ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی دوای ئەوەیکە بۆ لقی ٢ی لێکۆڵینەوەی دادگای ئینقلابی ڕژیم لە تاران بانگ کرا، بە ”پڕوپاگەندە دژی ڕژیم” تۆمەتبار کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو پارێزەرە ناسراوە کە پێشتر پارێزەریی ژمارەیەک لە هەڵسووراوانی سیاسی و مەدەنی، یەک لەوان زیندانییانی سیاسیی کوردی وەئەستۆ گرتووە، دوای بانگکردنی بۆ دادگای ئینقلابی ڕژیم لە تاران، بە ”پڕوپاگەندە دژی ڕژیم” تۆمەتبار کرا.
ساڵح نیکبەخت بە دانانی کەفاڵەت هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی، بە شێوەی کاتی ئازاد بووە.
پێشتر پزیشکی یاسایی هۆکاری مەرگی ژینا ئەمینی بۆ نەخۆشیی پێشتووتری ناوبراو گەڕاندبووەوە، بەڵام ساڵح نیکبەخت لەوبارەوە وتبووی کە ژینا ئەمینی دوو کاتژمێر دوای دەسبەسەرکردنی بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرابوو، لە حاڵێکدا ٩٥ لەسەدی نیشانەکانی زیندووبوونی تێدا نەمابوو.