆ ئەم سوخەنڕانییە بردرابوون، بە تووڕەیی و دووڕووییەوە باسی کرێکارانی کرد. خامنەیی وتی: ”باشترکردنی ژیانی کرێکار دەبێتە هۆی باشتربوونی وەزعی وڵات. لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، داهات پێویستە لە هەوڵ و کار و کۆششەوە سەرچاوە بگرێت”. کۆماری ئیسلامی بەپێی زاتی دژەکرێکاریی، ئەوەڵی مانگی مەی بەڕەسمی ناناسێ بەڵام بەمەبەستی بێ ناوەرۆک کردنی، ئەو هەفتەیەی کە ڕۆژی کرێکاری تێدایە، ناوی ناوە “هەفتەی کار و کارگەر”. دیدارەکەی ڕۆژی شەممەی خامنەییش بە هەمان ناو و بەم بۆنەوە بەڕێوەچوو. بێگومان درۆودەلەسە و فریوکاریی خامنەیی تووڕەیی و نەفرەتی کرێکاران لە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو پەرەپێدەدا. ئەم کەسە دژەکرێکارە سەرۆکی حکوومەتێکە کە چوار دەیەیە ژیان و گوزەرانی کرێکارانی نوقمی هەژاری و فەلاکەت کردووە. خامنەیی لە حاڵێکدا باس لە باشترکردنی وەزعی کرێکار دەکات و دەڵێ “باشترکردنی ژیانی کرێکار دەبێتە هۆی باشتربوونی وەزعی وڵات” کە نزیکەی دوو هەفتەیە زیاتر لە سەد هەزار کرێکار لە پتر لە ١١٠ پاڵاوگە، وزەخانە، کارگە، شیرکەت و ناوەندی کرێکاری لە ناوەندەکانی نەوت و گاز لە ناڕەزایەتی بە لانیکەمی حەقدەستی چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری لە مانگرتن و ئیعتڕازدا بەسەر دەبەن و مۆرەکانی حکوومەت لە هیچ هەوڵ و تەفرەقەناوەیەک بۆ تێکشکاندنی ئەم مانگرتنە دەریغیان نەکردووە. خامنەیی لە حاڵێکدا بێشەرمانە دەڵێ “ناڕەزایەتیی کرێکاران کۆمەک بە دەوڵەت و وشیارکردنی نیزامە” کە چالاکانی کرێکاری بە تاوانی داخوازیی ڕەوا و ئینسانییان وەحشیانە دەخەنە ژێر چاوەدێری و زیندانییان دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن. بەڕێوەبەری مفتەخۆر و گەندەڵ و دزی “سازمانی مەنتەقەی ویژەی پارسی جنوبی” ڕایگەیاند کە “لە هەشت پڕۆژەی پێترۆشیمیی ئەم ناوچەیە چوار هەزار کرێکاری قەراردادیی مانگرتوو دەردەکات و لەجیاتیان کرێکاری تازە دادەمەزرێنێت. ئەمەیە نیگای ئیسلام بە خواست و مافی کرێکاران.
خامنەیی لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا خۆی لە نەزانیدا و وتی: ”پارە و سەروەتی باهێناو، لەڕێگەی واستە، سەوداگەری و دەڵاڵبازی، بەرتیل و سوودخۆری دژی فەرمانی پەروەردگارە”. ئەم خۆلەگێلیدان و فریوکارییە لە حاڵێکدایە کە دزی، گەندەڵی و مفتەخۆری کە سەرتاپێی ناوەندەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی داگرتووە لەلایەن باندە مافیاییەکانی دەسەڵات لە سپای پاسداران و بەیتی ڕەهبەرییەوە ئەنجام دەدرێت و بەم ئامانجە دەیان ناوەندەی مەزهەبیی ئابووری لەوانە “بۆنیادی شەهید”، “بۆنیادی موستەزعەفان”، “ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام”، “ئاستانی قۆدسی ڕەزەوی” و هیتر دروستکراون. خامنەیی باش دەزانێ کە ئەم ناوەندانە زیاتر لە ٨٠ لەسەدی ئابووریی وڵاتیان لە دەست دایە و لەلایەن مۆرە سەرەکییە دز و گەندەڵەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئیدارە دەکرێن. کامە مەنتق ئەم درۆ گەورەیەی خامنەیی قەبووڵ دەکات کە کرێکاران لەگەڵ نیزامی ئیسلامیی سەرمایە هاوڕێ و ڕەفیق بن؟ نیزامێک کە بە پارێزگاری لە بەرژەوەندی سەرمایەدارانی بەشی خسووسی و دەوڵەتی، بۆ چەوساندنەوەی زیاتر کرێکاران دەخاتە ژێر گوشاری بێکارکردن و ئیتاعەتکردنەوە تا ئەو حەقدەستە کەمەی کە وەریدەگرن بەجۆرێک کەمتر بکاتەوە کە تەنانەت نەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیشیان دابین بکەن.
