فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پلانی ترامپ، کردنەوەی سەرلەنوێی دەروازەکانی جەحەنەم بەڕووی غەززەدایە
دوشەممە ۲۹-۱۱-۱۴۰۳   |  17-02-2025

دوای ئەوەیکە دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە نەتانیاهۆ کرد واتە ئەو کەسەی بەخاتری تاوانی شەڕ لە غەززە حوکمی دەستبەسەرکردنی لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە دەرکراوە، و بۆ ڕێزگرتن لەم جەنایەتکارە ڕایگەیاند: “ئێمە کەرتی غەززە دەگرینە ئیختیار، لەسەر ئەوێ کار دەکەین و دەست بەسەر ئەم ناوچەیەدا دەگرین”، ئەمجارە  مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چووە ئیسرائیل تا لە نزیکەوە پێداویستییەکانی جێبەجێ کردنی پلانی پاکتاوی نەژادی هەڵسەنگێنێت. نەتانیاهۆ دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕووبیۆ لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵنێریدا لە ئۆرشەلیم ڕایگەیاند: “ئێمە سەبارەت بە ئاسۆی جەسوورانەی ترامپ بۆ داهاتووی غەززە گفتوگۆمان کرد و بۆ وەدیهاتنی ئەم ئاسۆیە هاوکاری دەکەین”. ناوبراو تەئکیدی کرد کە “ئێمە ستراتێژییەکی هاوبەشمان هەیە، بەڵام هەمیشە ناتوانین وردەکاریی ئەم ستراتێژییە بۆ ڕای گشتی باس بکەین”. هەروەها مارکۆ ڕووبیۆ بەرگری لە پلانەکەی ترامپ کرد و بە بوێرانە و پێشکەوتنخوازانە وەسفی کرد.

گەڵاڵەی بێشەرمانە و داگیرکەرانەی ترامپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە و گۆڕینی بۆ “ڕیڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” درێژەپێدانی جینۆسایدی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل دژبە خەڵکی فەلەستین بە پشتوانیی ئەمریکا و هاوبەشە ئورووپاییەکانی لەم کەرتەیە. ئەم پلانە کە لەلایەن ڕای گشتی جیهانەوە وەک پلانێک بۆ پاکتاوی نەژادی مەحکووم کراوە، هەتا ئێستا ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززەی خستووەتە مەترسییەوە و دەستی حکوومەتی نەتانیاهۆی بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە تاوانێک لە غەززە ئاواڵە کردووە. بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە بڕیار بوو بۆ قۆناغی دووهەم، لە شازدەهەمین ڕۆژی ئاگربەستدا، گفتوگۆ بۆ ئازادکردنی باقیی بەدیلگیراوان، پاشەکشەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و “ئارامیی پایەدار” دەستپێبکات و قۆناغی سێهەم و کۆتاییش ئاوەدانکردنەوەی غەززە و هەروەها گەڕاندنەوەی بەدیلگیراوانێک کە کوژراون لەخۆبگرێت. ئەگەرچی لە ١٨ی ژانویەوە هەتا ئێستا نزیک بە یەک مانگ لە دەستپێکی ئاگربەست و دوو هەفتە لە ماوەی دیاریکراو تێپەڕیوە، بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیل هێستا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی قۆناغی دووهەم گفتوگۆی نەکردووە و لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە لە شەش هەفتەی یەکەمدا بەردەوام ڕێگری دەکات. بەپێی هێندێک لە ڕاپۆرتەکان، دەوڵەتی ئیسرائیل داوای کردووە کە شەش کەس لە دیلەکان کە قەرارە کۆتایی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە واتە دوو هەفتەی داهاتوو ئازاد بکرێن، هەر هەموویان ڕۆژی شەممە ٢٢ی مانگی فێوریەی ئازاد بکرێن. نەتانیاهۆ کە بۆ مانەوەی حکوومەتە هاوپەیمانییەکەی لە دەسەڵاتی سیاسیدا پشت بە پارتی ئایینی ڕاستڕەوی سموتریچ دەبەستێت، تا ئێستا لە ترسی ڕووخانی حکوومەت ڕێگری لە دەستپێکردنی خولی دووەمی دانوستانەکان کردووە.

بێزالێل سموتریچ کە وەزیری دارایی حکوومەتی نەتانیاهۆیە شەوی شەممە ١٥ی فێوریە هیوای خواست پرۆسەی گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە کە ترامپ پشتیوانی لێدەکات بەم زووانە دەست پێبکات. گوتیشی پێشبینی دەکات ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکانەوە جێبەجێ بکرێت. کەوابوو بەدەر لەوەیکەی پلانی پاکتاوی نەژادیی ترامپ بۆ غەززە بەهۆی دژایەتیی دەوڵەتانی میسر و ئۆردۆن کە قەرارە خەڵکی غەززە بۆ ئەوێ بگوازرێنەوە، تا چ ئاستێک دەتوانێ جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەم پلانە هەتا ئێستاش دەست و باڵی فاشیستە دەسەڵاتدارەکانی ئیسرائیلی بۆ درێژەدانی تاوانی شەڕ و جینۆساید لە غەززە ئاواڵە کردووە. لە ڕاستیدا ترامپ بەم پلانە جارێکی تر دەروازەکانی جەحەنەمی بەڕووی خەڵکی غەززەدا کردووەتەوە.

