فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پاکستان هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی ئەم وڵاتەی پشتڕاست کردەوە
چوارشەممە ۲۷-۱۰-۱۴۰۲   |  17-01-2024

پاکستان پشتڕاستی کردەوە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشی کردووەتە سەر خاکی وڵاتەکەی و ئەو هێرشەی بە پێشێلکردنی ئاسمانیی وڵاتەکەی ناو برد.
ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار، میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە هێرشێکدا بە مووشەک و دڕۆن پێگەکانی گرووپی جەیشولعەدلی لە پاکستانی کردووەتە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەو هێرشە چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.
حکوومەتی پاکستان لە بەیاننامە نوێیەکەیدا بەتوندی هێرشەکەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە دوو منداڵی بێتاوان لەم هێرشەدا کوژراون و سێ کچیش بریندار بوون.
لەم بەیاننامەیەدا پاکستان ڕایگەیاندووە کە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی دەتوانێت دەرئەنجامی جیدیی هەبێت.
پاکستان ڕایگەیاند کە ئاکامی پێشێلکردنی سەروەریی پاکستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە زیان بە متمانەی دوولایەنە دەگەیەنێت.
پاکستان ڕایگەیاند کە ناڕەزایەتیی خۆی بۆ وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە و هەروەها ڕاوێژکاری کاروباری ڕژیمی لە پاکستان بانگ کردووە.