زیاتر لە حەوت مانگە جینۆسایدی حکوومەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزمی ڕێکخراوی کۆنەپەرستی حەماس بەردەوامە. ئەو دیمەنانەی کە لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە، هاوشێوەی کوشتاری نازییەکان لە ” گێتۆی وارشۆ”یە. لە گێتۆی وارشۆ کە گەورەترین گێتۆی ژێر کۆنتڕۆڵی نازییەکان لە شەڕی جیهانی دووهەمدا بوو نزیک بە سێسەد هەزار کەس، واتە کەمتر لە یەک لەسەر حەوتی دانیشتووانی غەززە تێیدا دەژیان. لە هاوینی ١٩٤٢ هێرشی بەرین لەم گێتۆیەوە دەستیپێکرد و تەنیا لەماوەی دوو مانگی هاوینی ١٩٤٣ لانیکەم ٢٥٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی بۆ کەمپی “ترێبلیکا” ڕاگوێزران و هەر لەوێش کوژران. ئێستاش هەر ئەوەندە بەسە چاوێک لە ئامارەکان بکەین تا هاوشێوەبوونیان ببینین. لە جەریانی هێرشی وەحشیانەی دەوڵەتی داگیرکەر بۆسەر کەرتی غەززە زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس لە داینشتووانی غەززە کوژراون، پتر لە ٧٠ هەزار کەس برینداربوون، زیاتر لە سی هەزار کەس بێ سەر و شوێن بوون و یان لەژێر ڕووخاوەکانی ئەم شەڕەدا نێژراون. لە ٢٦ نەخۆشخانەی غەززە ٢٢یان لەناوچوون. ١٢ زانکۆ وێران بووە و بەشێکی زۆر لە ژێرخانەکانی غەززە واتە گەورەترین زیندانی سەرئاواڵەی جیهان نابوود بوون. دەوڵەتی داگیرکەر لە جەریانی ئەم هێرشەی لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوو بێجگەلە زەوییەکی سووتاو هیچ شتێکی تری لەپاش خۆی جێنەهێشتووە. زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی لەم زەوییە سووتاوەدا دەبێ بەردەوام لە شوێنێکەوە ڕوو بکەنە شوێنێکی تر. بەرینایی جینۆساید و کۆمەڵکوژییەک کە دەوڵەتی داگیرکەر خستووەیەتە ڕێ، هاواری زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی فریاگوزاریی بەرز کردووەتەوە. ڕێکخراوی نێونەتەوەیی داکۆکی لە منداڵان” ڕایگەیاند کە بەشێوەی مامناوەند ڕۆژانە سەد و هەشتا منداڵ دەکوژرێن و ئاماری منداڵانی کوژراو لە مانگی یەکەمی هێرشی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ژمارەی هەموو ئەو منداڵانە زیاترە کە لە ساڵی ١٩٦٧ەوە هەتا ئێستا لە لێواری ڕۆژائاوا و کەرتی غەززە کوژراون. بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە “غەززە بووەتە گۆڕستانی منداڵان”. هاوکات لە پەنا پاکتاوکردن و جینۆساید لە غەززە، لێواری ڕۆژئاواش بەجۆرێکی تر بووەتە مەیدانی هێرشی گوندنشینانی یەهوودی کە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە پشتیوانییان لێدەکرێ. ڕێکخراوی غەیری دەوڵەتی “ناوەندی زانیاری مافی مرۆڤی ئیسرائیل” لە ڕاپۆرتێکدا نووسیی “ناوچەکانی لێواری ڕۆژئاوا ئیتر بوونیان نییە و دانیشتووانی لەلایەن گوندنشینە توندڕەوەکانەوە دەرکراون”. ئەم ڕێکخراوە چەندین جار داوای لە ناوەندە جیهانییەکان کردووە کە هەموو هەوڵیان دەستبەجێ بخەنە کار و بەر بەم هێرشە بگرن کە بە پشتیوانیی دەوڵەتی ئیسرائیل ئەنجام دەدرێت و بووەتە هۆی کۆچی فەلەستینییەکان.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەرتەشی داگیرکەری ئیسرائیل بە بەردەوامی شاری “ڕەفەح” بوردومان دەکات، ئەو شارەی کە زیاتر لە یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار ئاوارەی فەلەستینیی ناوچەکانی دیکەی غەززە پەنایان بۆ بردووە. بنیامین نەتانیاهۆ و فەرماندەکانی ئەرتەش ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە ئەم بۆمبارانە زەمینەی هێرشێکی بەرین بۆسەر ئەم شارەیە. بەرینایی ئەم کارەساتە هێندە خۆفناکە کە هاوپەیمانانی هەمیشەیی ئیسرائیل بەڕواڵەت داوا لە نەتانیاهۆ دەکەن کە لە هێرشی زەمینی بۆسەر ڕەفەح چاوپۆشی بکات. هەڵبەت هاوکات بەبێ ئەوەیکە بەناو “بایەخ”ەکانی لیبڕاڵ – دیموکراسییان زیانیان بەرکەوێ، بەردوام چەک بۆ ئیسرائیل دەنێرن. هەربۆیە بێگومان بەشێک لەم تاوانەی دەوڵەتی داگیرکەر وەئەستۆی دەوڵەتانی ئیمپریالیست بەتایبەت ئەمریکا و ئاڵمانە کە گرینگریتن پشتیوانی سیاسی و نیزامیی ئەم دەوڵەتەن. کاتێک بۆمبە دوو تۆنییەکانی دروستکراوی ئەمریکا بەسەر خەڵکی غەززەدا بەردەدرێنەوە، هەناردەکارانی ئەم بۆمبانە ناتوانن دەستی خوێناوییان بە فرمێسکی درۆینە کە بۆ خەڵکی برسیی غەززەی دەڕێژن، بشارنەوە.
