فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

وڵاتی چین بە سیخوڕیی سایبێریی بەربڵاو لە جیهان تۆمەتبار کرا
سێشەممە ۰۷-۰۱-۱۴۰۳   |  26-03-2024

بەرپرسانی ئەمریکا و بریتانیا وڵاتی چینیان بە سیخوڕیکردنی سایبێری لە میلیۆنان کەسی یاسادانەر، ڕۆژنامەوان، خوێندکار و کۆمپانیا جیاوازەکانی جیهان بەتایبەتی ئەو کۆمپانییانەی کە لە بواری بەرگریدا چالاکییان هەیە، تۆمەتبار کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز بەرپرسانی دوو وڵاتی ناوبراو ئاماژەیان بە گرووپێکی هاکێری بە ناوی “هەڕەشەی بەردەوام و پێشکەوتوو” یان “ئەی پی تی ٣١” کردووە کە وەک باڵێکی دەزگای ئەمنییەتیی چین، سیخوڕیی لە کارمەندانی کۆشکی سپی و یاسادانەرانی ئەمریکا و بریتانیا و بەرپرسانی هەموو وڵاتانی جیهان کردووە.
لیزا مۆناکۆ جێگری دادوەریی گشتیی ئەمریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی گرووپی هاکێریی “ئەی پی تی ٣١” ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی سایبێریی جیهانیی بە مەبەستی سەرکوتی ڕەخنەگرانی ڕژیمی چین، هەڕەشە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان و دزینی نهێنییە بازرگانییەکانە.
دادوەریی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوە بە دژی ٧ هاکێری چینی کە گومان دەکرێت لەو ئۆپەراسیۆنە سایبێرییەدا دەستیان هەبووبێت، تۆمەتنامەیەکی دەر کردووە.
هەروەها وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، کۆمەڵێک سزای بەسەر دامەزراوەی زانست و تێکنۆلۆژیی “وۆهان شیائوروویجی” و ٢ هاووڵاتی چینیدا سەپاندووە.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی بریتانیا گرووپی “ئەی پی تی ٣١”یان بە هاککردنی یاسادانەرانی بریتانیایی کە ڕەخنەگری سیاسەتەکانی چین بوون تۆمەتبار کردووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم گرووپە لە پشتی هاککردنی ڕێکخراوی چاوەدێریی هەڵبژاردنەکانی بریتانیا بووە.
لەم پێوەندییەدا باڵوێزی چین لە لەندەن ئیدعای بەرپرسانی بریتانیای بە تۆمەتی بێبنەما و دژبەرانە لە قەڵەم داوە.
شایانی باسە کە لەم دواییانەدا ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە نوێترین ڕاپۆڕتی ئەمنییەتی خۆیاندا سەبارەت بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی میللی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ٣ وڵاتی چین، ڕووسیە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لە قەڵەم داوە.