فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

١١ی ڕەشەممە ڕۆژی شکستێکی دیکە بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان
چوارشەممە ۰۹-۱۲-۱۴۰۲   |  28-02-2024

قەرارە شانۆی هەڵبژاردنەکانی دوازدەهەمین دەورەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و شەشەمین دەورەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خوبرگانی ڕەهبەری ڕۆژی ١١ی مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی بەشێوەی هاوکات بەڕێوەبچێت. بەپێی مەرجە دیاریکراوەکان تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن خۆ کاندید بکەن کە باوەڕ و پابەندبوونیان بە ئیسلام و وەلایەتی فەقیە و قانوونی ئەساسی سەلمێندراوە و پێشینەیان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و شۆرای نیگەهبانەوە پەسندکراوە. لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بەم پێش مەرجانەی کە بۆ کاندیداتۆری لەم شانۆیەدا دیاریی کردووە، داوا لە خەڵکی ئێران دەکات کە ڕۆژی ١١ی ڕەشەممە بێنە پای سندووقەکانی دەنگدان و لەناو قافڵەی جەنایەتکاراندا، لەناو قاتڵانی ڕۆڵەکانیاندا و لەناو دزان و دەست و پێوەندەکانی ڕژیمدا ژمارەیەکی دیکە هەڵبژێرن تا بۆ چەند ساڵی دیکە بەسەریاندا دەسەڵاتداری بکەن.

ئەم فریوکارییە کە ناوی ئینتخاباتیان لەسەر داناوە، ٤٤ ساڵ لەمەوبەر لەو ڕۆژەوە دەستیپێکرد کە بۆ مەشرووعیەت دان بە ڕژیمی ئیسلامی ڕێفراندۆمێک بەڕێوەچوو. پرسیاری فریوکارانە و وڵامی “ئەرێ یان نا” کە بۆ ئەم ڕێفراندۆمە دیارییان کردبوو، بەجۆرێک بوو کە گۆیا ئەگەر کەسێک دەنگی “ئەرێ”ی لە سندووق نەخستبایە، بەمانای ئەوە بوو کە خوازیاری گەڕانەوەی ڕژیمی پاشایەتییە. سەرەڕای ئەم فریوکارییە ئاشکرایە، هەر ئەو کاتیش خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە وشیاریی تەواوەوە لەم ڕێفراندۆمەدا بەشدارییان نەکرد و مەشرووعیەتی ئەم ڕژیمەیان قەبووڵ نەکرد. لەدوای ئەم ڕووداوە و لەماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا هیچ ئینتخاباتێک لە ئێران بەڕێوەنەچووە کە تەنانەت بەپێی نزمترین ستاندارد و پێوەرە ناسراوەکانی دیموکراسیی بورژوازیش بە هەڵبژاردنی ئازاد هەژمار بکرێت.

گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممە تەنانەت بە ئیعترافی ڕێبەرانی باڵی ئوسوولگەرا و باقیی کارگێڕانی ڕژیم، بێ ڕەونەقترین گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن لە حەیاتی کۆماری ئیسلامی دەبێت. چونکە خودی کارگێڕانی ڕژیمیش دەزانن کە ئیتر ناتوانن خەڵک بە تەبلیغاتی درۆینە لە دەوری سندووقەکانی دەنگدان کۆبکەنەوە و وێنەیان لێ بگرن و وەک بەڵگەی مەشرووعیەتی خۆیان بەکاری بێنن. باڵەکانی ڕژیم هەر کامەیان بێ ڕەونەق بوونی شانۆی ئینتخابات دەخەنە ئەستۆی ئەوی تر. خامنەیی کە یەکجار نیگەرانی ئەم وەزعیەتەیە هەتا ئێستا چەندین جار لە کۆبوونەوە لەگەڵ مەداحانی ڕژیمی ئیسلامی وێڕای وەبیرهێنانەوەی حمایەتەکانی ڕژیم لە مەداحان و مەوعیزە خورافییەکانی، مەئمووریەتی پێ داون کە لەژێرناوی “جەهادی تەبیین”دا تەبلیغ بۆ ئینتخابات بکەن. خامنەیی وتی: «مەداح، واعز و هەیئەت لە گرینگترین بەشەکانی دەسەڵاتی نەرمی حکوومەتن. ئەمڕۆ ئێمە هەڵبژاردنمان لەپێشە و ئێوە دەبێ ئەرکی خۆتان بزانن. باری جەهادی تەبیین لەسەر شانی ئێوەیە”. خامنەیی بێجگەلە تەبلیغ ئەرکی داسەپاندنی زۆر و ملهوڕیشی پێ سپاردن. هەروەها خامنەیی وتی: «هێندێک نایانهەوێ هەڵبژاردنەکان ئەوجۆرەی کە شیاوە بەڕێوەبچێت. هەوڵ دەدەن خەڵک نائومێد بکەن. خەڵک بێ متمانە بکەن کە هەڵبژاردنەکان هیچ فایدەیەکی نییە. ئێوە دەبێ بەرەنگاریان بنەوە. هەرکەس دژی هەڵبژاردنەکان بێت، دژی کۆماری ئیسلامی و ئیسلامە و ئەمە کردەوەیەکی دوژمنانەیە”. هاوکات لەگەڵ مەوعیزەکانی خامنەیی جێگری سپای پاسدارانیش ڕایگەیاندووە کە دەبێ بە “جەهادی تەبیین” بەرەنگاری دوژمن و نەیارانی نیزام لە زانکۆکان بینەوە.

بەڵام خەڵکی کوردستان ساڵەهایە لەگەڵ ئەم فریوکاری و هەڕەشانەی ڕژیم لەم بوارەدا ئاشنان. خەڵکی کوردستان بە ڕوونی لەوە گەیشتوون کە ئەوەی ڕژیم لەژێرناوی ئینتخاباتدا بەڕێوەی دەبات لەڕاستیدا درێژەی هەمان بێمافی و هەژاری و فەلاکەتێکە کە بە زەبری زۆر و سەرکوت لەماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بەسەریانیدا سەپاندووە. ئەمەش هەر ملهوڕی و زۆروێژییە بە سیمایەکی ترەوە کە ناوی هەڵبژاردنیان لەسەر داناوە.

یەکێک لە کارکردەکانی ئینتخابات لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیم ئەوەیە کە ئەم نمایشە بووەتە ئامرازێک بۆ تازەکردنەوەی ئارایشی سیاسیی باڵەکانی ناو حکوومەت. لەم ڕووەوە، هەموو باسێک سەبارەت بە دیموکرات بوونی پرۆسەی ئینتخابات، دەخاڵەتی “شۆرای نیگەهبان” و “وەلی فەقیه” و سپای پاسداران و ڕەدی سەلاحیەتی نوێنەران و ساختەکاری لە دەنگدان و کاری هاوشێوە، ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ئیعتڕازی خەڵکی تینووی ئازادیی ئەم وڵاتە نییە. بەڵکوو هەموو ئەمانە ژێرپێخستنی یاساکانی ئەو یارییەیە کە لەناو خودی باڵەکانی حکوومەتدا لەئارادایە. ئەمە تۆڵەسەندنەوەی باڵە دەسەڵاتدارەکان لە یەکترە و پەیوەندییەکی بە پێشێلکرانی مافی خەڵکەوە نییە. مافی کۆمەڵایەتیی خەڵک لەو کاتەوە پێشێلکرا کە ڕژیمێکی دژی کرێکار، دژی ژن، دژی لاو، دژی شادی، دژی ئازادی و دوژمنی مرۆڤایەتی لەڕێگەی کوشتار، ئەشکەنجە و زیندان، بە زۆر و سەرکوت، خۆی بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا سەپاند. هەربۆیە نابێ ڕێگە بدرێ کێشمەکێش و ناکۆکیی نێوان باڵەکانی حکوومەت بە حیسابی دەنگی خەڵکی ئێران یەکلا بکرێتەوە.

کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش هیچکات بە ئەندازەی ئەم دەورەیە، سرووشت و ناوەرۆکی ئەمجۆرە نمایشە ئینتخاباتییەیان بۆ ڕوون و ئاشکرا نەبووە. جەماوەری کوردستان دەزانن لە وەها بارودۆخێکدا هەر دەنگێگ، بە هەر بیانوو و پاساوێکەوە لەژێرناوی “ئیتخابات” بخرێتە سندووقی دەنگدانەوە، بەکردەوە لە خزمەت درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم ڕژیمە و لە خزمەت درێژەی ئەو کارەساتانەدا دەبێت کە کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی ئێرانی هێناوە. لەم ڕووەوە کرێکاران و خەڵکی کوردستان بڕیاریان داوە کە شکست بەو شانۆی هەڵبژاردنەی ڕژیم بێنن کە قەرارە ١١ی ڕەشەممە بەڕێوەی بەرێت. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان بە بایکۆتی لێبڕاوانەی ئەم گاڵتەجاڕییە بە هەموو خەڵکی جیهان و بیروڕای گشتی نیشان دەدەن کە ئەم ڕژیمە مەشرووعیەتێکی نییە و خۆی بە زەبری زۆر و سەرکوت بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە نەچوونیان بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان و بە شکست پێهێنانی ئەم گاڵتەجاڕییە کە پێی دەڵێن ئینتخابات، لاپەڕەیەکی دیکە بە مێژووی خەباتی ماندوویی نەناسانەی خۆیان بەدژی کۆماری ئیسلامی زیاد دەکەن.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv