
بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا، بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی فەیلەقی قودسی سەر بە سپای پاسدارانی ئێران، گوازراوەنەتەوە عێراق و لوبنان، هەروا بەشێک لە ئەندامانی سپای پاسداران و کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئێران بەخۆیان و خێزانەکانیان و ژمارەیەک لە خەڵکی مەدەنی لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە گوازراونەتەوە ئێران.
نیویۆرک تایمز نووسیویەتی: لە بەرەبەیانی دوێنێ هەینییەوە پرۆسەی گواستنەوە و دەرچوون لە سوورییە لەلایەن ئێرانییەکانەوە دەستی پێ کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق، بە فەرمی بڕیاری چۆڵکردنی بۆ هێزەکانی سپای پاسداران و کارمەندانی باڵیۆزخانە دەرکرد و ڕێگەی وشکانی لوبنان و عێراق و بەندەری لازقیەشی وەک تاکە ڕێگەی دەریایی بۆ دەربازبوون لە سوورییە، دیاریی کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر هەر یەک لە وڵاتانی ڕووسییە، عێراق و ئوردۆن، لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانیانەوە پەیامی بە پەلەیان ئاراستەی هاووڵاتییانیان لە سوورییە کرد کە بەهۆی خێرا پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرەو دیمەشق، هەرچی زووتر لە سوورییە دەربچن و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.