
سێدارە، کوشتنی ڕێکخراوی دەوڵەتییە؛ جیاوازی نییە ئەم تاوانە لە کوێ و بە دەستی چ ڕژیمێک ئەنجام دەدرێت. سەرانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران، دەرکردنی حوکمەکانی سێدارە و تاوانەکانی خۆیان لەژێر ناوی پاراستنی ئەمنییەتی گشتی، پێشگرتن لە تاوان و دابینکردنی مافی هاووڵاتییان ئەنجام دەدەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەزموونی هەموو وڵاتانی جیهان سەلماندوویەتی کە بوونی ئەم سزایە، نەک هەر نەبووەتە هۆی پێشگری لە تاوان، بەڵکو بە پەرەپێدانی ڕۆحی توندوتیژی لەنێو کۆمەڵگا و کەمکردنەوەی بەهای مرۆڤ، بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی تاوان و جینایەت. ئاشکرایە سیستەم و مناسباتێک کە ئامرازی بەرگرییەکەی جەلاد بێت، هیچ حورمەتێکی بۆ کەرامەتی مرۆڤ نییە و لەناوبردنی جەستەیی نەیارانی سیاسی بە بابەتێکی ئاسایی و تەنانەت وەک بەرگری لە ماف و ئەمنییەتی هاووڵاتییان نیشان دەدات.
زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی، لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی حکوومەتی ئیسلامییەوە تا ئێستا، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە تاوانکارە بووە. بەڵام ئەمڕۆ لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی مەرگ دەستەویەخەیە، زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە بوونەتە ڕەمزی مانەوەی ئەم ڕژیمە. تەنانەت کاتێک تاوانبارانی ئاسایی لە سێدارە دەدات، مەبەستی سەرەکیی چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا و تۆقاندنی نەیارانی سیاسییە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو دڕندەیی و وەحشیگەرییەی ڕژیم لە خۆی نیشانی دەدات، ئەوەی ئاشکرایە ئەم ڕاستییەیە کە شەپۆلی سێدارە و سەرکوت نەیتوانیوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و خەبات دژی سزای سێدارە و بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی، ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێت. ژنان و پیاوانی زیندانیی سیاسی، ئەو مرۆڤە بوێر و ئازادیخوازانە بە ڕێکخستنی کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» لە پشت میلەکانی زیندانەوە، دەمێکە ئاڵای خەبات لەدژی سزای سێدارەیان بەرز کردووەتەوە.
کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» کە لە ٥٥ بەندیخانەی ئێراندا بەردەوامە، لە ٩٩هەمین هەفتەی مانگرتندا، لە بەیاننامەیەکدا بە بەرواری ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤، جارێکی دیکە جەختی لەسەر «بەرگری لە مافی ژیان و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی مەرگ» کردووەتەوە. لە دەقی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە:
«حکوومەتی ستەمگەری دەسەڵاتدار لە ئێران، لە یەک هەفتەی ڕابردوودا بە توندی درێژەی بە ڕەوتی لەسێدارەدانەکان داوە و لانیکەم ٦٧ کەسی لە سێدارە داوە و لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە تا ئێستا نزیکەی ٢٧١ کەسی بردووەتە پای پەتی سێدارە. ئەم ئێعدامانە بەبێ دادگایی دادپەروەرانە، بەبێ دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەری سەربەخۆ و لە بێدەنگیی میدیاییدا جێبەجێ دەکرێن؛ ڕەوتێک کە نیشاندەری نهادینە کردنی سێدارەیە وەک ئامرازێکی سەرکوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
لەو هەفتەیەدا “ڕامین زلە”، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی نەغەدە بە حوکمی لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد و بە تۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها لە هەفتەیەک کە تێپەڕی، حوکمی سێدارەی شەش زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی قزلحەسار و لە ئەندامانی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” کە بریتین لە: “بابەک عەلیپوور، پوویا قوبادی، وەحید بەنیعامریان، ئەکبەر (شاهرۆخ) دانشوەرکار، محەممەد تەقەوی و ئەبولحەسەن مونتەزیر”، جارێکی دیکە لە لقی ٢٦ی بێدادگای ئینقلابی تاران دەرچوو. “ئێحسان ڕۆستەمی”، چالاکی ناسراوی بواری کتێب و بڵاوکردنەوە لە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤ ڕووبەڕووی تۆمەتی “بەغی” بووەتەوە و بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئێڤین گواستراوەتەوە؛ کردەوەیەک کە مەترسیی چڕکردنەوەی گوشار و دەرکردنی حوکمی سێدارە زیاد دەکات. لە درێژەی ئەم سەرکوتانەدا، حکوومەت لە ڕێوڕەسمی یادبودی “خوسرەو عەلیکوردی” ژمارەیەک لە بەشداربووانی دەستبەسەر کرد. ئەمەش درێژەی هەمان سیاسەتی سڕینەوە و چاوترسێنکردنی کۆمەڵگایە.
کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” وێڕای مەحکوومکردنی ئەم سەرکوت و سێدارە بەپەلانە لەلایەن دەسەڵاتی سێدارەوە، داوا لە خەڵکی شەریفی ئێران، ویژدانە بەخەبەر و ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە ببنە دەنگی زیندانیانی مەحکووم بە سێدارە، دۆسیەکانیان بڵاو بکەنەوە و بەدواداچوونی بۆ بکەن و پشتیوانیی کردەوەیی و میدیایی لە بنەماڵەکانیان بکەن.»
لەم هەلومەرجەدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، ئایدۆلۆژیک و دەسەڵاتدا دەست و پێ لێدەدات و کۆمەڵگای ئێرانی خستووەتە ژێر گوشاری گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەکانی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوکات لە بەرانبەر خەڵکی ناڕازیدا شمشێری لە ڕوو بەستووە و هەموو ڕۆژێک خەریکی سێدارەیە، دەبێ بە هەر شێوەیەک کە دەتوانین لە کەمپەینی “نا بۆ سێدارە” پشتیوانی بکەین. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، پێویستە لە پێوەندی و هاوکاریدا لەگەڵ یەکتر، توانایی و وزەی خۆیان لەپێناو سەرتاسەریکردنەوەی مانگرتنە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بۆ لەکارخستن و زەمینگیرکردنی ماشێنی سێدارە و سەرکوتی حکوومەتی بەکار بهێنن. خواستی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە و ئازادیی زیندانیانی سیاسی دەبێ ببێتە خواستی هاوبەشی بزووتنەوەی کرێکاری و سەرجەم بزووتنەوە پێشەنگە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکان. ناڕەزایەتی دژی سێدارە و کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتی، بەدەر لەوەی ئەم سزایە بۆ لەناوبردنی زیندانیانی سیاسی بەکار دێت یان تاوانبارانی ئاسایی، ئەرکی سەرشانی هەموو ئەو مرۆڤانەیە کە ئاسۆی ڕزگاری لە سبەینێی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا مژدە دەدەن. کۆمۆنیستەکان بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنن کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەن و بۆ نەمانی یەکجاریی سزای سێدارە، لێبڕاوانە خەبات دەکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە