فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

٨ ڕێکخراوی کرێکاری لە ئێران، داوای دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی جیهانیی کار دەکەن
دوشەممە ۱۵-۰۳-۱۴۰۲   |  05-06-2023

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی جۆزەردان، کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینکراوان و ٨ ڕێکخراوی کرێکاری لە ئێران ڕوو بە ڕێکخراوی جیهانیی کار لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بە ئاماژەدان بە سەرکوتی بەربڵاوی خەڵک و کرێکاران لە ئێران پاش کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، داوای دەرکردنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەو ڕێکخراوەیە و کۆتاییهێنان بە نەرمینواندن بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە دەکەن.
ئەو داواکارییە کە لە دەستپێکی کاری سەد و یازدەهەمین کۆبوونەوەی ئەو ڕێکخراوەیە پێشکەش بەو ڕێکخراوە کراوە، باسی لە هەژاری و بێ‌دەرەتانی لە ئێران و هەروەها کوشتن و دەستبەسەرکردنی هەڵسووراوان، منداڵان و قوتابییان بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە کردووە و لەو ڕوانگەیەوە داوا لە ڕێکخراوی جیهانیی کار دەکات کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەو ڕێکخراوەیە دەر بکەن.
لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە: نوێنەرانی ڕێکخراو و یەکیەتییە کرێکارییەکانی بەشدار لەو کۆبوونەوە، نوێنەرایەتیی ئێمە کرێکاران، مامۆستایان و خەڵکی ئێران ناکەن، بەڵکوو ئەوان نوێنەری حکوومەت و دەسەڵاتن.
جێگەی ئاماژەیە کە سەد و یازدەهەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار ڕۆژی دووشەممە ١٥ی جۆزەردان لە شاری ژێنێڤ تا ٢٦ی جۆزەردان بەڕێوە دەچێت.