ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی مانگی بەفرانبار خامنەیی بە بیانووی نزیک بوونەوەی ڕێکەوتی لەدایکبوونی زەهرا کچی محەممەد کە کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ٨ی مارسدا وەک ڕۆژی ژن و دایک دیاریی کردووە، بۆ یەکەم جار ژمارەیەک لە ژنانی سەربە حکوومەتی کۆکردەوە تا بە حزووریان دژبە پێگە و مافی ژنان لە کۆمەڵگە و مەسەلەی حیجاب سوخەنڕانی بکات. لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا کە بزووتنەوەی سەرانسەری بە بەشداری و پێشەنگایەتیی بەهێزی ژنان لەئارادابووە، خامنەیی ئەم بزووتنەوە مەزنەی ئاژاوە و ژنان و پیاوانی خەباتکاری ئاژاوەگێڕ پێناسە کردووە. خامنەیی و حکوومەتی ئیسلامی بەم ئاراستەیە، تاوانی بێشوماریان لە دژی ژنانی تێکۆشەر ئەنجام داوە.
خامنەیی لەم وتارەدا هەوڵیدا بە هەڵوێستی دوولایەنە و فریوکارانە وای نیشان بدات کە ئەوەڵەن ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە و سەرانسەرییە کە بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد و زۆرێک بەخاتری ڕۆڵ و پێگەی ژنانی خەباتکار ناوی “بزووتنەوەی ژنان”یان لەسەر دانا، تەنیا بۆ مەسەلەی بە قەولی خۆی “زەعفی حیجاب” یان “بەد حیجابی” بگەڕێنێتەوە. دووەمەن لە هەمان حاڵدا کە بە سەفسەتەی خورافی و کۆنەپەرستانە “حیجابی زەروورەتێکی شەرعی و گومان هەڵنەگر ناساند، مەجبوور بوو بە پاشەکشەیەکی ناڕاستەوخۆ نیشانی بدات کە لانیکەم لە ئێستادا بەخاتری بەرژەوەندی نیزام، تا ئاستێک حارزە لە بەرامبەر خەباتی ژنان و پیاوانی وەگیان هاتوو لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کۆتا بێت.
لەمبارەوە خامنەیی وتی: ”نابێ کەسانێک کە زەعفی حیجابیان هەیە و لە مەراسمی دینی و ئینقلابیشدا بەشداری دەکەن بێدین و کافر ناو لێ بنێین. ئەوان حیجابیان لا نەبردووە بەڵکوو لە دەمی ئەوانەیان دا کە لابردنی حیجاب تەبلیغ و بانگەواز دەکەن. هەموومان کەموکوڕیمان هەیە و دەبێ تا ئەو جێگایە کە دەکرێ چارەسەریان بکەین”. خامنەیی بەم هەڵیت و پڵیتانە هەوڵی دا تا داخوازیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری تا ئاستی بەدحیجابی و تەزعیفی حیجاب بێنێتە خوارێ. ئەو خۆی لە گێلی دا و وەڕووی خۆی نەهێنا کە چوار مانگە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە فەزای ئێرانی بە دروشمی ڕەسای وەک “مەرگ بۆ خامنەیی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی”، “کۆماری ئیسلامیمان ناوێ” پڕ کردووە. چوار مانگە لە گۆشە و کەنارێ ئێران و لە دەرەوەی وڵات دژبە خامنەیی و دەسەڵاتی دژی ژن و دژی ئینسانی کۆماری ئیسلامی خەباتی لێبڕاوانە بۆ ڕووخاندنی گشت حکوومەتی ئیسلامی لەئارادایە و مەسەلە تەنیا بەدحیجابی و لابردنی حیجاب نییە.
خامنەیی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا بەوپەڕی بێشەرمییەوە بۆ جارێکی دیکە هەوڵی تا خۆی وەک داکۆکیکاری مافی ژنان نیشان بدات و وەک هەمیشە ئەم بزووتنەوە ڕەسەنە شۆڕشگێڕانە وسەرانسەرییەی بە ئەمریکا و باقیی دەوڵەتانی ڕۆژاوا نیسبەت دا و ئەوانی هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە پێناسەکرد. ئەو وتی: ”سەبارەت بە مەسەلەی ژن لە قەباڵ مودەعیانی ڕیاکاری ڕۆژاوایی هەڵوێستی ئێمە هجوومییە و دیفاعی نییە. چون بەڕاستی ژنەکانیان لە ڕەنج دان و ئەوان تاوانباران و جەنایەتیان کردووە”. وە داوای لە ژنانی سەربە حکوومەت کرد کە ئەم درۆودەلەسانە زیاتر دووپات بکەنەوە تا بە قەولی ئەو ” لەسەر بیروڕای گشتیی ڕۆژاواش کاریگەریی بێت”.
