٣ هاووڵاتی خەلکی دێهلۆران سزای زیندانیان بەسەردا سەپا
سێشەممە ۰۶-۱۰-۱۴۰۱   |  27-12-2022
لە کاتێکدا لە ماوەی ڕابردوو ٢٢ هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێهلۆڕان سەر بەپارێزگای ئیلام سزای قورسییان بەسەردا سەپێندرا، پارێزەرێکی دادگا، دانیشتووی ئەو شارە بەناوی ڕەزا ئاب ساڵان و دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی سەجاد فەتحوڵڵازادە و مەیسەم دەرگا، لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
ئەم سێ هاووڵاتییە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، لە ڕەوتی ئاخێزی جەماوەری خەڵکی دێهلۆڕان لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکرابوون، کە دوای چەند ڕۆژ بە شێوەیەکی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ، ٢٢ هاووڵاتیی خەڵکی دێهلۆڕان لەلایەن هەمان دادگاوە، سەرجەم سزای ٧٤ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو.