هەڵسووراوانی مەدەنی شاری سەقز ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانبار، بە ئامادە بوونیان لە ماڵی بنەماڵەی “میلاد عەبدی” زیندانی سیاسیی ئەم شارە، پشتیوانی خۆیان لەم خوێندکارە و بنەماڵەکەی ڕاگەیاند.
ئەم هەڵسووڕاوانە بە هەڵگرتنی چەندین پلاکارد کە بەزمانی فارسی دروشمی وەک “زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ”، “ئێمە هەموومان میلاد عەبدین” و “ئازادی مافی هەموو ئینسانێکە”، لەسەر نووسرابوو هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان بۆ بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە دەربڕی.
میلاد عەبدی، هاوڵاتیی خەڵکی سەقز و خوێندکاری بەشی مەدەدکاری کۆمەڵایەتی زانکۆی زانستە کۆمەلایەتییەکانی عەلامە تەباتەبایی، ڕۆژی دووشەمە، ١٦ی خەزەڵوەر، لە بەردەم بەشی ناوخۆیی ئەم زانکۆدا بەبێ هیچ هۆکارێک، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.