فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پزیشکیان و بەڵێنی بێبنەمای باشترکردنی بارودۆخی ئابووری
سێشەممە ۲۷-۰۶-۱۴۰۳   |  17-09-2024

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی مانگی خەرمانان مەسعوود پزیشکیانی ملکەچ و خزمەتکاری ویلایەت، لە یەکەمین کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی خۆیدا بە بەشداریی وەزیری کابینەکەی و ژمارەیەکی زۆر لە هەواڵنێران، لە وڵام بە پرسیارەکانیان وای نیشان دا کە لە بواری داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئیسلامیدا ئیختیاراتێکی هەیە. ئەو لە پەیوەند لەگەڵ ئەو کێشە و گرفتە بێ ئەژمارانەی کە کۆماری ئیسلامی و خۆی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەرەوڕوویەتی، دەستی کرد بە وادە و بەڵێنی بێ بنەما کە خۆشی باش دەزانێ لە سیستمی دەسەڵاتی ئیسلامیدا بەشێکی زۆر لەم بەڵێنانە نە وەدی دێن و نە لە سەلاحییەتی ئەو و باقیی سەرۆک کۆمارەکانی پێشووشدا بووە. پزیشکیان لە وڵام بە پرسیاری هەواڵنێران لە بابەتێکەوە دەچووە سەر بابەتێکی تر و فریوکارانە وڵامی گشتی و ناڕوونی پێدەدانەوە. ئەو لەم وتووێژە دوورودرێژەدا نیشانی دا کە نە بەرنامەیەکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی قووڵ و بەرینی ئابووری هەیە، و نە بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەتوانێ هیچ بەڵێنێک بدات. هەڵبەت بۆخۆشی لە دەورەی تەبلیغاتی شانۆی هەڵبژاردنیشدا وتبووی کە پێویست ناکات بەرنامەیەکی هەبێت. بەرنامەکەی هەمان بەرنامەی “ئاغا”یە و درێژەدەری ڕێگای ڕەئیسیی قاتڵە.

ئێستا کە زیاتر لە یەک مانگ و نیو لە دەسپێکی دەوڵەتی “وەفاقی میللی”یەکەی تێپەڕیوە، تێگەیشتووە کە لەگەڵ چ قەیران گەلێک بەرەوڕووە و ئاستی ئیختیاراتەکەشی هەر لە حەدی تەداروکچییەکانی پێشوو دایە. ناوبراو وێڕای ئاماژە بە قەیرانی قووڵ و بەرینی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هیتر کە فریوکارانە بە “ناتەرازی” ناوی برد، دانی بەوەدانا کە بەهۆی “ناتەرازیی ئابووری”ی ئێستا ئیمکانی درێژەی بارودۆخی ئابووریی وڵات بەم شێوەیە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، مومکین نییە. ئەو وتی: ”ناتەرازیمان لە بواری وزە، پارە و ژینگەدا هەیە. ئەگەر بڵێم دەست لە ناتەرازی مەدەن، دەنگ بەرز بێتەوە و ئیمکانی دەربازبوون لەم کێشانە بوونی نابێت”. ناوبراو سەبارەت بە قەیرانی ژینگە ئاماژەی بە داڕمانی زەوی لە تاران کرد و وتی: ئاوی ژێرزەوی بەرەو تەواوبوون دەڕوات و ئەگەر ڕێژەی بارین کەم بێتەوە هەموو بەنداوەکانی دەوروبەری تاران تەواو دەبن. لەگەڵ درێژەی ئەم ڕەوتە لە هەموو بوارەکاندا بەرەو داڕمان دەچین”.

پزیشکیانیش هەروەک پێشینیانی، خەتای بارودۆخی خراپی ماڵی و ئابووری و بەتاڵ بوونی خەزێنە و قەرزە بەرینەکانی دەوڵەتی خستە ئەستۆی دەوڵەتەکانی پێشوو و وتی: ”ناتەزارییەکانمان بە میرات پێگەشتووە. پێویستە بیر لە بردنەسەری توانای کڕینی خەڵک بکەینەوە”. بەلام ئەم بیرکردنەوەیەیەی ئەو و تیمە ئابوورییەکەی لە قەیرانێک کە ڕیشەی لە پێکهاتەی ئابووریی سەرمایەداریدایە و دەسەڵاتی سیایسی حکوومەتی ئیسلامی زیاتری پەرەپێداوە، بێجگەلە چاوی تەماع بڕین و تاڵانکردنی زیاتری سفرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتێکشی کۆمەڵگا شتێکی تر نییە. پزیشکیان لە بەشی ڕوونکردنەوەی بەرنامەی دەوڵەتەکەی سەبارەت بە بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم بەقەولی خۆی “ناتەرازی”یە، دانی بەوە دانا کە “ئابوورییان نەخۆشە و بۆ ئەوەی چاک بێتەوە دەرمانی پێویستە. ئەم دەرمانە تاڵە، بەڵام دەتوانێ ئەم بارودۆخە باشتر بکات”. هەواڵەکانی یەک دوو مانگی ڕابردوو نیشانی دەدات کە دەرمانی خوازراوی دەوڵەت بۆ دابینکردنی بەشێک لە کەسریی بوودجەی ٤٥٠ هەزار ملیارد تمەنی، بردنەسەری قیمەتی نانە. نانی ویشک و خاڵی کە خۆراکی سەرەکیی سەر سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشە، لەئێستادا لەلایەن دەوڵەتی “وەفاقی میللی”یەکەی پزیشکیانەوە تاڵان دەکرێت.

ڕێکارێکی دیکەی پزیشکیان و تیمی ئابوورییەکەی بۆ عیلاجکردنی ئابووریی نەخۆشی حکوومەتی ئیسلامی کە نەزانانە ئومێدیان پێ بەستووە، لابردنی بەربەستەکانی سەر ڕێگای وەبەرهێنانی دەرەکییە و دەڵێن بە بێ ئەم بابەتە گەشەی ئابووری نایەتە دی. واتە ئەو ڕێگایەی کە دەوڵەتەکانی پێشووش تاقییان کردووەتەوە و لێی بێهیوا و نائومێد بوون. لە کاتێکدا کە فەرماندەکانی سپای پاسداران و هاوبەشەکانیان لەناو دەزگای ڕووحانییەت و بەیتی ڕێبەری ٨٠%ی ئابووری وڵات و ئیمکاناتی ماڵییان لە ئیختیاردایە، کام سەرمایەداری بیانی و ناوخۆیی حازر دەبێت سەرمایەی خۆی بێنێتە ئێران و بیخاتە مەترسییەوە؟ ئەوەش لە کاتکێدایە کە ئەمریکا و دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکانی دیکەی ئورووپا، بەهۆی دەخاڵەتی نیزامیی کۆماری ئیسلامی و ناردنی مووشەک بۆ ناوەندەکانی قەیرانی ناوچەکە و ڕووسیە، بەردەوام سزا و بەربەستی زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دەسەپێنن. پزیشکیان لە وتووێژەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە پەراوێزخرانی جیهانیی کۆماری ئیسلامی وتی: ”لەگەڵ هەر کەس قسە دەکەی دەڵێن ئەمریکا ئیزنی نەداوە. لە وەها بارودۆخیکدا بڕۆین چ بڵێین”. پزیشکیان لێرەدا ئاماژەی بە یەکەم گەشتی دەرەوەی خۆی بۆ عێراق کرد کە لەم دواییانەدا بەمەبەستی ئازادکردنی دۆلارە ڕاگیراوەکانیان ئەنجامیدا. ئەم داواکارییەی کۆماری ئیسلامی بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەڵامی ڕەتی پێدرایەوە و ناوبراو بە دەستی بەتاڵ بۆ ئێران گەڕایەوە.

بەم حاڵەوە قسەکانی پزیشکیان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەکی و ناوچەیی کۆماری ئیسلامی، ئەگەرچی لە سەلاحییەتی ئەودا نییە، بەڵام وتنی ئەوەیکە “لەگەڵ ئەمریکا هیچ دوژمنایەتییەکمان نییە، لەگەڵ ئەمریکاییەکان براین، حازر بە هەڵسووکەوت و هاوکاری لەگەڵ هەموو وڵاتانین، چارەیەکمان بێجگەلە پەیوەست بوون بە گرووپی تایبەت بە کاری دارایی (ئێف ئەی تی ئێف) نییە” و هیتر، کە هەتا ئێستا بەڕواڵەت هێڵی سووری خامنەیی و ئوسوولگەراکان بووە، چرایەکی سەوزە کە پزیشکیان لەلایەن ئەوانەوە نیشانی ئەمریکای دەدات. ئەگینا پزیشکیان کە ئیختیاری کۆکردنەوەی گەشتی ئیرشادی لە شەقامەکان و گەڕاندنەوەی خوێندکاران و مامۆستایانی دەرکراوی بۆ زانکۆکان نییە، چۆن دەتوانێ ئەم قسانە بکات و بە قەولی جەوادی زەریف “تیکەی گەورەی بەدەنی گوێی” نەبێت.

بەڵام کرێکاران، ژنانی ئازادیخواز، خانەنشینان، پەرەستاران، موعەلیمان، خوێندکاران و بەشمەینەتانی تری کۆمەڵگا بە هاتنەسەرکاری پزیشکیانیش چاوەڕێی ئەوە نەبوون کە کۆماری ئیسلامی هیچ گۆڕانکارییەک لە بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا پێکبێنێت. ئەوان تەنانەت لە کاتی بەڕێوەچوونی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنیشدا، درێژەیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتی و خەباتی خۆیان لە دژی کۆماری ئیسلامی دا و نیشانیان دا کە پێکهاتنی هەر ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە ئێران لە گرەوی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدایە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانیش سەرەڕای فشاری سەرکوتگەرانەی ئەم ڕژیمە دز و گەندەڵە، بە مانگرتنی گشتیی شکۆمەندی خۆی لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان لەسەر هەر ئەم واقعییەتە، دووبارە تەئکیدی کردەوە.