
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەدوای هەڕەشەی دووبارەی ترامپ و درێژەی هێرشی نیزامیی ئەمریکا بۆسەر حوسییەکانی یەمەن و هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکە، کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە ژێر فشارێکی زیاترەوە. ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی مانگی خاکەلێوە کەماڵ خەڕازی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی و سەرۆکی شۆرای ڕاهبۆردیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە یەکەمین کاردانەوەی بە نامەکەی ترامپ بۆ خامنەیی، ڕایگەیاند: “تاران هەموو دەرگاکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی بەسەر ئەمریکادا دانەخستووە بەڵکوو ئامادەیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بکات بۆ هەڵسەنگاندنی لایەنی بەرامبەر و ڕاگەیاندنی مەرجەکانی و بڕیاردانی گونجاو”. ئێوارەی هەمان ڕۆژ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕژیمیش بە هەواڵنێریی فەرمیی ڕژیمی ڕاگەیاند کە: “حکوومەتی کۆماری ئیسلامی وڵامی نامەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکای ڕۆژی چوارشەممە شەشی خاکەلێوە بەشێوەی گونجاو لەڕێگەی وڵاتی عەمانەوە داوەتەوە”. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم وڵامە، بۆچوونی ئێمە لەسەر بارودۆخی ئێستا و نامەکەی “ئاغای ترامپ”ی بە تەواوی گەیاندووەتە لایەنی بەرامبەر. بەڵام نە خەڕازی و نە عێراقچی سەبارەت بە ناوەرۆکی نامەکەی ترامپ کە ٢٢ی مانگی ڕەشەممە بەدەستیان گەیشت و نە سەبارەت بە ناوەرۆکی نامەکەی خۆیان کە بۆ ترامپیان نووسیوە ڕوونکردنەوەیان نەدا و تەنیا وتیان سیاسەتی ئێمە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکایە، هەروەک چۆن لە ڕابردووشدا ئەنجام دراوە. بەڵام سکای نیوزی عەرەبی ڕایگەیاندووە کە لە نامەکەدا چوارچێوەی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا باسکراوە.
لەم پەیوەندییەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەرچاوە ئاگادارەکان لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە نامەکەی ترامپیان گەیاندە کۆماری ئیسلامی ناوەڕۆکی ٨ بڕگەی نامەکەی ترامپ بۆ خامنەییان ئاشکرا کرد. کە بۆ نموونە تێیدا داوا کراوە: “کۆماری ئیسلامی دەبێت بە تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت؛ واز لە پشتیوانیکردنی هێزە نیابەتییەکان لە یەمەنەوە بۆ عێراق و لوبنان بهێنێت؛ و لە ماوەی دوو مانگدا گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکات. ئەگینا بەشێوەی هەمەلایەنە هێرشی نیزامی دەکرێتە سەر ئێران”. بەڵام ترامپ لە لێدوانەکانی ئەم دواییەیدا لەجیاتی دوو مانگ داوای کرد خامنەیی بە زووترین کات وەڵامی نامەکەی بداتەوە. لەم پەیوەندییەدا باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە عێراقیش ڕایگەیاند کە لە نامەکەی ترامپدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و یان تێکەڵ کردنی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق کراوە.
وەڵامدانەوەی خێرای کۆماری ئیسلامی بە ئەمریکا ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ترامپ لە هۆشدارییەکی هەڕشەئامێزی دیکەدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بە زووترین کات دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکات، ئەگەرنا ڕووبەڕووی لێکەوتەی سەخت دەبێتەوە. جگە لەوەش، ڕۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ ڕۆژی سێشەممە ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە جێگیرکردنی فڕۆکەی بۆمب هاوێژی “بی-٢ سپیریت” و فڕۆکەی گەیاندنی سووتەمەنی و هتد لە ئۆقیانووسی هیند بڵاوکردەوە و نووسیی ئەم کارەی ئەمریکا پەیامێکی ڕوونە بۆ کۆماری ئیسلامی.
