١٠ڕێكخراوی كرێكاری و كۆمه‌ڵایه‌تی له ڕاگه‌یەندراوێكدا ڕایانگه‌یاند كه پشتیوانی له ناڕەزایەتییەکانی سێشه‌ممه‌ی دژی ئێعدام دەكه‌ن.
ئه‌و ١٠ ڕێكخراوه له‌و ڕاگه‌یەندراوه‌دا داوایان له هێزه سیاسییه ئازادیخواز و به‌رابه‌ری تەڵەبەکان، كرێكاران، مامۆستایان، خانه‌نشینكراوان و لاوانی شۆڕشگێر كردووە كه پشتیوانیەکی به‌هێز له چوارچێوه‌ی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕاگرتنی سزای ئێعدام بكه‌ن.
ڕۆژی ٨ی ڕێبه‌ندان بەندکراوانی زیندانی قزلحسار و بەندکراوانی سیاسی ئه‌و زیندانە له نامه‌یه‌کدا مانگرتنی حه‌فتانه‌ی خۆیان به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له دژی حۆکمی ئێعدام به ناوی سێشه‌ممه‌ی دژی ئێعدام ڕاگه‌یاند، دوای بڵاوبوونەوەی ئه‌و نامه‌یه بەندکراوانی زیندانی ئێڤین، بەندکراوانی زیندانی ناوه‌ندیی مه‌شهه‌د و سه‌قز پشتیوانی خۆیان له‌و ناڕه‌زایه‌تیه حهفتانهیه دەربڕی.
سێ هه‌فته له‌مه‌و پێش ئه‌و زیندانییانه‌ی كه سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پابوو له‌و نامه‌یه‌دا كه بڵاویان كردەوە، ڕایانگه‌یاند كه ئێمه شایانی مردن نین، و بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌نگی ئێمه ببیسرێت ناچارین هه‌موو سێشه‌ممه‌یه‌ک مان له خواردن بگرین، و بۆیه‌ش ڕۆژی سێشهممهمان هه‌ڵبژاردووه چوونكه ئه‌و ڕۆژه كۆتا ڕۆژی ژیانی هاوبهندییهكانمان بوو، و به‌شی هه‌رە زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی کە ئێعدام کراون له‌و ڕۆژه دا بووه.
ئه‌و ١٠ ڕێكخراوه كه پشتیوانی‌یان له سێشه‌ممه‌ی دژی ئێعدام كردووه بریتین لە یه‌كیه‌تیی خانه‌نشینكراوان، ئه‌نجومه‌نی بەرق و كانزای كرماشان، سه‌ندیكای نیگاركێشهكانی ئه‌لبورز، خوێندكارانی پێشڕه‌و، شۆرای خانه‌نشینكراوانی ئێران، شۆرای ڕێکخستنی ناڕه‌زایه‌تی كرێكارانی نه‌وت، شۆرای ڕێکخستنی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی غەیرەڕەسمی نه‌وت، شۆرای هاواهه‌نگیی ناڕه‌زایه‌تی په‌رستاران، ده‌نگی ژنانی ئێران و دامه‌زراوه‌ی دادخوازەکان.