خامنەیی، ئەم دوژمنە ڕاستەقینەیەی کرێکاران، بێهودە هەوڵ دەدات بۆ بەڵاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی کرێکاران بچێتە سەر مەنبەر و داخوازیی کرێکاران بە بابەتی وەک “دواخرانی حەقدەست”، “واگوزاریی غەڵەتی کارخانەکان”، “ڕوانگەی کرێکاران سەبارەت بە گەندەڵی” سنووردار بکات. مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران داخوازیی بنەڕەتیی وەک ئیدارەی شۆرایی شیرکەت و کارخانەکان، دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست بەپێی سەبەدی مەعیشەت و ڕێژەی تەوەرۆم، مافی پێکهێنان و ئازادیی چالاکیی سیاسی، ئازادیی کرێکاران و زیندانیانی سیاسی و هیتر لەخۆدەگرێت کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایە بەپێی زات و ماهیەتی ناتوانێ وڵامیان پێبداتەوە. لەم ڕووەوە ئەوە نەک دوژمنی فەڕزی، بەڵکوو هەر ئەم واقعیاتە و بێ مافیی کرێکارانە کە ئەوانی بەرەنگاری نیزامی ئیسلامیی سەرمایە کردووەتەوە. کرێکاران زاتەن و بەپێی بەرژەوەندی چینایەتییان هەر لە سەرەتای هاتنەسەر کاری نیزامی ئیسلامیەوە بەرەنگاری ئەم دەسەڵاتە بوونەتەوە و بە گۆشت و ئیسقانیان لەوە گەیشتوون کە دوژمنی ڕاستەقینەی کرێکاران لە ئێران هەمان سەران و کاربەدەستانی سەرمایەداری حکوومەتی ئیسلامین.
ئەوە دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەیە کە لە وەها بارودۆخێکدا هەوڵ دەدات باری گرانی قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری و هەزینە بەرینەکانی بەڕێوەبردنی سیاسەتی کۆنەپەرستانە و زێدەخوازانەی ناوچەیی، پەرەپێدانی تەسلیحاتی هەستەیی و مووشەکی و تێچووی بەرینی دامودەزگای جۆراوجۆری نیزامی و ئەمنییەتی بەسەر سفرەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا بسەپێنێت. ئەوە شۆرای باڵای کاری دژەکرێکاریی حکوومەتی ئیسلامییە کە لە وەها بارودۆخێکدا بە زەبری سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە دەیهەوێ حەقدەستی چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری بەسەر جەمعیەتی پەنجا ملیۆنیی بنەماڵە کرێکارییەکاندا بسەپێنێت. کرێکاران بیستیان کە ئەوە مۆرتەزەوی وەزیری بەناو “تەعاون، کار و ڕەفاهی ئیجتماعی” ڕژیم بوو کە لە وڵام بە مانگرتنی بەرینی کرێکاران و خواستی بردنەسەری ٧٩ لەسەدیی حەقدەست، ڕایگەیاند کە “ئیسلاحی حەقدەستی دیاریکراوی شۆرای باڵای کار لە دەستووری کاردا نییە”.
بەڵام مانگرتن و ناڕەزایەتیی دەیان هەزار کرێکاری سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی هەروا درێژەی هەیە. لەم کێشمەکێش و جەداڵە چینایەتییەدا سەرەنجام ئەوە هێزی مەزن و چارەنووسسازی چینی کرێکاری یەکگرتوو و ڕێکخراوە کە دەتوانێ دوژمنی چینایەتییان لە ئێران بە هەموو دامودەزگاکانی سەرکوتەوە ناچار بە پاشەکشە بکات. سەرەنجام ئەوە هێزی مەزنی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران، پەرستاران و باقیی توێژەکانی کۆمەڵگەیە کە دەتوانێ بە خەباتی پەیگیر و لێبڕاوانە خواستی خۆی وەدی بێنێت و ئەم حکوومەتە دز و گەندەڵ و دژەکرێکار و دژەئینسانە، کە بۆ مانەوەی دەسەڵاتە نگریسەکەی تەنانەت بەزەیی بە منداڵی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا نایە، دەیانکوژێ و مەسموومیان دەکات و مەجبووریان دەکات لەجیات فێربوون و پەروەردە، بۆ بژێوی بنەماڵە دەست بدەنە کاری دژوار و لەتاقەت بەدەر، بڕووخێنێ. هەروەک ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییەکان لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە: ”ئەم دەسەڵاتە نە شیاوی مانەوەیە و نە دەشتوانێ درێژە بە حەیاتی بدات”.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە