فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

وەزیرانی دەرەوەی G7 سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی راپەڕیوی ئێرانیان مەحکووم کرد
شەممە ۱۴-۰۸-۱۴۰۱   |  05-11-2022

وەزیرانی دەرەوەی ٧ وڵاتی زلهێزی سەنعەتی جیهان ناسراو بە گرووپی” جی ٧” لە بەیاننامەی کۆتایی دانیشتنەکەیاندا، سەرکوتی وەحشییانە و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕووی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بە تایبەتی ژنان و منداڵانیان بە توندی مەحکوم کرد.
لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی هەینی ١٣ی خەزەڵوەر، لەلایەن وەزیرانی دەروەی وڵاتانی ئامریکا، بریتانیا، ئاڵمان، فەرانسە، ئیتالیا و ژاپۆنەوە بڵاو کرایەوە، هاتووە: “ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ ئامانجی سەرەکیی خەڵکی ئێران کە دەستەبەر کردنی داهاتوویەکی ڕوونتر، پاراستنی کەرامەت و مافە ئینسانییەکانە دەردەبڕین.

وەزیرانی دەروەی ٧ وڵاتی زلهێزی سەنعەتی جیهان هەروەها کوشتنی بە ئەنقەستی ژینا ئەمینیان بەتوندی مەحکووم کردوە و داوایان لە بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامی کردووە کە ڕێز لە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی خەڵکی ئێران بگرێت کە لە یاسا و ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکاندا هاتوون.