خامنەیی لە حاڵێکدا ئەم ئیدیعایە بەسەر زاریدا دێت کە دوو هەفتە لەمەوبەر کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی شۆرای ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان”، کۆماری ئیسلامیی بەخاتری پێشێلکردنی بەرینی مافی ژنان لە ئێران و کوشتار، ئەشکەنجەدان و زیندانی کردنیان، لەم کۆمیسیۆنە دەری کرد. بێمافی و بێبەریکردن و پێکهێنانی بەربەست لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان لەلایەن کۆماری ئیسلامی و بە حسیاب نەهێنانی ژنان وەک ئینسانی کامڵ، و ژن بە نیوەی پیاو دانان، بابەتێک نییە کە خامنەیی بە درۆودەلەسە و فریوکاری بتوانی حاشای لێ بکات. بێمافی و بەڕەسمی نەناسینی پێگەی ژن لە ڕوانگەی ئیسلام و “قورئان” واتە کتێبی مەرجەعی مسوڵمانان، زۆر جار تەئکیدی لەسەر کراوە و بەڵگەمەندە. ئەوەیکە لە ڕوانگەی خامنەیی و باقیی ئاخوندەکانەوە سەبارەت بە ئەرک و پێگەی ژنان سابت و نەگۆڕە، هاوسەرداری و خانەداری و بەدنیاهێنانی منداڵە بۆ پیاوان و هیچی تر. ئەم بابەتەی خودی خامنەیی زۆر جار باس کردووە و بەگشتی ڕژیم تەبلیغ و زەمینەسازیی بۆ کردووە و بۆ جێبەجێکردنی گەلێک ئیمکاناتیشی تەرخان کردووە. کەوابوو نە خامنەیی و نە هیچ ئاخوندێکی دیکە لە سەردەمی ئەمڕۆدا ناتوانێ بە خۆڵ کردنە ناو چاوی خەڵک ئیدیعای ئەوە بکات کە ژنان لە دەسەڵاتەکەیاندا مافی ئینسانیی بەرابەریان لەگەڵ پیاوان هەیە. حکوومەتی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە دژبە ژنان شمشیری لە ڕووەوە بەست و بە دروشمی “یان ڕووسەری یان تووسەری” لە هەرجۆرە بەڕەسمی ناسینی مافی ژنان خۆی بواردووە. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانە، سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی دژبە ژنان بۆ داسەپاندنی یاسای پرتووکاوی ئسیلامی و حیجابی ئیجباری بەرەوڕووی شکست بووەتەوە و ڕژیم تێیدا بە بنبەست گەیشتووە. کۆماری ئیسلامی مەجبوورە لە بەرامبەر خەباتی ژنانی ئازادیخواز بۆ گەشتن بە مافیان، کە ئێستا تەنیا لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمەدا دەیبینن و ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە دەکات، هەنگاو بە هەنگاو پاشەکشە بکات. بەڵام ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ڕاپەڕیوی ئێران بەم پاشەکشانە ڕازی نین و ڕووخاندنی گشت ئەم دەسەڵاتە ئامانجیانە.
خامنەیی کە ئێستا لە بەرامبەر شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتوو لە دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایە بێتوانا و داماوە، بۆ خۆدەربازکردن ڕێگایەکی بێجگەلە سەرکوت و فریوکاری پێ شک نایە. ئەمڕۆ ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لە خەباتی ئێستا و لە خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و خەڵکی بێبەشکراوی سەراسەری ئێران دژبە بێکاری، هەژاری، برسییەتی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و باقیی بێمافی و ئازارە کۆمەڵایەتییەکانی تر و بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بووەتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و پیلانگێڕی و مەوعیزەکانی خامنەیی و باقیی سەرانی کۆماری ئیسلامی، دەوای دوای مەرگی سۆهرابە.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە