
بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەری لە ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، لە دوازدەهەمین ڕۆژی خۆیدا شاهیدی پەیوەستبوونی شار و ناوەندی زیاتر بوو بە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانەوە. لەم ڕۆژەدا لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بەتایبەت لە کوردستان، مانگرتن و ناڕەزایەتیی بازاڕ و کاسبکاران و چین و توێژەکانی دیکە لە ئارادا بوو. لە هێندێک لە شارەکانیش خەڵکی ناڕازی ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتگەرە ئەمنیەتی و سەربازییەکان بوونەوە و تێکهەڵچوون ڕوویدا.
پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان یەک حەوتوو دوای هەڕەشەکانی عەلی خامنەیی لە ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانبار دێت، کە خەڵکی ناڕازیی بە “ئاژاوەگێڕ” ناوبرد و فەرمانی بە هێزە سەرکوتگرەکان دا (کە ئاژاوەگێڕان لە جێی خۆیان دابنیشێنن). هەڵبەت هێزە بەکرێگیراو و سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەڵک هاتنە مەیدان و تەقەیان لێ کردن کە لە ئاکامدا تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ کەس لە لاوان و مێرمنداڵان گیانیان بەخت کردووە. لەم پەیوەندییەدا موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی جەللادی دەزگای قەزایی ڕژیمیش ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار لە کۆڕی هێزە بەکرێگیراوەکانی “فەراجا” و بە ئامادەبوونی سەرپاسدار ڕادان، ڕوو لە دادوەرەکان فەرمانی دەرکرد کە: “بۆ پێڕاگەیشتنی خێرا بە دۆسیەی ئاژاوەگێڕەکان، لقی تایبەت پێک بێنن و دادگایی کردنی ئەم کەسانە نابێ بۆ مانگەکانی داهاتوو دوا بکەوێت و حوکمی قورس و سەنگین دەربکەن”.
وێڕای ئەمانە، هەڕەشەکانی خامنەیی و کاربەدەستانی دیکەی کۆماری ئیسلامی دژ بە ملیۆنان کەس لە خەڵکی خەباتکار و ناڕازی لەئاست هەژاری و نەداری و برسیەتی و دژ بە دیکتاتۆری، لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراو و ناوەندە کرێکارییەکان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە لە ئێران، بە دەرکردنی ڕاگەیاندن و بەیاننامە، وێڕای مەحکوومکردنی ڕەوتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی دژ بە ناڕازییان و کوشتار و دەسبەسەرکردنیان، لە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانیان پشتیوانی و پشتگیرییان کردووە. ئەم ڕێکخراوانە لە ڕاگەیاندن و بەیاننامەکانیاندا شیکردنەوە و ڕوانگەی خۆیان سەبارەت بەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتییەکان کە تا ئێستا زیاتر لە سەد شاری گرتووەتەوە و لە حاڵی پەرەسەندندایە، دەربڕیوە.
ئاوڕێک لە ناوەرۆکی سیاسیی ڕاگەیاندن و بەیاننامە دەرکراوەکان لەم بوارەدا نیشان دەدات کە لە ڕوانگەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەوە، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری ماددی و بابەتی (عەینی) ڕەوایەتیی نەماوە و دەبێ بڕووخێندرێت. خەڵکی ناڕازیش نەبوونی مەشرووعییەتی دەسەڵاتی ئیسلامییان بە ڕوونترین شێوە لە دروشمەکانی وەک “مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی، مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ ستەمگەر چ شا بێ چ ڕێبەر، کۆماری ئیسلامیمان ناوێ، نە شا بێ نە مەلا دەسەڵات بەدەست شورا” و هیتر، دەربڕیوە. لەم پەیوەندییەدا دەکرێ ئاماژە بە بەیاننامەی ٨ ڕێکخراوی کرێکاری و مەدەنی بکرێت کە بریتین لە:
“شوورای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت، شوورای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی غیرە رەسمیی نەوت، شوورای هەماهەنگیی ناڕەزایەتییەکانی پەرستاران، یەکێتیی خانەنشینان، ئەنجومەنی بەرق و فلزی کرماشان، دەنگی ژنانی ئێران، دادخوازان و لە سێدارە مەدەن”. ئەم ٨ ڕێکخراوە لە بەشێک لە بەیاننامەکەیاندا نووسیویانە: “ئامانج لە ناڕەزایەتییەکان، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا کەمینەیەکی تاڵانچی و غارەتگەر نەتوانێت لە سەرەوەی ئیرادەی خەڵکەوە بۆ چارەنووسیان بڕیار بدات. درێژەپێدانی لێبڕاوانەی ناڕەزایەتییەکان، پەرەسەندنی مانگرتنەکان و یەکگرتوویی، زەمانەتی پێشڕەویی داخوازییەکان و وەدیهاتنی ئارەزووەکانی خەڵکە. ئەو ڕێگایەی هەڵبژێردراوە کۆتایی بە کۆیلایەتی، هەژاری، سووکایەتی و نایەکسانی دێنێت.”
