
چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە لە شەڕی دژ بە ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بە ١٦٠ موشەک و لە ماوەی تەنیا ١٠ خولەکدا، هێرشی کردە سەر ١٠٠ خاڵ لە ناوەندی بەیروت تا دەگاتە دەوروبەری باشووری لوبنان. ئەم هێرشانە کە لە کاتژمێرە قەرەباڵغەکان و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە کرانە سەر گەڕەکە نیشتەجێبوون و ناوەندە بازرگانییە پڕهاتووچۆکان، بوونە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەم ٣٠٣ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١١٥٠ کەس، ژمارەی ئەو بریندارانەش کە بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە گیان لەدەست دەدەن، لە هەڵکشاندایە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، لە کاتی ڕاگەیاندنی هەواڵی ئاگربەستەکەدا گوتی کە ئەم ئاگربەستە “هەموو شوێنێک، لەوانەش لوبنان” دەگرێتەوە، بەڵام چەند کاتژمێرێک دواتر، ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایانگەیاند کە لوبنان ناکەوێتە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەوە. ڕۆژی چوارشەممە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامی، ئەمریکای بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و سوپای پاسدارانیش لای خۆیەوە هەڕەشەی ئەوەی کرد کە گەرووی هورمز ناکرێتەوە. ترەمپیش داوای لە نەتانیاهۆ کرد کە لە قورسایی هێرشەکانی بۆ سەر ئەم وڵاتە کەم بکاتەوە، بەڵام سەرباری ئەم داوایە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان هێشتا بە توندی بەردەوامن. سەرەڕای ئامانجە پاوانخوازانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، ئەم هێرشانە دەتوانن بە مەبەستی تێکدانی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەش ئەنجام بدرێن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نەتانیاهۆ پێشتریش چەندین جار ئاگربەستەکانی غەززەی گەیاندووەتە بنبەست.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە جەماوەری ئێران خوازیاری کۆتاییهێنانن بەم شەڕە. جەماوەری ئێران ئەم شەڕە وێرانکەرە نەک هەر لە خزمەت ئامانج و خەباتەکانیاندا بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نابینن، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەزموونیشەوە تێگەیشتوون کە ئەم شەڕە و دەرهاویشتەکانی، خەباتەکەیانی پەراوێز خستووە. لە ڕەوتی ئەم شەڕەدا، هەزاران کەس بوونە قوربانی و بریندار بوون و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون؛ ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وەک قوتابخانەکان، زانکۆکان، نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان، کارگەکان، هێڵی ئاسن، پردەکان، ڕێگاوبانەکان، کۆگاکانی وزە و هتد… بە توندی وێران کران. سەرەڕای هەموو ئەمانە، شەڕخوازان و فاشیستە پاشایەتیخوازەکان، کە لە کاتی شەڕەکە و بەدوای کوژرانی خەڵکی بێدەرەتانی ئێراندا لە شەقامەکانی ئەمریکا و ئەورووپا خەریکی سەما و شایی بوون، ئێستا بەهۆی ئەم ئاگربەستە و ئەو وەستانەی لە شەڕەکەدا دروست بووە، لە هەمان ئەو شەقامانەدا شیوەن دەگێڕن! چونکە بەم ئاگربەستە و چۆنیەتیی پێشوەچوونی شەڕەکە، شاهیدی مەرگی خەونەکانیان و داڕمانی هێزەکەیان دەبن. پاشایەتیخوازەکان تەنانەت ئەو کاتەش کە ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئێران “دەگێڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردین و ئەم شارستانیەتە لەناو دەبات”، لە پیاهەڵدانی ترەمپ و ستایشی شەڕ درێغییان نەکرد. ڕەزا پەهلەوی پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، داوای کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ڕزگار نەکات، بێئاگا لەوەی کە ئەم شەڕە بوو —هەمان ئەو شەڕەی ئەو و لایەنگرانی ئاواتیان بۆ دەخواست— کە بە هانای کۆماری ئیسلامییەوە هات و ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، ڕژێمی لە ژێر زەبری کوشندەی خەباتی کرێکاران و جەماوەری چەوساوەی ئێران دەرباز کرد. هەروەک چۆن پێشبینی دەکرا، کۆماری ئیسلامی نەک هەر بەهۆی شەڕەکەوە نەڕووخا، بەڵکوو دڕندەتر بوو و لە کاتی دەستپێکی شەڕەکەوە و بە قۆستنەوەی کەشی شەڕ، تا ئێستا هەزاران کەسی دەستبەسەر کردووە، دەیان کەسی لەسێدارە داوە و سەرکوتگەرییەکانی لە جاران زیاتر چڕ کردووەتەوە.