بێگومان جیهان لەگەڵ نموونەیەکی جیاواز لە جینۆساید بەرەوڕووە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ڕەهەندەکانی جینۆساید و کۆمەڵکوژییەکان ساڵانێک دوای ڕوودانیان ئاشکرا دەبوون. بەرینایی ئاوارەیی و جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە دەیەی دووهەمی سەدەی ڕابردوو ساڵەها دواتر ئاشکرا بوو. ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵکوژیی یەهوودییەکان لە ئوردووگاکانی مەرگی نازییەکان تەنیا دوای شکستی ئەرتەشی نازی و دەربازبوونی دوایین کەسانی ئەم جینۆسایدە ئاشکرا بوو. بەڵام لەئێستادا بەهۆی بوونی پەیوەندی جیهانی و بڵاوبوونەوەی دەستبەجێی دیمەنەکانی ئەم تاوانە، ئاستی خۆفناکی پاکتاوی نەتەوەیی فەلەستینییەکان، هەستیارییەکی بەرینی لێکەوتووەتەوە.
ئەو نەوەیەی کە کۆتایی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوویان لەبیرە، یان ئەوانەی بەدواداچوون بۆ مێژووی بزووتنەوەکانی ئەو ساڵانە دەکەن، دەزانن خەبات لە دژی هێرشی سەربازیی ئیمپریالیستی ئەمریکا بۆسەر ڤێتنام چ بزووتنەوەیەکی گەورەی لە وڵاتانی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا بۆ بەرگریکردن لە خەباتی ڕزگاریبەخشی خەڵکی ڤێتنام لێکەوتەوە. هەروەک دەزانین خوێندکاران لە ناوەندی ئەو ناڕەزایەتی و بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا بوون و زانکۆکان یەکێک لە بوارە سەرەکییەکانی ئەو خەباتە بوون. لەئێستاشدا خوێندکاران لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە حاڵی وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی گەورەدان بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل. وە لەم نێوەدا، بە تایبەتی ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە ئەمریکا، ئەو وڵاتەی کە نزیکترین هاوپەیمانی حکوومەتی داگیرکەرە، دوو هێندە گرنگە. خێمە و کەمپەکان کە تەنها خوێندکاران لە زیاتر لە ١٢٠ زانکۆی ئەمریکا بەرپایان کردووە، پێش هەموو شتێک هێمای ئەو کەمپانەن کە ملیۆنان فەلەستینی لەو کاتەوە حکومەتی ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر کەرتی غەززە، تێیدا دەژین.