لە لایەکی دیکەوە چوار ڕێکخراوی کرێکاریی دیکە (سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە، کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ کۆمەک بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکان، کرێکارانی خانەنشینی خووزستان و گرووپی یەکێتیی خانەنشینان)یش لە بەیاننامەیەکدا لە ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار، وێڕای پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا ڕایانگەیاندووە کە: “لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا کرێکاران، مامۆستایان، زەحمەتکێشانی شار و دێ، ژنان، لاوان و نەتەوە ژێردەستەکان، ڕووی ئارامی، ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی نابینن. هەژاریی ڕەها، هەڵئاوسانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و گرانیی بێسنوور هەمووی دەرەنجامی پێکهاتەی نیزامی قەیراناویی سەرمایەدارییە و کۆماری ئیسلامی نە تەنیا توانای وەڵامدانەوەی نییە، بەڵکوو هەر جۆرە هەوڵ و خەباتێکی کرێکاران و زەحمەتکێشان بە سەرکوت و کوشتار و زیندان وەڵام دەداتەوە”.
“سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتۆبووسڕانیی تاران و دەوروبەریش”، بە پشتیوانی لە ناڕەزایەتیی بەرحەقی خەڵکی بێبەش، پێداگریی کردووەتەوە کە خەڵکی ناڕازی مافی خۆیانە دژ بە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی دەسەڵات؛ هێرش بۆ سەر بژێویی گشتی؛ گەندەڵیی پێکهاتەیی و بۆشاییە چینایەتییەکان بێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە گشت نیزام و موناسباتی سەرمایەداری دەرببڕن. ڕەزا شەهابی ئەندامی چالاکی ئەم سەندیکایە داوای کردووە کە چالاکانی کرێکاری بە دەنگێکی بەرز ڕابگەیەنن کە ئێمە شانبەشانی خەڵکی بێبەش و ستەمدیتوو وەستاوین. ئەم ڕێکخراوە “چارەسەری کاری کرێکاران و زەحمەتکێشانی لە یەکگرتوویی و تەشکیلاتدا زانیوە و جەختی لەسەر ڕۆڵی مێژوویی و یەکلاکەرەوەی چینی کرێکار، بە پشت بەستن بە وشیاری، ڕێکخراوبوون و هاوپشتیی کرێکاران و بنەماڵەکانیان کردووەتەوە.
“شوورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیان”یش لە بەیاننامەیەکدا خۆی بە بەشێکی دانەبڕاو لە خەڵک ناو برد و نووسی: “ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقام و مەیدان و گەڕەکەکاندا لە ئارادایە، هاواری تووڕەیی و ڕەنجی خەڵکێکە کە ئێسقانەکانیان لەژێر باری هەژاری، هەڵاواردن، سووکایەتی و بێعەدالەتیدا ورد بووە. هەڵئاوسانی بێسنوور، لاوازبوونی لەڕادەبەدەری هێزی کڕین، وێرانبوونی پەروەردە و دەرمان، پەرەسەندنی هەژاری و ناسەقامگیری، بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتگەلێکن کە نەک لەپێناو خەڵک، بەڵکوو لەدژی ئەوان بووە. ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو نیشانیان داوە هەر کات خەڵک پەراوێز خرابن، ئازادی و دادپەروەری کراونەتە قوربانی”. ئەم شوورایە نووسیویەتی لە هەشتەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیدا شەقامەکانی ئێران شاهیدی حزووری لاوانێک بوو کە قوتابین بەڵام لە لیستی منداڵان و دەسبەسەرکراوان و گیانبەختکردوواندان. کوشتنی قوتابیان تاوان و جینایەتە دژ بە کۆمەڵگە.
سەرەڕای ئەو ڕێکخراوانەی باس کران، لە ماوەی ١٢ ڕۆژی ڕابردوودا، حیزب و ڕەوتە سیاسییە چەپ و کۆمۆنیستەکان، یەکێتیی ئازادی کرێکاران، ڕێکخراو و چالاکانی مەدەنی، پیشەیی، فەرهەنگی و مافخوازیی و زۆرێک لە چالاکانی بزووتنەوەی ژنان، “دایکانی پارکی لالە”، ناوەندی نووسەران، “یەکێتیی ڕێکخراوەکانی کامیۆنداران و شۆفێرانی کامیۆنی سەرتاسەری ئێران”، ڕێکخراوە خوێندکارییەکانی زانکۆکانی تاران، بەهەشتی، کوردستان، عەللامە، علم و سەنعەت و تەربیەت مودەڕیس و هتد، کۆمەڵێک لە پارێزەرانی دادگستری، ٨٠ کەس لە فیلمنامەنووسانی سینەما، ١٨٤ سینەماکاری ئێران، ئەنجومەنی پیشەیی دەرهێنەرانی سینەمای بەڵگەنامەیی (مستند) و … هەرکام بە بڵاوکردنەوەی ئاگاداری و بەیاننامە پشتیوانیی خۆیان لە ناڕازییان دەربڕیوە.
ڕاگەیاندنی پشتیوانی و هاوپشتی و هاتنە مەیدانی ڕێکخراوە کرێکاری و پیشەیی و مەدەنییەکان یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئێستایە کە هەلومەرجی زەینیی لەبارتر بۆ جەماوەری بوونی ناڕەزایەتییەکان وەک یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەڕەخسێنێت و توانای سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە سنووردار دەکاتەوە. ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە هەژاری و برسیەتی، هەڵاواردن و نایەکسانی و بێبەشیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە گرەوی پەرەسەندن و جەماوەری بوونی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و شکڵدان بە ڕێبەری و پەرەپێدانی ئاسۆ و ستراتیژیی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستیدایە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە