لە ٢٤ی ڕەشەمەوە تا ١٤ی خاکەلێوە زیاتر لە ٨٥ هەزار ڕووداوی هاتووچۆ لە ئێران ڕویداوە کە بوەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٨٧١ کەس.
ئامارەکان نیشان دەدەن ٢٨٪ی ئەو کەسانەی وا لە رووداوەکانی هاتووچۆی نەورۆزدا گیانیان لەدەستداوە، کەسانی خوار ١٨سال تەمەن بوون.
٥١٪ی ئەم ڕووداوە کوشندانە پەیوەندییان بە ئۆتۆمبێلی پژۆ و پرایدەوە هەبووە. ٢٧%ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تووشی ڕووداوی کوشندە بوون پژۆ، ٢٤%ی پراید، ٥% ئۆتۆمبێلی خارجی و ئەوانی دیکەش پەیوەندییان بە جۆرەکانی تری ئۆتۆمبێل و ماتۆڕەوە هەیە.
درێژەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی پراید و پژۆ کە کەیفییەتی زۆر لەخوارەوەیە و ساڵانە گیانی هەزاران کەس دەگرێت، لە حالێکدا بەردەوامە کە سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆ لە ساڵی ١٣٩٨ ڕایگەیاند؛ کە لە ساڵی ١٣٩٩ەوە، “بە هەماهەنگی وەزارەتی سمەت” ژمارەدان بە ماشینی پراید ڕادەگرن و ئەم بەرهەمە بێ کەیفییەتانەی بە “گالیسکەکانی مەرگ” ناولێبربوو.
ژمارەی قوربانیانی ڕێگاوبان لە ئێران لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا تەنانەت چەند هێندەی ئەو کەسانەیە کە لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا کوژراون. لە کۆی هەشت ساڵی شەڕدا، قوربانییەکانی ئێران بە نزیکەی ١٩٠ هەزار کەس مەزەندە کرا.