بەپێی پلانەکەی ترامپ کە نەتانیاهۆ بۆ وەدیهێنانی ئامادەبوونی ڕاگەیاندووە، گفتوگۆ بۆ چوونە ناو قۆناغی دووهەمی ئاگربەست واتە پاشەکشەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و “ئارامیی پایەدار” و هەروەها قۆناغی سێهەم و کۆتایی کە نۆژنکردنەوەی غەززە لەخۆدەگرێت بەتەواوی دەخرێتە لاوە و لەجیاتی ئاوەدانکردنەوەی غەززە، چۆنیەتیی دەرکردنی خەڵکی فەلەستین لە غەززە دەبێتە بابەتی سەرەکی. بێگومان پلانی پاکتاوی نەژادی ترامپ شکست دەهێنێت بەهۆی موقاومەت و خۆڕاگریی خەڵکی فەلەستین لە غەززە و نیگەرانی حکوومەتی میسر و ئوردن و حکوومەتەکانی تری ناوچەکە لەدەرئەنجامە سیاسییەکانی بەشداری و هاوکاری لە جێبەجێکردنی ئەو پلانەدا. بەڵام بەم حاڵەشەوە نابێ دەستپێکی شەپۆلێکی دیکە لە تاوانی شەڕ و کۆمەڵکوژی لە غەززە لەبەرچاو نەگیرێت. وەزیری دارایی ئیسرائیل لە گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لەژێر فشاری بۆمبارانی قورسدا زۆربەی  هەرەزۆری فەلەستینییەکان خۆیان غەززە جێدەهێنڵن، بەڵام کێشەی سەرەکی ئیسرائیل دۆزینەوەی ئەو وڵاتانەیە کە ئامادەبن دوو ملیۆن فەلەستینی قبوڵ بکەن.

ئیدارەی ترامپ بە ناردنی بۆمبی ٩٠٧ کیلۆگرامی MK-84 بۆ ئیسرائیل (کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا بەهۆی توانای وێرانکاری زۆریانەوە قەدەغە کرابوون)، ئامرازی بەردەوامی جینۆساید و بۆمبارانی قورسی بۆ حکوومەتی ئیسرائیل دابین کردووە. وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی فێوریەی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند “ئەو بارەی کە ئەمشەو هاتە ناو ئیسرائیل و لەلایەن ئیدارەی ترامپەوە ئازاد کرا، بە سەرمایەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ هێزی ئاسمانی و ئەرتەشی ئیسرائیل. وە بۆ جارێکی دیکە هاوپەیمانێتیی بەهێزی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا نیشان دەدات.”. حکوومەتەکانی میسر و ئوردن و حکوومەتە عەرەبییەکانی تری ناوچەکە ئەگەری زۆرە لەژێر فشارەکاندا و بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکەی دەوڵەتی ترامپ بۆ غەززە، گرووپی ئیسلامیی حەماس بخەنە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی ئیدارە و بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە ڕادەستی ڕێکخراوی فەتح بکات و حەماسیش چارەیەکی بێجگەلە قەبووڵکردنی نەبێت.

ئەگەرچی خەڵکی غەززە کەوتوونەتە ژێر هەڕەشە و فشاری دەوڵەتانی فاشیستی ئیسرائیل و ئەمریکاوە و نەتەوەی فەلەستین لە نێوان ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیل، غەززە، لێواری ڕۆژئاوا، کەمپی ئاوارەکان لە ئۆردۆن و شوێنەکانی دیکەدا لەت لەت بووە، بەڵام هیوای پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و هیوا بۆ ڕزگاریی ڕاستەقینە هێستاش هەر زیندووە. تەنیا درێژەدان بە بزووتنەوەی جیهانی دژبە جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل و بۆ بەرگریکردن لە ئازادیی فەلەستین دەتوانێ هاوسەنگی هێز بە قازانجی ئەم میللەتە چەوساوە بگۆڕێت و پلانی پاکتاوی نەژادیی ترامپ ڕسوا بکات و شکستی پێبهێنێت و ئاسۆیەکی ئومێدبەخش بەڕووی خەڵکی ئەم ناوچەیەدا بکاتەوە. بزووتنەوەی بەرگری لە ئاشتی و ئازادی لە فەلەستین بەرپرسیارێتی قورسی کەوتووەتە سەر شانی. چونکە ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەبێ کۆتایی هێنانی یەکجاری بە گەمارۆی ئەم کەرتە مومکین نییە. چونکە ئەو سیستمەی کە تێیدا تاوانبارانی شەڕ و بڕیاردەرانی جینۆساید لە سزا دەرباز دەبن، هێستاش بەسەر جیهاندا زاڵە.