ڕۆژی پێنجشەمە ١٤ی گوڵان، یوئاو گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە حاڵێکدا سەفەری بۆ یونان کردووە وتوویەتی: بەرنامەی ئەتۆمی ڕژیمی ئیسلامی “پێشکەوتنی بەرچاوی” هەبووە و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەسەر ئەم بابەتە وتی: لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی بۆ دروست کردنی پێنج بۆمبی ئەتۆمی کەرەستەی پێویستی بەدەست هێناوە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە دیدارێکیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری یونان وتی: “هەڵە مەکەن، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە یەک بۆمبی ئەتۆمی ڕازی نابێت و تا ئێستا بۆ دروست کردنی پێنج بۆمبی ئەتۆمی مەوادی پیتێندراوی ٢٠٪ و ٦٠٪ی بەدەست هێناوە”
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیل، گالانت، هۆشداری داوە “پێشڕەوییەکانی کۆماری ئیسلامی و پیتاندنی ٩٠٪ هەڵەیەکی گەورە دەبێت کە دەتوانێت ئاگر لە ناوچەکە بەر بدات.”
هەروەها یوئاو گالانت ئاشکرای کردووە لە مانگی ڕابردوودا لە هاوکاری نێوان ئیسرائیل و یونان، دوو تیرۆریست کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆ هێرش کردنە سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان لە یونان نێردرابوون دەستگیر کراون.