هەر بە تێپەڕبوونی کاتژمێرەکانی سەرەتای شەڕ و کۆمەڵکوژیی خوێندکارانی میناب و ئاوارەبوونی خەڵک و وێرانبوونی ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، دەرکەوت کە ئیدیعای شەڕخوازان، پاشایەتیخوازان و بۆرژوازیی ڕاستڕەوی لایەنگری دەستتێوەردانی دەرەکی سەبارەت بە “مرۆڤدۆستانە”بوونی شەڕ، “پێکانی ورد”ی بۆردومانەکان و ڕووخانی ئاسانی ڕژێم و ئازادیی خێرای خەڵک، تا چ ڕادەیەک گەمژانە و ساویلکانە بووە. ئەم شەڕە بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی ئێران لە چنگی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و بۆ ئازادی و ئاسایشی جەماوەر نەبوو. ئەم شەڕە لە درێژە و لە هەمان ئاراستەی ئەو شەڕە وێرانگەرەی غەززە و کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە حەفتا و دوو هەزار فەلەستینی بوو لەلایەن حکومەتی فاشیستی ئیسرائیلەوە بە هاودەستیی ئەمریکا. ئەم شەڕە درێژەی دەستتێوەردانە ئیمپریالیستییەکانی دیکەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی لە عێراق، ئەفغانستان، لیبی، سووریا، یەمەن و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بە مەبەستی داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ لەسەر بنەمای ستراتیژ و بەرژەوەندییەکانی ئەم حکومەتانە. ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا لەم شەڕە، کۆنترۆڵکردنی ڕاستەوخۆی سەرچاوەکانی نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرووی هورمز و ڕێڕەوە ئاوییە سەرەکییەکانە، تا وەک ئامرازێک لە ململانێی لەگەڵ چین و ڕکابەرە جیهانییەکانی دیکەدا بەکاری بهێنێت. دەوڵەتی ئیسرائیلیش شەڕەکەی لە خزمەت ئامانجەکانی خۆیدا بۆ لاوازکردنی ڕکابەرە ناوچەییەکانی، فراوانکردنی هەژموونی خۆی و هێنانەدیی پلانی “ئیسرائیلی گەورە” دەبینی. کۆماری ئیسلامیش کە بە سیاسەتە ناوچەیی و شەڕخوازانەکانی، بە جبەخانە موشەکی و درۆنییەکانی و بە ڕێکخستن و پڕچەککردنی هێزەکانی ناسراو بە بەرەی موقاوەمە، قاچێکی ئەم شەڕە بوو، دەیویست بە بوون بە هێزێکی باڵادەستی ناوچەکە مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. هەرچەندە ئەم پشکخوازییە لەسەر حیسابی گیان، ماڵ و ژیانی ملیۆنان مرۆڤ و لەناوچوونی بەرینی سەرچاوە و ژێرخانەکانی کۆمەڵگەی ئێران تەواو بێت.
شەڕەکانی سیستەمی سەرمایەداریش ڕێک وەک قەیرانەکانی هیچ کۆتاییەکیان نییە؛ یاریپێکردن بە چارەنووس، گیان، ژیان و داهاتووی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەشێکە لە سرووشت و جەوهەری قازانجپەرستانە و بەرژەوەندیخوازانەی ئەم سیستەمە چینایەتییە زاڵمانەیە. سەرمایەداری سیستەمێکە کە شەڕ بەرهەم دەهێنێت و قەیران دەخوڵقێنێت، هەژاری و نایەکسانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ملیۆنان مرۆڤ لە پێناو بەرژەوەندیی خاوەن پیشەسازییەکان، کۆمپانیاکان و سەرمایە، و لە خزمەت درێژەدان بە تەمەنی ئەم سیستەمەدا، ڕاپێچی مەرگ و تیاچوون دەکات. هەر هێز و ڕەوتێک کە بەم سیستەمە و بە پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانەوە گرێ درابێت، هاوبەشە لە پاراستن و هێشتنەوەی ئەم سیستەمەدا. کەواتە نە بۆرژوا لیبراڵەکان، نە سەرمایەدارە ئیسلامییەکان، نە پاشایەتیخوازەکان و نە ناسیۆنالیستەکان، هیچکامیان ناتوانن ئازادی، یەکسانی، خۆشگوزەرانی و کەرامەتی مرۆیی بۆ کۆمەڵگە دابین بکەن. بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە و سەرجەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەکان، دەبێت تەنیا و تەنیا پشت بە بزووتنەوەی جەماوەریی دژەشەڕ ببەسترێت؛ بزووتنەوەیەک کە شۆڕ بووبێتەوە ناو پیشەسازییەکان و ژینگەكانی کار و پشتی بە هێزی چینی کرێکار قایم کردبێت. نابێت چاوەڕوانی هیچ باڵ و بەشێکی بۆرژوازی بین. تاکە ڕێگەی ڕزگاریی مرۆڤایەتی لە شەڕ، هەڵاواردن، نایەکسانی و سەرجەم نەهامەتییەکانی سیستەمی سەرمایەداری، بریتییە لە خەبات بۆ ڕێکخستن و هێنانەمەیدانی سەربەخۆی چینی کرێکار لە ژینگەی کار و ژیان لە شەقامەکاندا، هەروەها یەکگرتنی لەگەڵ سەرجەم مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە