ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بەفرانبار، لقی ٣٩ی دادگای دیوانی باڵای ڕژیم سزای سێدارەی “موجاهید کورکور”ی پشتڕاست کردەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، موجاهێد کورکور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە رەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە هێرشێکی چەکدارانەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار و دەستبەسەرکرابوو. نیگار کورکور، خوشکی موجاهید کورکور لە لاپەڕەکەی خۆیدا لە ئینستاگرام، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پشتڕاست بوونەوەی سزای سێدارەی براکەی لە دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاندووە کە ئەو دۆسیە لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئەهواز بۆ دادگای ئیزە ناردراوەتەوە. ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ماڵپەڕی “میزان”، پەیوەندیدار بە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی، هەواڵی دەرکردنی سزای سێدارەی بۆ موجاهید کورکور، ناڕازیی بەندکراو بە تۆمەتی “موحاڕبە و افساد فی الارض” بڵاوکردبووەوە. ئەو سزا پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەهواز بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە کوژرانی کیان پیرفەلەک، منداڵی تەمەن ٩ ساڵەی گیانبەختکردوو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەرکرابوو. لەحاڵێکدا کە دەزگای دادوەری، کاربەدەستان و میدیا حکومەتییەکان، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەوڵیان داوە کە تۆمەتی کوشتنی کیان پیرفەلەک بە موجاهید کورکور نیسبەت بدەن. پێشتر دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی، کوژرانی ٧ هاوولاتیی خەڵکی ئیزەی لە ٢٥ی خەزەلوەری پارەکە بە چەند هاووڵاتی وەکوو عەباس کورکور، بەهمەن بەهمەنی، حسێن سەعیدی و مەحموود ئەحمەدی نیسبەت داوە. بەفرانباری ساڵی ڕابردووش، داواکاری گشتی و شۆڕشی شاری ئیزە ڕایگەیاند کە بۆ ٧٠ هاوولاتیی ناڕازی پەیوەندیدار بە کۆبوونەوەکانی خەڵکی ئەو شارە دۆسیەی دادوەری کراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، موجاهید کورکور کە ئێستا لە زیندانی شیبانی ئەهواز بەسەر دەبات، پێشتر بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە داندرابوو و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش کرابوو. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، موجاهید کورکور، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی پارەکە، لە کاتی هێرشی چەکدارانەی سپای پاسداران بۆ سەر گوندی “پرسووراخ” سەر بە ئیزە، بریندار و دواتر دەستبەسەرکرا. هەروەها لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی سپای پاسداران، دوو لاوی دیکە بە ناوەکانی “مەحموود ئەحمەدی” و “حسێن سەعیدی”یان کوژراون.