لە بەرامبەر ئەم بزووتنەوە هاوپشتییەدا، دەوڵەتەکان و میدیای فەرمی کەوتوونە خۆ کە گۆیا ئەم بزووتنەوەیە “دژەیەهوودی”یە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەمووان دەزانن بەشێک لە یەهوودییەکانیش لەم بزووتنەوەیەدا بەشدارن. ئەو یەهوودییانەی کە لە هەموو دەرفەتێکدا ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی پاکتاوی نەتەوەیی بەرزکردووەتەوە و لە ڕێکخەرانی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەن. کۆنگرەی فەلەستین کە بڕیار بوو لە ٢٣ی مانگی خاکەلێوە لە بەرلین بەڕێوە بچێت و لەلایەن حکوومەتی ئاڵمانەوە قەدەغە کرا، لەلایەن ئەنجومەنی “دەنگی یەهوودییەکان بۆ ئاشتی لە فەلەستین” ڕێکخرابوو. ئەوانەی کە بۆ چەندین سەدە سیاسەتی “دژەیەهوودی”یان لە ئورووپا و ئەمریکا بەڕێوەبرد و ئەنجامدەری ترسناکترین تاوانەکانی ناو کەمپەکانی نازی بوون، ئێستا شانبەشانی بکوژانی ئەمڕۆ وەستاون و بە ئاڵای کۆنە و شڕی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “دژەیەهوودی” هاتوونەتە مەیدان. سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتانە، داواکارییەکانی ئەم بزووتنەوەیە بۆ بەرگریکردن لە ئازادیی فەلەستین، لە خواستی ئاگربەست یان ناردنی باری خۆراک و دەرمان بۆ غەززە، زۆر بانترە. ئەوان هاوکات خوازیاری ئەوەن کە هەموو هاوکارییە ئابوورییەکانی ئەو زانکۆیانە لەگەڵ کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان ڕابگیرێت و لەگەڵ زانکۆکانی ئیسرائیل پەیوەندییان نەمێنێت.
ئەوەیکەی لە زانکۆ جۆراوجۆرەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕوو دەدات، نیشانەیەکی ئاشکرای هاتنە مەیدانی بزووتنەوەیەکی نوێی لاوانە کە دەیانهەوێ خۆیان لە هێژمۆنیی گوتار و کردەوەی دەوڵەت و ناوەندەکانی سەربەوان ڕزگار بکەن. ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان لە نەزمی سەردەمی شەڕی سارد و دوای شەڕی سارد ڕەها بکەن و بەرەو ئاسۆی نوێ بەرامبەر بە بەربەریەتی ئێستا هەنگاو هەڵگرن. لە ڕاستیدا تاوانەکانی ئیسرائیل و پشتیوانیی بێدەریغی دەوڵەتانی ئیمپریالیست لەم تاوانە بەستێنی ئەم بەرەنگاربوونەوەیەی فەراهەم کردووە.
پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەو خوێندکار و کچ و کوڕە لاوانەی کە لە سەرانسەری ئێران ڕۆڵی بەرچاویان لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا هەبووە و خەباتکارانی بوێری سەر شەقامەکان بوون، لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژی و جەنایەتە بێوێنەیەدا بەمجۆرە کەمتەرخەمن. نابێ بۆ ساتێک فەرامۆش بکرێت کە دیفاعی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نە لە خەڵکی فەلەستین و ڕزگاریی ئەوان بەڵکوو دیفاع لە ڕەوتێکی کۆنەپەرستە کە بە هەمان ئەندازەی کۆماری ئیسلامی دژی ژن، دژی ئازادی و دژی ئینسانە. تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە و پڕوپاگەندەکانی سەبارەت بە فەلەستین لەلایەکی دیکەوە نابێ ببێتە هۆی کەمتەرخەمبوونی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگا بەرانبەر بە چارەنووسی نەتەوەیەک. ناکرێ بۆ ئازادی خەبات بکەین و چاومان لەسەر خنکاندنی ئازادی لە وڵاتێکی نزیک لە خۆمان ببەستین. ئەوانەی کە بۆ بەناو “تەنیا دیموکراسی”ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەبلیغاتێکی بەرینیان خستووەتە ڕێ، ئەوانەی کە بزووتنەوەی ئێستا فریوکارانە بە بزووتنەوەی دیفاع لە حەماس پێناسە دەکەن، دەبێ پێیان بوترێ کە دیموکراسیی ئیسرائیل هەر ئەم جەنایەتانەیە کە سات لە دوای سات لەبەرچاوی هەمووان بەڕێوەی دەبات. ئەمە بزووتنەوەی بەرگریکردن لە مافی ژیان و بەرگریکردن لە مەوجوودیەتی مرۆڤی فەلەستینە کە هیچ پەیوەندییەکی بە حەماسەوە نییە. حەق بەوانەیە کە لەسەر دیواری زانکۆکانی کانەدا نووسییان “فەلەستین پێویستی بە شۆڕشە، حەماس ڕێگاچارە نییە”. پێویستە لەدژی کۆماری ئیسلامی خەبات بکەین و لە خەباتی ڕەوای خەڵکی فەلەستینیش بەرگری بکەین. وە ئەمەش بێگومان بەستێنێکی گرینگە بۆ گەشەپێدانی ئاسۆی شۆڕش لە ئێران.