ڕاگەیاندنی ئامادەیی کۆماری ئیسلامی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا و نۆشینی جامی ژەهر لەلایەن خامنەیی لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەو و کاربەدەستانی دیکەی ڕژیم زۆر جار وتبوویان “لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ ناکەین” و دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا عاقڵانە و هوشیارانە و شەرافەتمەندانە نییە. خامنەیی یەک ڕۆژ دوای ئەوەیکە ترامپ ڕایگەیاند کە نامەیەکی بۆ ناردووە وتی: “پەیامەکەی ئەمریکا فریوکارانەیە. پێداگریی دەوڵەتە ملهوڕەکان بۆ گفتوگۆکردن بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان نییە بەڵکوو بۆ حوکم کردن و زاڵبوونە. بۆ داسەپاندنی خواستەکانیانە. تەنیا بەرنامەی ئەتۆمیش نییە. سەبارەت بە ئیمکاناتی بەرگری و توانا نێونەتەوەییەکانی وڵاتە. فڵان کار مەکەن. فڵان کەس مەبینن. مەودای مووشەکتان نابێ لەوەندە زیاتر بێت”. عەلی خامنەیی لە پەیامە نەورۆزییەکەشیدا ئیدیعای کرد کە ئەمریکا دەبێ بزانێ کە بە هەڕەشەکردن لە کۆماری ئیسلامی بە هیچ جێیەک ناگات و ئەگەر خەراپکارییەک لەدژی ئێران بکات زلـلەیەکی سەختی بەردەکەوێت.
ڕەنگدانەوەی هەڕەشە بێ بنەماکانی خامنەیی لەلایەک و نمایشی ئاشکراکردنی “شاری مووشەکی ژێرزەمینی” لەلایەن سپای پاسدارانەوە و خۆهەڵکێشانی فەرماندەی هێزی ئاسمانی سپای پاسداران، حاجی زادە کە دەڵێت “ژمارەی شارە موشەکەییەکانمان” (دەستەواژەی سپای پاسداران کە بۆ گەورەنیشاندانی بنکە مووشەکییەکانی بەکاری دێنێت) ئەوەندە زۆرە کە ئەگەر ئەمڕۆ دەست بکەین بە ئاشکراکردنیان، دوو ساڵی تر تەواو نابێت، بوو بەهۆی ئەوەیکە لەماوەی دوو سێ ڕۆژدا بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران بچێتە سەرووی ١٠٠ هەزار تمەن و بەدوایدا هەموو پێداویستییەکانی خەڵک بەشێوەی بەرچاو گرانتر بن.
نیگەرانیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لە سەرهەڵدانی شەڕ یان تەنانەت هێرشی ئاسمانی بەردەوام لەو جۆرەی کە ئەمریکا لە یەمەن دەستی پێکردووە، بێهۆ نییە. ئەوان لە لایەکەوە لەگەڵ ڕژیمێکی ئیفلاس و تاوانکار بەرەوڕوون کە لەوانەیە لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتەکەیدا حازر بێت بە هەزینەی گیان و ماڵ و ژیانیان دەست بداتە ماجەراجوویی و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ تاوانکاران و شەڕخوازانێکی وەک ترامپ و نەتانیاهۆ بەرەوڕوون کە نیشانیان داوە بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندیان هیچ باکێکیان لە وێرانکردن و کۆمەڵکوژی و ئاوارەکردن نییە و دەستیان لە ئەنجامدانی هیچ تاوانێک ناپارێزن. هەڵیت و پڵیتی کاربەدستانی ڕژیم لە کاتێکدایە کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نیشانیان داوە نەتەنیا لە بەرامبەر ئەمریکا بەڵکوو لە بەرامبەر ئیسرائیلیشدا نە لە ناوەوە و لە ئاستی ناوچەییدا نەیانتوانیوە بەرگری لە خۆیان بکەن. کەوابوو بەپێچەوانەی ئیدیعا بێ بنەماکانیان، بۆ خۆدەربازکردنیان لە دەسەڵاتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ ڕێگایەکیان بێجگەلە دانوستان و گفتوگۆی ناشەرافەتمەندانە و “سازش و تەسلیمی قارەمانانە” لەپێش نییە. ئەو ڕێگایەی کە کۆماری ئیسلامی لە واقعدا ناچار بووە قبووڵی بکات.
بەڵام کێشە و کۆسپی سەرەکی لەسەر ڕێگای مانەوەی کۆماری ئیسلامی، پەرەسەندنی ڕۆژانەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگایە کە بە “سازشی قارەمانانە” لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر ناکرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی داماوتر لەوەیە کە وڵامێکی بۆ داخوازییەکانی کرێکاران و جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران هەبێت. درێژەی ئەم بارودۆخە ئیمکانی نییە و پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوە ئیعتڕازییانە و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی حەتمی و چارەهەڵنەگرە. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە چالاکانی پێشڕەو و ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی دیکە بتوانن لەسەر بەستێنی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ئێستا ڕیزەکانی خۆیان ڕێکخراوتر بکەن، ڕێبەریی سەرتاسەریی پێکبهێنن و پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دابین بکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn